ئەنتۆلۆژیای شیعری ژنانی کوردستان #Poèmes kurdes au féminin#
شیعر و داهێنانی ژنانی کوردستان هیچی لە هی ژنانی جیهان کەمتر نییە
#نەزەند بەگیخانی# ڕایگەیاند، دەزگای فەرەنسی هارماتان و بەشی نەتەوە و کولتوور و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات خۆشحاڵن بە چاپکردن و بڵاوبوونەوەی ئەنتۆلۆژیای شیعری ژنانی کوردستان بە زمانی فەرەنسی، ئاشکراشی کرد، ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە شیعری (30) ژنە شاعیر لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان، شیعرەکان دوای بانگەوازێکی کراوە لە ڕێگەی کەنالەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە لەلایەن شاعیری کورد د. #ئەحمەدی مەلا#وە کۆکراونەتەوە و وەرگێڕانیان بۆ کراوە.
شاعیری فەرەنسی نیکۆل باریێر، پێشەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە و نووسەر ژێرار شالیان هەڵیسەنگاندووە، پڕۆژەکە لە ژێر سەرپەرشتی شاعیر د. نەزەند بەگیخانی، وەک بەڕێوەبەری بەشی 'نەتەوە و کولتوور و ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات' لە دەزگای هارماتان جێبەجێ کراوە.
نەزەند بەگیخانی، لەبارەی چاپکردنی ئەم ئەنتۆلۆژیایە لە بەشەکەی ئەودا لە هارماتان گوتی: 'کارەکەی من وەک بەڕێوەبەری ئەم زنجیرە کتێبە لە دەزگای هارماتان خۆبەخشییە و هەوڵ دەدەم بەوپەڕی ئەمانەتی و مۆرالییەوە لە خزمەتی و کولتوور و زمانانی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی بۆ کوردستان بەکاری بهێنم.
گوتیشی: من تەنیا سەرپەرشتیار و کارئاسانی دەکەم، کاری گەورە و ستایشلێنراو نووسەر و وەرگێڕەکان دەیکەن، کە لێرەوە سوپاسیان دەکەم، ناساندنی ئەدەبیاتی ئەم دەڤەرە بە خوێنەرانی فەرەنسا زۆر گرنگە و لەم بارەیەوە بۆشاییەکی گەورە هەیە، هەوڵ دەدەم ئەم کەلێنە پڕ بکەمەوە و دەنگە شاراوە و بێدەنگکراوەکان بە جیهان بگەیەنم.
نەزەند بەگیخانی ئاماژەی بەوە کرد، شیعر و داهێنانی ژنانی کوردستان هیچی لە هی ژنانی جیهان کەمتر نییە، بەڵام ئەوان نەک هەر دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە لە جیهانی دەرەوە بناسرێن، بەڵکو لە کوردستانیش لەناو کایەی ڕۆشنبیریی پیاوسالارانەدا وەکو پێویست نەخوێندراونەتەوە.'
لەبارەی ئەم ئەنتۆلۆژیایە، ئەحمەدی مەلا گوتی: 'ئەم هەڵمەتە ئەدەبییە وەکو هێڵی هاوتەریب لەپاڵ کچانی ڕۆژئاوا هاتووەتە پێشەوە، کە بەدڵ و بە گیان بەرگرییان لە خاک و ئاوی خۆیان کرد.[1]