جولەکە نەما خێر و بەرەکەت نەما
#نیزام فەیسەڵ#
ئەگەر زەین بدەینە مێژووی بەمدواییەی پێکەوەژیان لە کوردستان؛ دەبینین تا ساڵی 1948 جولەکە پێکهاتەیەکی زیندو و زیرەک و بەرهەمهێن و ئاشتیخواز بوون، لە شارەکان و هەندێ لە گوندەکان؛ ژنان بە کۆفی و کراس و کەوێ و پیاوەکانیشیان بە کورتەک و شەرواڵی مورادخانی کوردەوارییان ڕەنگین کردبوو.
ڕۆژی #29-01-2022# کەناڵی DW ی ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێکدا؛ لە پۆڵەندا دارێکی گەورەی پیشاندا کە تەمەنی زیاتر لە دووسەد ساڵ دەبوو، ناوەوەی دارەکە کلۆر بوو ژن و منداڵی جولەکەکان لەترسی نازیەکان لەکاتی کۆمەڵکوژی هۆڵۆکۆست وەک شوێنی خۆشاردنەوە بەکاریان هێنابوو، دواتر کۆمەڵێک ژێر زەمینی کۆنی پیشاندا کە وەک کونە فیراری جارانی گوندەکانی خۆمان بوو، ڕاپۆرتەکە چیڕۆکێکی لەیەکچوو بوو لەگەڵ چەوسانەوەی ئێمەی کورد بەدەست بەعسەوە.
عەزیزی مەلای ڕەش لە کتێبی (خورجەیەک لە فۆلکلۆری دەشتی #هەولێر#- ل497)؛ لە باسی تەمەنی منداڵی خۆی لە گوندی چەغەمیرە- شارەدێی #دیبەگە#- شارۆچکەی #مەخموور#، باسی زیرەکی و لێهاتوویی و دراوسێیەتی سێ ماڵە جولەکەی گوندەکەیان دەکات، دەگێڕتەوە؛ سێ ماڵە جو لەو گوندە هەبووە بەناوەکانی مام عیمران و ڕەحمان و سەلمان، کە بە کەر کوتاڵفرۆشیان کردووە، مامۆستا هەندێ لە نەریتی نەشیاوی ئەو زەمانی موسڵمانان بەرامبەر بە جولەکەکانی هەولێر و گوندەکەیان سەرکۆنە دەکات.
خوالێخۆشبوو مام حاجی عەوڵای کێخوا خدر (مامی باوکم) بە تاسە و تامەزرۆوە سەربردەی ئەو سەردەمەی دەگێڕایەوە کە لە گوندی دۆرەزە- شارەدێی #قوشتەپە#- شارۆچکەی دەشتی هەولێر؛ لەگەڵ ماڵی ئەلیاس- ی جولەکە پەیوەندی دراوسێیەتیان خۆش بووەو وەک یەکماڵ و یەک خێزان و بێ جیاوازیی ژیاون، باسی شلۆما و دانیال و بنیامین-ی دەکرد کە کاری خم و عەتارییان کردووە و هەندێکیشیان جەرەبیان هەبووە، مام حاجی ئەوەشی لەبیر بوو لە گوندی #قوڵتەپە# ماڵی مۆشێ-ی جولەکەی لێبووە و لەکاتی دروونە گیشەری بۆ ماڵەکانی گوندی کردووە.
مام حاجی عەوڵای ڕەحمەتی کە پیاوێکی دینداری خواناس بوو، وەسفی جولەکەکانی بە دەستپاکی و دڵسۆزی دەکرد و بەردەوام دەیگوت: خوا دەزانی ئەمان قەناعم وایە جولەکە نەما خێرو بەرەکەت نەما
ئەمنیش هەندێجار بە کوڕیژگەکانم دەڵێم: ئێوە وەک موسڵمان، ئەگەر خۆراکێک، کۆمەک و پیتاکێکتان هەبوو، ئێزیدیەکی لێقەوماو یان مەسیحیەکی ئاوارەی دەشتی نەینەوا-تان بینی، بەسەر هاوئایینەکانتان بازبدەن و دیاری و خێراتەکەتان پێشکەشی لێقەوماوانی جولەکە، فەڵە، یان ئێزیدیەکە بکەن و پەیامی ئایینی و مرۆڤایەتیتان ئاوها بگەیەنن. [1]