ناونیشانی پەڕتووک: نانی ساڵانی زوو
ناوی نووسەر: هاینریش بوێل
ناوی وەرگێڕ: #عەبدولغەنی کاکۆ#
وەرگێڕان لە زمانی: ئەڵمانی
ئەو چیرۆکەی لێرەدا دەیخوێننەوە (نانی ساڵانی زوو) ، نموونەیەکی زۆر جوانی کارەکانی (هاینریش بۆل) ە لە ئەدەبی دوای جەنگدا کە باس لەو شوێنەوارە نێگەتیڤانەی جەنگ دەکات لەسەر دەروونی نەوەیەک کە بەبێ ویستی خۆیان چارەنووسیان لە ناو تاڵاوی جەنگ و ماڵوێرانیدا دەدۆزنەوە. ئەو شوێنەوارانەی تراژیدیای جەنگ لەسەر زەین و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان بەجێی دەهێڵێ، قووڵترن لەو برینانەی لەسەر جەستەی تاکەکان بەجێی دەهێڵێ، برینەکانی جەستەی مرۆڤ ئەگەر کوشندە نەبن، زوو ساڕێژ دەبن، بەڵام ساڕێژبوونی برینەکانی جەنگ لەسەر ڕۆح و ئاکاری مرۆڤەکان کارێکی سەخت و درێژخایەنە، بە ناو پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەڕوات، کە ئەگەر بە ڕیفۆرمێکی مێژوویی یان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سنووری بۆ دانەنرێ، نازانرێ هەتا کوێ و کەی کۆتاییان دێت. ئامانجی (بۆل) لەم چیرۆکەدا ئەوەیە لەو گۆڕانە بدوێ بە مەبەستی ساڕێژکردنی ئەو برینانەی نەوەیەک کە تا دوای جەنگیش هەر بە دەستیەوە دەتلێنەوە . خەسڵەتەکانی پاڵەوانی چیرۆکەکە بەرهەمی ساڵانێکن کە جەنگ نەخشی بۆ کێشاوە، لاوێکی ماندووی تەنیا، مرۆڤێکی چەوساوە لەژێر دەستی کەسێکی سوودمەند لە جەنگ و ماڵوێرانی. [1]