ناونیشان: هۆکارەکانی ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا چین؟
ئامادەکردن: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
توێژینەوەکان دەڵێن لە 70٪ ی خەڵک تووشی ڕاچڵەکین و لەرزین دەبن لەکاتی خەودا، ڕاچڵەکین و لەرزین لەکاتی خەودا لەئەنجامی گرژبوونی ماسولکەکانەوە ڕووئەدەن بەشێوەیەکی لا ئیرادی کاتێک کەسەکە بێ ئاگایە.
ڕاچڵەکین زیاتر لەهەموو جەستەدا ڕووئەدات کاتی خەو، بەڵام هەندێک جاریش لەوانەیە تەنیا بەشێکی لەش بگرێتەوە وەکو: قۆڵەکان، قاچ، هەندێک جاریش کەسەکە لەوانەیە دەنگێکی لێوە بێت یان بقیژێنێت. وەهەندێک جار کەسەکە لەخەو هەڵدەستێنێت و هەستی کەوتنەخوارەوەت لا دروست دەکات.
زۆرێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن ئەم جوڵە و لەرزینە لەئەنجامی خاڵیبونەوەی بارگەی کارەبایە لە دەمارەکاندا، کەبەشێوەی سیگناڵ بۆ مێشک دەڕوات و مێشکیش بە شێوەی جوڵەیەک دەریدەبڕێت.
هەتا ئێستا هۆکاری تەواوی ئەم کێشەیە نەزانراوە، بەڵام هەندێک تێۆری هەیە کە دەڵێت لەوانەیە بەهۆی ئەم هۆکارانە بێت:
1- دوو دڵی و سترێس:
ئەو شێوازی ژیانەی ئەمڕۆکە پیایدا تێپەڕدەبین و پڕە لە سترێس و دڵەڕاوکێی و دوودڵی و ماندووی زۆر، کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر کاتی پشودان و خەوتنمان. لەبەرئەوەی سترێس و شڵەژانی باری دەروونی مێشکمان بە ئاگایی دەهێڵێتەوە، کەئەمەش وادەکات مێشک سیگناڵی کارەبایی بنێرێت بۆ دەمار و ماسولکەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاچڵەکین و گرژبوون.
2- بەکارهێنانی زۆری وریاکەرەوەکان:
کافایین و نیکۆتین کاریگەرییان هەیە لەسەر توانای لەش بۆ خەوتن بە شێوەیەکی سروشتی، یاخود توانای مانەوە لەخەودا بۆ کاتی پێویست. ئەم وریاکەرەوانە وادەکەن کە مێشکی مرۆڤ پشووی تەواو نەدات و نەچێتە قۆناغی خەوی قوڵەوە.
3- ئەنجامدانی وەرزش:
ڕوونە کە وەرزش کاریگەرییەکی باشی هەیە لە چالاککردنی لەش و جەستە، بەڵام ئەنجامدانی لەکاتێکی دڕەنگی ئێواراندا و نزیک کاتی خەو، وادەکات جەستە نەتوانێت پشوو بدات لە کاتی خەودا، کەئەمەش دەبێتە هۆی ڕاچڵەکین و لەرزین.
4- هەندێک خووی خراپی خەوتن:
هەندێک خووی خراپ پێش خەوتن یاخود لەکاتی خەوتندا، بۆ نموونە ؛ خەوی ناڕێک و پچڕ پچڕ، دڕەنگ خەوتن، بەکارهێنانی ئامێری زیرەک پێش خەوتن...هتد. ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ڕاچڵەکین لە کاتی خەودا.
چۆن خۆمان بپارێزین لە ڕاچڵەکینی کاتی خەو ؟
ڕاچڵەکین لەکاتی خەودا، مانای ئەوە نییە ئەو کەسە نەخۆشە، بە هەندێک گۆران لە شێوازی ژیان و لایف ستایلدا، دەتوانرێت ڕاچڵەکین و گرژی کەمبکرێتەوە. ئەمەش هەندێک ئامۆژگارییە بۆ کەمکردنەوەی لەرزین و ڕاچڵەکینی کاتی خەو:
1- دووربکەوە لە کافایین:
بەتایبەت لە کاتی پێش خەودا، کە تەحفیزی مێشک دەکات و وادەکات مرۆڤ بە ئاگا بێت، هەر بۆیە دەبێت کەمبکرێتەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو. باشترە ئاو و چا ڕووەکیەکان بخورێت لەو کاتەدا.
2- دوور بکەوە لەئەنجامدانی وەرزش بەشەو:
وەرزشکردن کارێکی بەسوودە، بەڵام ئەنجامدانی لە کاتی شەودا و نزیک کاتی خەو، ئەگەری گرژبوونی ماسولکەکان زیاد دەکات و ئەمەش ڕاچڵەکین زیاد دەکات لە کاتی خەودا. باشترە وەرزش لە بەیانیان زوودا ئەنجامبدرێت و لەژێر تیشکی خۆردا، کە ئەمە وادەکات خاوبوونەوەی ماسولکەکان زیاتر بێت لە کاتی پێش خەوداو خەویش قوڵتر بێت.[1]