دەقی پەیامەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:
بەڕێزان: سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی (47)ەمین ساڵیادی دامەزرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و (46)ەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی ئەندام و لایەنگرانتان دەکەین.
یادی یەکێتی لەم ساڵدا، هاوکاتی بوونی کۆمەڵێک ئاڵنگاری سیاسی و ئابورییە کە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان ڕوبەڕووی میللەتەکەمان بووەتەوە، ئەم ئاڵنگاریانە هۆکاری کۆمەڵێک مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، کە پێویستی بە هەند وەرگرتن و داڕشتنی سیاسەتێکی ژیرانەی کوردستانی و تەبایی ناوخۆیی هەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوە و پاراستنی دەستکەوتەکانمان.
مایەی نیگەرانییە خەڵک کە خاوەنی ڕاستەقینەی شۆڕش و قوربانیدانی میللەتەکەمان بووە، ئێستا لە ئەدای خزمەتگوزاریی و ئاستی ژیان و گوزەرانیان ناڕازین، هەربۆیە هیواخوازین ئەم یادە دەرفەتێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و گۆڕانکاری لە شێوازی سیاسەتکردنمان، بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان، بۆ باشترکردنی شێوازی ئیدارەدان و حوکمڕانی کە وەڵامگۆی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت.
بزوتنەوەی گۆڕان[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!