دەقی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/10/8 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی، بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو، کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا، لە پێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیجی.
لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا د.ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتی خستەڕوو سەبارەت بە کێشەی کوالێتی بەنزین وسووتەمەنی هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پەسەندکران، لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سووتەمەنیەکان، لەسەر تاسەری هەرێم، هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سووتەمەنی لە هەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین وپێداویستیەکانی و ڕاسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی، بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی سووتەمەنی هاوردەکراو، لە دەروازە سنوورییەکان و لە ناو عەمبارەکانی گلدانەوەی سووتەمەنی و بەنزینخانەکان و ڕێگرتن لەو کەسانەی، کە ماددەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست، کە دەرئەنجامی نەرێنی و خراپی هەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای لێکەوتە داراییەکانی. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی سووتەمەنی، بە مەرجێک ئەم ڕێکارانە کاریگەری نەبێ لەسەر زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی بەکاربەر.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، هێڵەگشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی هزریی (حماية الملکية الفکرية) خستەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی هزری لە بوارە جیاجیاکانی هونەریی، ئەدەبی، زانستی، بازرگانی و پیشەسازیی، لە پێناوی هاندانی بزاڤی هونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن. لیژنەی قانونی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردرا، پەلە بکات لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکە و ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات تا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ئەم یاسایەش ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری و هاندانی کۆمپانیاکان بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن مافە هزرییەکان، هەروەها ڕێگرتن لە هەر دەستدرێژیی وپێشێلکارییەک لەسەر ئەم مافانە و بەرگرتن لە تەقلیدکردن و ساختەکردنی بەرهەمەکان و کێبڕکێی ناڕەوا.[1]