ناونیشانی پەڕتووک: چیرۆکێکی تەواونەکراو
ناوی نووسەر: ڤۆلکەر براون
ناوی وەرگێڕ: #عەبدولغەنی کاکۆ#
وەرگێڕان لە زمانی: ئەڵمانی
ڤۆلکەر براون لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات دەژیا. ئەو کاتە ئەو بەشەی ئەڵمانیا لە لایەن دەسەڵاتێکی تاکڕەهەندی سیاسیی وابەستە بە دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی جارانەوە بە ڕێوە دەبرا. ئەم دەسەڵاتە تەواوی ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی خستبووە ژێر هەژموونی خۆیەوە، تەنانەت هەوڵی دەدا بچێتە ناو ژیانی تایبەتی تاکەکانیشەوە. لە سایەی ئەو سیستەمەدا، ژیان بۆ کەسێکی ئازادی دابڕاو لە حیزبی دەسەڵاتدار یان هەڵگری بۆچوونی جیاواز لە هێڵی ئایدیۆلۆژیای فەرمیی حیزب نەک هەر ئاسان نەبووە، بەڵکو هەمیشە سەخت بووە. لە وڵاتێک کە چوونەڕیزی حیزبی دەسەڵاتدار پێوانەی (هاووڵاتیی چاک) بوو، هەموو کەسێک لە دەرەوەی حیزبدا دەبوو بە نێچیری چاوی ئەو ڕاپۆرتنووسانەی کە گوزەرانیان لەسەر دروستکردنی تۆمەت و تاوانبارکردنی کەسانی بێلایەن بوون. ئەم چیرۆکە بە تەواوەتی کاری لەسەر ئەم خاڵە کردووە کە چۆن دوو مرۆڤ دەبن بە قوربانیی مەزەندەی هەڵە یان تۆمەتبارکردنیان لە لایەن ڕاپۆرت نووسەکانی حیزب. [1]