کێشەی تووڕەیی و تووندوتیژیی
#پۆلا سەعید#
کێشەی تووڕەیی و تووندوتیژی، یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی مرۆڤایەتیی لە جیهاندا. ئەوەی من ئێستا قسەی لەسەر دەکەم، بابەتێکی قووڵی بەردەوام قسە لەسەر کراو و قسە لەسەر کردنە. بابەتێکە، کە هەمیشە دەمانجوڵێنێت بۆ بیرکردنەوە لە باشە و خراپەی مرۆڤ. بابەتێک بۆ قووتکردنەوەی پرسیار لەسەر ئەوەی، کە ئاخۆ مرۆڤ لە سروشتەوە بوونەوەرێکی باشە یان خراپ. هەموو ئەم پرسیارانەش لە ڕێگەی ئەزموون و توێژینەوەوە وەڵام دراونەتەوە. بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، هەر لە سەرەتاوە، لە کوشتنی قابیل لەلایەن هابیلەوە هەتا نوێتریین کارەسات لە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیادا، هەتا نوێتریین کارەسات لە کۆمەڵگەی کوردییدا.
لە ڕێکەوتی 24-04-2022 دا باوەژنێک لە گەڕەکی 11ی ئازاری سەر بە ناحیەی کەسنەزان، کچێکی 17 ساڵەی مێردەکەی دەسووتێنێت و لە ئاکامی سووتانێکی زۆری جەستەیدا، لەدوای 15 ڕۆژ کچەکە دەمرێت. هەر بە تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ئایاری ساڵی 2022 دا چەندین کارەساتی شۆکهێنەر ڕوویاندا. لە ڕێکەوتی 10-05-2022 لە دهۆک پیاوێک ژنەکەی بە وایەری کارەبا دەخنکێنێت. لە ڕێکەوتی
02-05-2022 هەواڵێکی دڵتەزێن هەموو هاووڵاتییانی کوردی لە باشووری کوردستاندا ڕاچڵەکاند. زاوایەک لە چەمچەماڵ هەڵدەکووتێتە سەر ماڵی خەزووری و چوار ئەندامی خێزانەکە دەکوژێت. دوو خوشک، برایەک و برازایەک دەکوژێت و دوو کەسی دیکەش بریندار دەبن. ئەم بکووژە تەقە لە ماڵی برایەکی دیکەی ئەم دوو خوشک و برایە دەکات، بەڵام لەوێ هیچ زیانێکی ڕۆحیی ناکەوێتەوە.
کارەساتی ناو ئەم کارەساتە ئەوەیە، کە بکوژەکە نەقیبە لە بەرگریی فریاکەوتن لە وەزارەتی ناوخۆ. ئەم بکوژە، پێشتر باوەژن و خوشکەزایەکی خۆی و کەسێکی دیکەی کوشتووە. واتا ئەم بکوژە هەتا ئێستا هەشت مرۆڤی بە ئاشکرا کوشتووە و هەتا ئێستاش هەر نەقیبە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ چەندی دیکەی لە نادیاریدا کوشتووه؟ پرسیارێکی ناو ئەم تووڕەیی و تووندوتیژییە ئەوەیە، ئاخۆ ئەم نەقیبە بۆچی وەها ئاسان مرۆڤ دەکوژێت؟
وەڵام: با لێرەدا کات بدەینە خۆمان و بەدوای ڕاستیی تووڕەیی و توندوتیژیی ئەم نەقیبەدا بگەڕێین. بەشێک لە فەیلەسووفان دەڵێن: مرۆڤ لە سروشتەوە خراپە، هەندێکی تر دەڵێن: مرۆڤ لە سروشتەوە باشە و پەروەردە و باروودۆخە کۆمەڵایەتییەکان خراپی دەکەن. مرۆڤایەتیی ئەم هەموو جەنگ و کۆمەڵکوژییەی لە مێژووی خۆیدا هەیە، کەچی دوای ئەم هەموو ئەزموونە ناشیریینانە لە ئێستادا نوێتریین جەنگ جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، کە جەنگی داگیرکاریی ڕووسیایە لە ئۆکرانیا. ترسی گەورەی جیهان جەنگێکی ئەتۆمییە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت گەورەتریین زیان بە هەسارەی زەویی بکەوێت و قاتوقڕیی نەک تەنها بەسەر مرۆڤدا، بەڵکو بەسەر هەموو بوونەوەرەکانی زەوییدا بهێنێت. لێ بەشێکی گەورەی مرۆڤ لە جیهاندا هیچ دەستەڵاتێکیان نییە، کە ڕێگری لە ڕوودانی ئەم کارەساتە بکەن.
دەبێت بەردەوام بپرسین، کە ئەم تووڕەییەی مرۆڤ لە کوێوە دێت؟ با دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ پێوابوونەکانی وەک: کە مرۆڤ لە سروشتەوە باشە و پەروەردە و کولتوور خراپیان دەکات. یاخوود مرۆڤ لە سروشتەوە خراپە و لە ڕێگەی پەروەردە و کولتوورەوە دەتوانرێت چاکبکرێت. هەندێک بە مەشەوە ناوەستن و دەڵێن: دەبێت ئاژەڵەکەی ناو مرۆڤ نەهێڵدرێت، هەتا مرۆڤ وەک ئاژەڵ مامەڵە نەکات، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی ئەقڵانییە، ئەمەش مرۆڤ لە ئاژەڵان جیادەکاتەوە. ئەم بۆچوونە بەهیچ شێوەیەک ڕاسیۆناڵیانە، ئەقڵگەرایانە ناتوانێت ئاسوودەمان بکات، چونکە هیچ ئاژەڵێک هێندەی مرۆڤ لەناو خۆیاندا لەگەڵ یەکترییدا بەشێوەی مرۆڤ توندوتیژ نین. تووڕەیی و توندوتیژیی ئاژەڵ و باڵندە هەمیشە پابەندە بەوەوە، کە یان لە مەترسیدایە، یان قەتیس کراوە لە چێوەیەکدا.
کۆنراد زەخاریاس لۆرێنتس پزیشک و ئاژەڵناسی نەمساویی لە کتێبێکیدا بە ناوی (ئەوەی ناوی دەنێن تووڕه)، دەڵێت: تووڕەیی لە مرۆڤدا بە بەردەوامیی هەیە. کۆنراد سەرنجی جۆرێک لە شەمپانزەکانی باخچەی ئاژەڵان دەدات، کە ناویان بۆنۆبۆیە(Bonobo). کۆنراد سەرەتا پێیوابوو، کە ئەم شەمپانزانە هەتا بڵێیت تووڕەن. بەڵام دواتر بۆچوونی گۆڕیی، ئەویش بەوەی، کە شەمپانزەکان لە قەفەزی باخچەی ئاژەڵانەوە دەگوێزنەوە بۆ ناو سروشتی خۆی. لێرەدا لە سروشتدا، کە شەمپانزەکان هەم ئازادییان هەیە و هەمیش جێگا و ڕێگەی بەرفراوان و ئەوەش دەخۆن، کە خۆیان دەیانەوێت. ئیدی بەهۆی گەڕانەوەیانەوە بۆ ناو سروشت، ئەم شەمپانزانە چیتر وەک پێشتر تووڕە و شەڕانیی نین، بەڵکوو لە هارمۆنییەکی باشدا لەگەڵ یەکترییدا دەژیین. بەڵام مرۆڤ لە ئازادییشدا خاوەنی تووڕەییەکی بەردەوامە و بەردەوام ئامادەی شەڕ و پراکتیزەکردنی تووندوتیژییە.
لە تیۆرییەکەی زیگمووند فرۆیددا لە پسیشۆئەنالیزەدا، کە قسە لەسەر هەڵسوڕێنەری مەرگ و ژیان دەکات، بەتایبەت هەڵسوڕێنەری مەرگ، دەگەین بەو ڕاستییەی، کە ئەو مرۆڤەی هەڵسوڕێنەری مەرگ ژیانی ڕۆژانەی هەڵدەسوڕێنێت، مەرج نییە، بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە و لە کاتێکی پێویستدا خۆی بکوژێت، وەک بەشێک لە سەربازەکان لە جەنگدا خۆیان دەکوژن، تا بەردەست دوژمن نەکەون. یان لە کاتێکدا، کە هەست بە بێنرخی ژیان و ژیانی خۆی دەکات و بڕیاری خۆکوشتن دەدات، وەک مرۆڤی خەمبار کە خۆی دەکوژێت. بەڵکو داگیرساندنی ئەم هەڵسوڕێنەری مەرگە لە تاکدا، دەبێتە هۆی ئەوەی، تاک حەز بە مەرگی بەراکبەر بکات، حەز بە ئازاردانی بەرامبەر بکات، هەروەکو چۆن تاکێکی سادیست حەز بە ئازار و ناخۆشیی و مەرگی بەرامبەر دەکات. لە پسیشۆئەنالیزەدا ئەم هەڵسوڕێنەرە یان ئەوەتا ڕووی لەناوەوەی تاکە، کە زیان بە تاک دەگەیەنێت یان ڕووی لە دەرەوەیە، کە زیان بە خەڵکی دەگەیەنێت، وەک کارەکتەرێکی دێستروکتیڤ، وەک کارەکتەرێکی هێرشبەر و توندوتیژ.
مێشکی مرۆڤ بە تەنها ئامرازێکی سوودبەخش نییە بۆ مرۆڤ و بۆ دەوروبەر و بۆ سروشت، بەڵکو ئامرازێکی زیانبەخش و وێرانکەریشە، هەربۆیە خاوەنی ئەم هەموو توندوتیژییەن دژ بە هەموو شت لە ژیاندا. تواناکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ وەها دەکات، کە مرۆڤ بەردەوام و بەبێ چاوەڕوانیی ئامادەی پراکتیزەکردنی توندوتیژیی بێت. ئەمەش وەها دەکات، کە پێناسی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی تووڕە لە سروشتەوە بکرێت. مێشکی مرۆڤ بوونێکی سروشتییە، تواناکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ بوونێکی سروشتییە. ئەگەر سەرنج بدەینە سەربازێک لە جەنگدا، بۆ نموونە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە بەردەوام تفەنگەکەی بەدەستەوەیە و ئامادەی تەقەکردن و کوشتنە. ئەوا لە ئاشتییشدا مرۆڤ هاوشێوەی سەربازێک لە جەنگدا، بەردەوام خاوەنی تفەنگێکە لە مێشکیدا، کە لە هەموو کاتێکدا ئامادەی بەکارهێنانیەتی بۆ خستنەوەی زیان. ئەو مرۆڤەی بە تامەزرۆوە دەیەوێت، ئەم تفەنگەی ناو مێشکی بەکاربهێنێت مرۆڤێکی سادیستە، هەربۆیە هەمیشە بۆ شوێنی کارێک دەگەڕێت، کە ڕێگەی پێبدات پراکتیزەی توندوتیژیی بکات. بۆ نموونە بوون بە سەرباز، پۆلیس، دەزگاکانی هەواڵگریی و کارمەندی حکومەت لە پراکتیزەکردنی هێز و دەستەڵاتدا، یاخود لە باندە توندوتیژ و کریمینێڵ و مافیاکاندا. بەڵام خەڵکانێکی سادیستی تریش هەن، کە لە پیشەی نەرم و نیان و ئاساییشدا دەتوانن سادیستانە مامەڵە بکەن. بۆ نموونە مامۆستایەک، کە لە خوێندکارێکی منداڵ دەدات، مامۆستایەک کە ژیانی خوێندنی منداڵێک یان گەنجێک ناخۆش دەکات و بەردەوام لە وانەکەی خۆیدا دەیخات. پەرستیارێک، کە چێژ لە ئازاری نەخۆشەکان وەردەگرێت، دایکێک یان باوکێک کە چێژ لە ئازاردانی منداڵەکانی وەردەگرێت و سنووری ئازادیی و ژیانیان تەسک دەکاتەوە، بە ئارگیۆمێنتی پەروەردەکردن.
رووی سادیست لە کۆمەڵگای کوردییدا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە، ئەوەی جێگای سەرنجە، کە دەگمەن ئەم ڕووە سادیستە دەناسرێتەوە. سادەتریین نموونە. کچان و کوڕان کە لەیەکتریی جیادەبنەوە، ئەوەی دڵیان حەزی پێبکات لە ناخۆشیی ژیان بۆ یەکتریی دەخوازن. دوو ڕۆژ لە سەرەی نەوت، غاز یان بەنزیندا ڕاوەستاویت، کاتێک دێتە سەرەی تۆ، ئەو کەسەی ئەم وزە سووتەمەنییە دابەش دەکات، دابەشکردنەکە ڕادەگرێت و دەڵێت، تەواو بۆ ئیمڕۆ هیچی تر دابەش ناکەین، چونکە نەماوە. وێڕای ئەوەی، کە ئەم کەسە پێتدەڵێ، بەداخەوە دەبێت ببووریت، کە ئیمڕۆ هیچی ترمان نەماوە، لێ لە ڕووخسارییدا بزەیەک دەبینیت، کە چێژ لەوە وەردەگرێت، کە دوای ئەم هەموو چاوەڕوانییە، تۆ هێشتا ناتوانیت سووتەمەنیی بۆ ئەم زستانە ساردەت بەدەستبهێنیت، سووتەمەنیی بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانە بەکاربهێنیت. ئەم بزە سادیستییە لە هەموو شوێنێکدا دەناسرێتەوە. بیربکەرەوە و بزانە، کە کێ و کەی دواهەمیین جار ئەم بزەیەی پێداویت. ئەمە بە واتای ئەوە دێت، کە خەڵکانی سادیست تەنها پێویستیان بە هەلومەرجە بۆ پراکتیزەکردنی توندوتیژیی.
هەندێک تاکی سادیست هەن، کە هەرگیز سادیستانە مامەڵەیان نەکردووە، چونکە خاوەنی هەلومەرج نەبوون. نموونەیەکی تری سادە، کاتێک کوڕێکی سادیست ژن دێنێت، دەبێتە خاوەن هەلومەرج. لە چوار دیواردا خۆی پاشای دەڤەرەکەیە، سەرەتا لە ڕێگەی سێکسەوە حەزە سادیستییەکانی خۆی پراکتیزە دەکات، پاشان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە تا دەگاتە ئاستی کوشتن. باوکێک و برایەک لە ڕێگەی پاراستنی حەیا و حورمەتەوە، وەک بەکارهێنانی بۆ هەلومەرجێک پراکتیزەی توندوتیژیی لەگەڵ کچ و خوشکدا دەکەن.
ماوەتەوە بڵێم: هیچ ئارگیۆمێنتێک بۆ ئەم هەموو توندوتیژییە نییە، تاکە ئارگیۆمێنتێک، کە ئێمە بتوانین کاری تێدا بکەین، ئەوەیە، کە ئەم بکوژانە نەخۆشێکی مەترسیدارن، و ئەم خەڵکانە سادیستن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچیی حکومەت هیچ هەڵوێستێکی یاساییانەی بەرامبەر ئەم هەموو توندوتیژییە نییە و سنووری ئەم تووندوتیژییانە تەسک ناکاتەوه؟[1]