لە شەش مانگی ناوەڕاستی 2020 لە سنووری پارێزگای هەولێر، پۆلیس توانیویەتی ئەنجامدەرانی 93٪ی تاوانەکان ئاشکرابکات، ئەمەش لە مێژووی پۆلیسی پارێزگاکەدا وێنەی نەبووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاکە توانیویەتی، لەکۆی 5992 تاوانی تۆمارکراو، ئەنجامدەری 5568 تاوان ئاشکرا بکات، کە دەکاتە ڕێژەی 93٪ی تاوانی ئاشکراکراو، ئەو 7٪ی ماویشە، کەیسەکانیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدان. هەر لەو شەش مانگەدا 655 تۆمەتبار دەستگیرکراون.
دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێ لە ماوەی شەش مانگدا توانیومانە 655 تۆمەتبار دەستگیربکەین، کە لە چەندین باندی وەکو باندی دزی و کوشتن پێکهاتبوون و بەشێکیان تاوانەکانی دیکەیان لە شار ئەنجامدابوو. چەند تۆمەتبار هەبوون ساڵانی پێشوو فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە لە 2014، 2015، 2016 و 2017 هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای #هەولێر# ئەمساڵ ئەو تۆمەتبارانەیان دەستگیرکردووە.
هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لەپاڵ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزییەکان، چاوپۆشیان لە هیچ تاوان و تۆمەتبارێک نەکردووە، ئەم ئامارانەش لە مێژووی پۆلیسی هەولێردا وێنەیان نەبووە، دڵنیاییش دەدرێت کە هێزە ئەمنییەکان لە هەموو بارودۆخێکدا بەردەوام دەبن، لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان.
لەو ماوەیەدا هاووڵاتیان هاوکارێکی باشی دەزگا ئەمنییەکانیان کردووە لە دۆزینەوەی تۆمەتباران و زانیارییەکانیان بوونەتە مایەی ئاشکراکردنی تاوانەکان، چونکە بەگوتەی هێزە ئەمنییەکان، چاوکراوەیی دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆمەتباران بە تەنها، بەس نییە.[1]