ڕەنگ لەدیدی نالی دا
ڕێبین ئەحمەد ڕەشید
بە گوێرەی بیرکردنەوەی نالی سەرلەبەری ئەم جیهانە لەسەرەتایەوە بۆ کۆتاییەکەی شیعرێکی زۆر بەرزە کە خودا خۆی گوتویەتی. هەموو بوون تێکڕا وشە و پیتەکانی ئەو شیعرە ئەزەلییەی ئەون. تا کاتێک لای خودان ئەو پیت و وشانە بێڕەنگ و بێ مانا دەردەکەون. وێنەیەکی دەرەکییان نییە، چونکە جیهانەکە جیهانی بێ وێنە و بێ فۆڕمە. بەڵام کاتێک ئەم پیتانە دادەبەزن نزول دەکەن و تەنزیل دەبن-بە سیغەی موزاریع چونکە ئایاتی خودا بەردەوامن لە نزوول ئیدی دەبنە ڕەنگدانەوەی جیهانی وێنە، بەتەنها تەنها قورئان نابێتە قسەی ئەو بەڵکو پێش قورئان هەموو گەردوون قسەی ئەون، بەڵام وشە و پیتەکان تاکاتێک لای خودی خۆین بێڕەنگ و بێ فۆڕمن، کە دەگەنە لای ئێمە بۆ عالەمی مەحسوسات ئیدی ڕەنگ و وێنەیان بۆ دروست دەبێت، دەقیق وەک ئەو تیشکە سپییەی کە بەنێو ئاوێزەدا دەڕوات و دەبێتە حەوت ڕەنگەکەی شەبەنگ:
ڕەنگی نییە ڕوخسارەیی ڕەنگین و لەتیفی
ڕۆشن بووە ئەم نوکتە سەباتی لە بەسەردایا
یەک ڕەنگم و بێڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ
بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقی
دابەزین و تەنزیل بە واتای دروستبوونی وێنە دێت، نەوەک وەک ئەوەی وەهابییە زاهیر بینەکان دەیڵێن و تێیدا دەکەونە پارادۆکسی ئەوەی خودا لە بەرزاییەک دانیشتبێت و ئێمە لە نزمایی و ئایاتی خۆیمان بۆ دابەزێنێت، نەخێر ئەم جۆرە لەگەڵ بێگەردی و تەنزیهی بوونی زاتی خودادا یەک ناگرێتەوە. لە دیدی نالیدا هەموو جیهانی ڕنگ و وێنەو و مەحسوسات، ڕەنگ و سەرچاوەکەیان ناوێنە و بێ فۆڕمیی خودایە، دابەزینی ئایاتی خودا هەر ئەم مانایەی هەیە لای نالی و دەقیقترین تەفسیریشە بۆی:
لە عەکسی زاتی بێڕەنگت هەتا کەی دیدە ڕەنگین بێ،
جونوونی لەیل و مەیلی نەقشبەندی عەکسی ئەسما بێ؟!
مەگەر هەر یاری نەقشینم ببێتە نەقشبەندی دڵ
کە نەقشی غەیری ڕەنگی ئەو بە ئاوی دیدە شۆرابێ
نالی زۆر بە وریایی لە شیعرەکانیدا ڕەنگ تەوزیف دەکات. جیهانی بێڕەنگ و بێ وێنە زۆرترین کاریان لەسەر کراوە لای نالی. جیهانی بێ شێوە هەمان سروشتی ئەو هەوایەی هەیە کە لە دەمی مرۆڤ دێتە دەرەوە، سەرتا بێ وێنە و بێ فۆرمە، بەڵام کاتێک بەناو شمشاێک یا نایەکدا دەڕوات ئیدی شێوە دەگرێ جا فۆرمەکە تەڕەب و شاد بێت یا حەزین و سارد، هەواکە هەمان هەوایە، کاتێک خودا فو دەکات بە شمشاڵی بووندا ئیدی ئێمە و جیهانی ڕەنگ و فۆرم و وێنە دروستدەبین، بەڵام نەفەسی ئەو لە بنەڕەتدا بێڕەنگ و بێ شێوەیە:
کە دیتم شەکڵی سەد ڕەنگی وتم بابایی عەییارە
کەبیستم لەفزی بێدەگی وتم شەیپوری شاپوورەیان
هەتا لەویاری دەسازە جودا مام
وەکو نەی بێنەوا کەوتووم و بێدەنگ
بادی سەبا، نوور و ئاو لای شاعیران و بەتایبەتیش نالی هەر لەبەر ئەم بێڕەنگییەیە خۆشەویست و دڵنشینن، جیهانی بێڕەنگ و بێ وێنەیان بەبیر دەهێنێتەوە:
هات زەمزەمەیی بولبول و ئاوازەیی قومری
هات بادی سەبا، دێن و دەچن عەرعەر و بانات[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!