نووسەر: #کنێر عەبدوڵڵا#
فەلسەفەی سەرهەڵدانی ڕۆژی 8ی مارس هەڵقوڵاوی خەم و مەسەلەیەکە و لە بیروباوڕ و فکرێکەوە سەرچاوەی گرتووە کە بە دیوێکدا پەیوەندیدارە بە ژنانەوە؛ وەک ڕەگەز لە ڕووی ئەو ناداپەروەری، بێ بەهاکردنی مرۆڤ، جیاکاری و جیاوازیکردنەی بەهۆی ژنبونییەوە ڕووبەڕووی دەبیێتەوە؛ بۆیە لە بەرانبەر سەندنەوەی مافی ڕەوای خۆیان؛ وەک ڕەگەز هەڵوەستە دەکەن و 8ی مارس دێتە بوون، وە بەدیوێکی دیکەشدا هاتنەکایەوەی ئەو ڕۆژە خوێندنەوەی عەقڵی خاوەن کار و سەرمایەداران دەخاتەڕوو لە بەرامبەر خاوەن دەستی کار و چینی کرێکاردا؛ بۆیە لەم ڕوەوە دەرئەنجام خەبات و هەوڵەکانی ژنان نیشاندانی ئیرادە و توانا و ملکەچنەکردنە؛ لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی بە دوور لە جیاکاریکردن لە نێوان مرۆڤەکاندا.
ساڵی 1857ی.ز. ژنە کرێکارەکانی کارگەی چنین لە شاری (نیۆیۆرک - ئەمریکا) بە هۆی زۆری کاتی کار و کەمی مووچەیان، مانیان گرت و ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام بەهۆی مانەوەی سەختی دۆخەکەیان وەک خۆی دوای 50 ساڵ ژنانی ئەم کارگەیه لە 8ی مارسی ساڵی 1908دا سەرلەنوێ دەستیان بە مانگرتن کردەوە، بەڵام بەرپرسانی کارگەکە، ژنانی ناڕازی و مانگرتووی ناو کارگەکەیان دەست بەسەرکرد و دواتر گڕی تێبەردرا. دەرئەنجام لە 129 کرێکاری ژندا تەنها چەند کەسێک بە زیندوویی مانەوە و ئەوانی دیکە لە ناو ئاگرەکەدا دەسووتێن و دەبنە قوربانی.
ساڵی 1909دا نزیکەی دوو هەزار ژنی ناڕازی بە دروشمی (مافی دەنگدان بۆ ژنان) داوای دیاریکردنی ڕۆژێکیان کرد بە ناوی (ڕۆژی ژنان) وە ساڵی 1910 لە دووهەمین کۆنفرانسی (ژنانی سۆسیالیست) بە سەرپەرشتی (کلارا زتکین) داوای دیاریکردنی ڕۆژی ژنانیان کرد. لەو کۆنفرانسەدا 100 ژنی چالاک لە 17 وڵات بەشداربوون و هەر لەوێدا (کلارا زتکین) داوای کەمکردنەوەی کاتەکانی کاری کرد بۆ 8 کاژێر لە ڕۆژێکدا، هەروەها پێویستی پشووی بۆ ژنان خستەڕوو لە کاتی منداڵبوونیدا، وە بە هەمان ئامانج لە 19ی مارسی ساڵی 1911دا، وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، نەمسا، دانیمارک و سویسرا، ژنان و پیاوان دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد، هەروەها لە ساڵەکانی 1915ژنانی 12 وڵات لە هۆڵەندا دژ بە شەڕی یەکەمی جیهانی ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ساڵی 1917 بە دروشمی (نان و ئاشتی) ژنانی کرێکاری ڕووس لە سەر شەقامەکان خۆپیشاندانیان کرد و مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند، هەروەها ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1977دا، 8ی مارسیان وەک ڕۆژی جیهانی ژنان ناساند، وە یەکێتی سۆڤییەت پاش 4 ڕۆژ مافی دەنگدانی ژنانی بە ڕەسمی ناساند.
ئەو مێژووە بووە هۆی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە لە هەموو ساڵێکدا، زەنگێکە بۆ ئەوەی ژن بوونی هەبێت، خۆی بناسێت و داوای مافەکانی خۆی بکات و لەپێناو پاراستنی کەرامەت و کەسایەتی خۆیدا بجەنگێ وەک مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، و وەک توانا و لێهاتوویی و شارەزایی خۆی، هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، خاوەن ئیرادە و سەربەخۆیی خۆی بێت لە بڕیارداندا، بڕیاردەربێت نەک بڕیار بۆدراو، هاوبەش بێت لە خزمەتکردنی کۆمەڵ نەک پاشکۆ و وەلا بنرێت، هاوشان بێت نەک ملکەچ و کۆیلە، بۆیە کۆی مانگرتن و بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکان هەمووی ئاماژەن بۆ هەبوون.
ئەوەی جێی سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنە تێگەیشتنی جیاوازە بۆ ئەم یادە، بەوەی تا ئەمڕۆ هەندێک شوێن ئەم یادە وەک ئەو مێژووە ناخوێننەوە و وەک ئەوترێت ڕەنگ و بۆی خۆی لە دەستداوە و بۆتە بۆنەیەک بۆ دەربڕینی پیرۆزبایی یان خۆشەویستی یاخود بەخشینی دیاری لەلایەن پیاوان یان دامەزراوە و دەزگاکانەوە بۆ ژنان یاخود بەشێوەی سازکردنی ئاهەنگ و بەخشینەوەی نوقڵ و گوڵ و شیرینی یاددەکرێتەوە، یاخود بۆتە ڕۆژێک بۆ هەڵپەرکێ و پۆشینی جلوبەرگی کوردی و خۆڕازاندنەوە و هتد، باسەکە لەوەدایە کە ناکرێ پەیامی 8ی مارس لە مەودا و پانتایی تاکەکەسیدا بەرتەسک و کورت بکرێتەوە، چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە کە تا ئەو ڕۆژەی تەواوی مافە مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا بە ڕەسمی نەناسرێت و جیاکارییە جێندەرییەکان بوونی هەبێت و یەکسانی ژن و پیاو لە ئەرک و مافدا بەرجەستە نەکرێت، خەبات هەر بەردەوام ئەبێت لەپێناو هەبووندا.[1]