دابەشبوونی جوگرافی پێکهاتە کانزاییەکان و هەرێمە گەورەکانی کانزاکاری لەجیهاندا
ئەگەر دەرامەتە کانزاییەکانی جیهان وەک کۆمەڵەیەک وەربگرین دەبینین بەفراوانی بڵاوبۆتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و گونجاو دابەش نەبون، هەرێمێک نیە لەجیهاندا هەموو کانزاکانی تێدابێت، هەتا ئەگەر بەبڕێکی کەمیش بێت. دابەشبوونی ڕاستەقینەی دەرامەتە کانزاییەکان ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە جیۆلۆجیەیە کەزەوی پێیدا تێپەڕیوە، مێژووی جیۆلۆجی هەر هەرێمێک کلیلی زانیاری ئەو جۆرە کانزاییانەیە کەتێیدایە، بۆ نمونە ئەو ناوچانەی تاوێری نیشتەنی تێدایە ئەگەری ئەوەی هەیە سەرچاوەی سوتەمەنی وەکو خەڵووز و نەوت وگازی سروشتی هەبێت، هەروەها سەرچاوەی تری وەکوو فۆسفات، گۆگرد، خوێ وگەچی تێدابێت، هەروەها لەناوچەی پێکهاتەی نیشتەنی کانزایتریش هەیە وەکو زێڕ وپلاتین، هەرچەندە لەبنەڕەتدا ئەم کانزایانە پەیوەستن بەتاوێری ئاگرینەوە، بونیان زۆرتر بڵاوە لەو ناوچانەی کەتاوێری ئاگرین وگۆڕاویان تێدایە.
بەپێی بنەمای جۆراوجۆریەتی لەبەرهەمە کانزاییەکان وزۆری ناوچەکانی کانزاکاری وبەرزی بەرهەم لەکانزاکانەوە، دەتوانین دوو ناوچەی سەرەکی لەجیهاندا دیاری بکەین کەئەم نیشانانەیان تێدایە.
◻️پشتێنەی یەکەم:- درێژ دەبێتەوە لەباکوری ئەمریکای باکوور، لەناوەڕاستی ئالاسکا و باکوور و ناوەڕاستی کەنداوە بەرەو باشوری مەکسیک ئەم پشتێنەیە ژمارەیەکی زۆر کانزای تێدایە گرنگترینیان نەوت، گازی سروشتی، خەڵووز، ئاسن، گۆگرد، پۆتاسیۆم، خوێ، لە هەندێک ناوچەشدا قوڕقوشم وزنک وزێڕ هەیە.
◻️پشتێنەی دووەم:- ئەمە پشتێنەی سەرەکی کانزاکارییە لەجیهاندا، لەئۆراسیا ودوورگەکانی بەریتانیا و نیمچەدوورگەی ئیبیریا لەرۆژئاواوە درێژ دەبێتەوە هەتا ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی سیبریا، ڕۆژئاوای ئەورووپا کانزای گرنگی تێدایە لەپێش هەموویانەوە خەڵووز، ئاسن، بۆکسایت، خوێ وپۆتاسیۆم، بەڵام ئەم ناوچەیە پشت بە هاوردەکردنی مس، قوڕقوشم، زنک وزۆربەی داڕشتەکانی ئاسن دەبەستێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ئەم پشتێنەیە دەوڵەتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕووسیا هەمان ئەو کانزایانەی تێدان کەلە ڕۆژئاوای ئەوروپا هەیە، بەڵام نەوت، گازی سروشتی، مەنگەنیز، یۆڕانیۆم وژمارەیەک داڕشتەو کانزایتر هەیە، بۆیە دەبینین ڕوسیا کەمتر پشت بەکانزای بیانی دەبەستێت بەبەراورد بەڕۆژئاوای ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان.
سەرباری ئەو دوو پشتێنەیە پشتێنەی سێییەمی کانزاکاری هەیە، لەباشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کەهندستان، چین، ژاپۆن، مەلایۆ ئەندەنووسیا دەگرێتەوە، سێ دەوڵەتی یەکەم خەڵووز و ئاسنیان هەیە، سەرباری ژمارەیەک کانزای داڕشتە، ئەندەنووسیا و مەلایۆ تەنەکە دەردەهێنن هەناردەی دەرەوەی دەکەن، هندستان مەنگەنیز هەناردە دەکات و ئەندەنووسیاش نەوت، مەلایۆ وفلیپین ئاسنی خاو هەناردەی یابان دەکەن، ئەمە سەرباری کڕۆم کەفیلیپین هەناردەی دەکات، تەنگستن چین هەناردەی دەکات، چەند ناوچەیەکی تری کانزاکاری گرنگ هەیە لەجیهاندا کەهەریەکەیان کانزایەکی دیاریکراویان هەیە و بەرهەمی دەهێنن ولەسەر ئاستێکی فراوان هەناردەی دەکەن وەک جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەئێستادا ئەم ناوچانە گرنگترین ناوچەی بەرهەمهێنان وهەناردەکردنی نەوتن لەجیهاندا، هەروەها نەوتی ناوچەی کاریبی بەتایبەت ڤەنزوێلا، مس ونیترات لەچیللی، مس وڤانادیۆم وئەنتیمۆنی پیرۆ، تەنەکە وئەنتیمۆن وتەنگستنی پۆلیڤیا، ئاسن ومەنگەنیز وبۆکسایتی بەڕازیل، قوڕقوشم وزنکی ئوسترالیا، لەجیهانی عەرەب وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کانزایتری گرنگ هەیە جگە لە نەوت، وەک فۆسفاتی میسر وتونس ومەغریب، کرۆمی تورکیا، ئاسنی جەزائیر، لەباشووری ئەفریقاش زێڕ، ئەڵماس، کرۆم، سەرباری پلاتین وئەنتیمۆن وڤادیۆم.
سەرچاوە: کتێبی جوگرافیای دەرامەتە سروشتییەکان، د.هاوڕێ یاسین محەمەدئەمین.[1]