وتووێژ: بێهزاد قادری
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستان، ویست و داخوازییە سیاسییەکان خۆیان خزاندووەتە نێو زانکۆکان و کاریگەریی لەسەر جەمسەربەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییەکان هەبووە. هەروەها لە یەک دەیەی ڕابردوودا گوتاری ڕزگاریخوازی و دژەکۆلۆنیالیستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە زانکۆکان بەرەو ڕادیکاڵیزەبوون ڕۆیشتووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ویست و خواستەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت. بەڵام پرسیاری ئێمە ئەوەیە کە لە هەنووکەدا خوێندکاری کورد لە بواری چالاکیی خوێندکارییەوە دەبێ چی بکات تاکوو کاریگەرتر بێت؟
لەم وتووێژەدا لەگەڵ کاک داود عوسمانزادە، خوێندکاری ماستەری لێکۆڵینەوەکانی ناسیۆنالیزم لە زانکۆی ناوەندیی ئورووپا، ڤییەنا، دەپەرژێینە سەر بابەتی خوێندکاری کورد و چالاکیی خوێندکاری:
- لە ئێستادا دۆخی چالاکیی خوێندکاری (لە بواری زانستی) لە زانکۆکانی کوردستان چۆنە؟
دۆخی چالاکیی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرێدراوی دۆخی گشتیی سیاسیی جوگرافیای کۆلۆنیالیستیی ئێرانە. بەم مانایە، لەبەر نەبوونی کەشی گونجاو بۆ چالاکیی ئاشکرا، بەشێکی زۆری چالاکییەکان بە شێوەی نهێنی، یان ناڕاستەوخۆ و لە بازنەی کۆڕ و کۆبوونەوە هاوڕێییەتییاکاندا بەڕێوە دەچن. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، لە یەک دەیەی ڕابردوودا گوتاری ڕزگاریخوازی و دژەکۆلۆنیالیستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە زانکۆکان بەرەو ڕادیکاڵیزەبوون ڕۆیشتووە و لە هەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ویست و خواستەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
گەر بمانهەوێت لە بواری کۆمەڵناسیی سیاسییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەتوانین بڵێین، دۆخی زانستی بەهۆی ئەوەی لەژێر کاریگەریی کەلێنە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایتەییەکاندایە لە کوردستان، بووەتە هۆی بەهێزکردنی ئاستی زانستیی خوێندکارە کوردەکان لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران. بەڵام، گەر بمانهەوێت باس لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، دەتوانین بڵێین دۆخی گشتیی زانکۆکانی کوردستان لە بواری زانستییەوە زۆر لەژێر کاریگەریی دۆخی گشتیی دەوڵەتی کۆلۆنیال لەم جوگرافیا سیاسییەدایە؛ ئەگەرچی لێرە و لەوێ هەندێک جیاوازی هەن کە ئەوانیش بۆ خودی زانکۆکان ناگەڕێنەوە، بەڵکوو بۆ بەستێنی کوردستانیبوونی ئەم زانکۆیانە دەگەڕێتەوە.
- لە ئێستادا دۆخی چالاکیی خوێندکاری (لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی) لە زانکۆکانی کوردستان چۆنە؟
گەر بمانهەوێت لە بەستێنێکی مێژووییەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین دەتوانین تا ڕادەیەک بڵێین، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆ لە کوردستان، ویست و داخوازییە سیاسییەکان خۆیان خزاندووەتە نێو زانکۆکان و کاریگەریی لەسەر جەمسەربەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییەکان هەبووە.
ئێستایش دۆخی چالاکیی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم تایبەتمەندییە بێبەری نییە. دوای دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی ئیسڵاحتەڵەبی و ئیسڵاحتەڵەبەکان لە کوردستان و جوگرافیای سیاسیی ئێران و ڕادیکاڵیزەبوونی گوتاری ڕزگاریخوازی، چالاکیی خوێندکاریی خوێندکارە کوردەکانیش تا ڕادەیەکی بەرچاو چووەتە ژێر کاریگەریی ئەم دۆخەوە، لەلایەکی دیکەیشەوە خوێندکاری کورد بۆ خۆی بەشێکی خوڵقێنەر و ئەیجنتی ئەم دۆخە ڕادیکاڵە ڕزگاریخوازییە.
- هەندێک لە چالاکانی خوێندکاریی پێشوو ڕایان وایە کە چالاکیی خوێندکاری لەم دوو سێ ساڵەدا لە زانکۆکانی کوردستان لاواز بووە؛ ڕاتان لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
من پێم وا نییە چالاکیی خوێندکاری لاواز بووبێت، بەپێچەوانەوە پێم وایە بەهۆی هەندێک هۆکاری بابەتی، وەک داخراوتربوونی دۆخی سیاسی و هەندێک هۆکاری خودی، وەکوو سەرهەڵدانەوەی ڕادیکاڵیزمی سیاسی، فۆڕم و شیوازەکانی چالاکیی خوێندکاری گۆڕاوە. بۆ نموونە، گەر لە سەردەمی بەناو ئیسڵاحاتدا خوێندکاری کورد زیاتر لە چوارچێوەی هەندێک ڕێکخراوی پەیوەست بە زانکۆ و هەندێک بڵاوکراوەوە ویستەکانی خۆی دەردەبڕی و هەندێک کات ئەکتێکی سیاسی پێشان دەدا؛ ئێستا لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ئۆنتۆلۆژیکی پرسی کورد و بەدەقکردنی مەعریفەناسانەی ئەم پێناسانە لە دوو ئاستدا چالاکی دەکات: ئاستی یەکەم، لە کاتی پەیوەندیگرتن بە کۆمەڵگە، لە کۆڕ و کۆبوونەوە کەسی و خێزانییەکاندا. ئاستی دووەمیش لە ڕێگەی بەشداریی زیاتری لە گۆڤار و بڵاوکراوە و چالاکییەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەوەیشمان لەبیر نەچێت کە لەم قۆناغەدا تا دێت زیاتر تیۆرییە ڕادیکاڵە ئەنتی کۆلۆنیالیستییەکان چوارچێوەی تیۆریک و ئەدەبیاتی توێژینەوەی نامەکانی لێکۆڵینەوە پێک دەهێنن. دەمهەوێت بڵێم، چالاکیی خوێندکاری هەروا بەردەوامە، بەڵام فۆڕم و ناوەرۆکەکەی بەپێی دۆخەکە گۆڕاوە.
- خوێندکارانی کوردی چالاک لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران پێویستە لە چ بوارگەلێک پەرە بە چالاکییەکانی خۆیان بدەن؟
بە بۆچوونی من، پێش هەموو شتێک خوێندکارە کوردەکان لە زانکۆکانی کوردستان و ڕێژیمی کۆلۆنیال پێویستە لە بواری زانستییەوە خۆیان پێبگەیەنن. ئەوە دەرئەنجامی بەرهەستتری دەبێت لە درێژخایەندا. یەکێک لە بوارەکانی دیکە، پێویستە خوێندکاری کورد هەوڵی دیکۆڵۆنیازکردنی پرسی کورد بدات. ئەمە پرسێکە کە پەیوەندییەکی قوڵی لەگەڵ زانکۆ و دەزگا مەعریفییەکانی دیکەوە هەیە. خوێندکاری کورد دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم ئامرازە زانستی و تیۆریکییانەی هەیەتی، هەوڵی پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بداتەوە و دووبارە کێشەکان پڕۆبلماتیک بکاتەوە. بۆ نموونە، لە پرسی ڕزگاریی نەتەوەیی، جێندەری، چینایەتی، پرسەکانی ژینگە، منداڵان و هتد خوێندکاری کورد دەتوانێت دووبارە پێناسە بۆ ئەم کێشانە بکاتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر دیاری بکات. ئەمانە بە پرۆژەی درێژخایەنی زانستی دەکرێن، خوێندکارەکانی ئەمڕۆ، ئاکادیمیسییەن و ڕوناکبیرانی دواڕۆژن کە دەبێ ئەم پرۆژانە گەڵاڵە بکەن و تیۆریزەیان بکەن.
- چالاکیی خوێندکارانی کورد لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەتوانێت چ کاریگەرییەک لەسەر کۆمەڵگە دابنێت؟
ئەم پرسیارە زۆر گرینگە. خوێندکار و ئاکادیمیسییەنی کورد بەپێی ئەوەی کە لە چ پاڕادایمێکی زانستیدا دەهزرێ، ڕەنگە جۆری پەیوەندی و کاریگەرییەکەی لەگەڵ کۆمەڵگە جیاواز بێت. بەڵام بەگشتی، گەر لە ڕوانگەی تیۆرییە ڕەخنەگرانەکانی وەکوو قوتابخانەی فڕانکفۆرت، پاڕادایمی کۆلۆنیالیستی و تیۆرییە فێمێنیستییەکانەوە بمانهەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەبێ بڵێین، ئەرکی لێکۆڵەر، خوێندکار و ئاکادیمیسییەن بریتییە لە هەوڵدان بۆ ڕۆشەنگەریی کۆمەڵگە، ئاشکراکردنی میکانیزمە شاراوەکانی چەوسانەوە و سەپاندن، یارمەتیدانی کۆمەڵگە بۆ ڕزگاری لەم میکانیزمە سەرکوتکەرانە و داڕشتنی پلان، میکانیزم و تیۆریی ڕزگاری. لە هەموو ئەم دیمانەیەدا مەبەستی من لە ڕزگاری مەبەستێکی هەمەکی، گشتی، داینامیک و بەردەوامە؛ جا لە ڕزگاریی نەتەوەییەوە بگرە هەتا ڕزگاریی جێندەری و چینایەتی و هتد.
خوێندکاری کورد پێویستە حوزوورێکی تۆخی لەنێو کۆمەڵگەدا هەبێت، هەوڵ بدات زمانی ئاخاوتنی لە زمانی ئەوان نزیک بکاتەوە و ئاگایی و ڕۆشەنگەریی ڕەخنەگرانە و ڕزگاریخوازانە بە زمانێکی سادە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بگوازێتەوە. هاوکات، لەگەڵ ئەمەیشدا، خۆی وەکوو هەڵگری تاقانەی حەقیقەت نەبێت و گوێی بۆ کۆمەڵگە شل بکات.
- چالاکیی خوێندکارانی کورد لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەتوانێت چ کاریگەرییەک لەسەر زانکۆکان و خوێندکارانی تر دابنێت؟
خوێندکارەکان لە پڕۆسەی یەکترناسیندا، هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەکەیان زیاتر دەناسن، ئەمەیش بەرهەمی کارلێکێکی کۆمەڵایەتیی ئەم ژینگە تایبەتەیە. بەرهەمی ئەم کارلێکە دەبێتە هۆی گۆڕانی بەردەوام. کاریگەری یەکێک لە بەڵگەنەویستترین ڕووداوەکانی کارلێکەکانە. ئیتر ئەوەی کە ئاراستەی کاریگەرییەکە چی دەبێت زۆر پێشبینی ناکرێت و گرێدراوی زۆر گۆڕاوی دیکەیە. بەڵام، هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەشێکی لێکتر تێگەیشتن لەنێوان خوێندکارە کوردەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، پێناسەکردنی پرۆژەی تایبەت، دروستکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ خوێندکارەکانی نەتەوە کۆلۆنیکراوەکانی دیکەی وەکوو تورک، عەرەب، بەلووچ و هتد، دەتوانێت سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورە دروست بکات، سەرمایەیەک کە بتوانێت ببێتە هەوێنی متمانە بۆ کار، پرۆژە و چالاکیی هاوبەش.
- خوێندکارانی کورد لە کوردستان و ئێران بۆ بەهێزکردنی چالاکییەکانیان چۆن دەبێ لەگەڵ خوێندکارانی کوردی دەرەوەی وڵات هاوکاری بکەن؟
لە ڕێگەی پێناسەی پرۆژەی هاوبەش و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، وەک ئەوەی لە گرووپی بەرەو باشترین زانکۆکانی جیهاندا دەکرێت.
- ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە بەردەم چالاکانی خوێندکاری کۆسپ دروست دەکات. چالاکانی خوێندکاری چۆن بەرەوڕووی ئەم کۆسپانە ببنەوە؟
ڕێژیمی کۆلۆنیال کاتێک دەبینێت شتەکان بەپێی پلان و ویستی ئەو ناچنە پێشەوە، کۆسپ و گرفت ساز دەکات. هەر بۆیە دەبێ چالاکی خوێندکاری چالاکییەکی چەند ڕەهەندی هەبێت. بۆ نموونە، هەموو ئەم شتانەی لە سەرەوەدا باسمان کردن بەشێکن لە چالاکیی خوێندکاری کە خوێندکار لە کەناڵە جیاوازەکانەوە دەیانکات، بۆ نموونە پەرەپێدان بە بەشداری لە ڕۆشەنگەری، پڕۆبلماتیککردنەوەی سەرلەنوێی کێشەکان، نووسین بە ناوی نهێنی، وەرگێڕانی کتێب و وتار لە زمانە ڕۆژئاواییەکانەوە بۆ سەر زمانی کوردی، پتەوترکردنی پەیوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستان لەنێو خوێندکارەکاندا. ئەمانە دەتوانن هەندێک چالاکیی بنەڕەتی بن کە لەلایەکەوە یەکجار زۆر گرینگن و لەلایەکی دیکەوە مەیدانی دروستکردنی بەربەست لەلایەن ڕێژیمی کۆلۆنیالەوە تێیدا کەمترە. گەر ئامانج ڕزگاری بێت، ئەوە بەشداریپێکردنی هەموو چین و توێژەکان خاڵی بنەڕەتییە. بۆ ئەمەیش، خوێندکار دەتوانێت قورساییەکی گەورەی هەبێت.
- پەیوەندیی چالاکانی خوێندکاریی کورد لە زانکۆکانی کوردستان و ئێران پێکەوە چۆنە؟ چۆن دەبێ پێکەوە پەیوەندی دروست بکەن؟
بەگشتی ئەمە کارێکی ئاسان نییە. لەلایەکەوە هەموو ئاپاڕاتووسەکانی ڕێژیمی کۆلۆنیال هەوڵی پەرەپێدان بە گوتارێکی ناوەندگەرای تۆتالیتاریستی دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن سووژەی گوێڕایەڵی خۆی ساز بکات. لەم نێوەدا، بەهۆی بەستێنە مێژوویی- سیاسییەکان ئاگایی سیاسیی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم جوگرافیا سیاسییە جیاوازە و سیستەم توانیویەتی بەشێک لە پێکهاتەکان بکاتە سووژەی گوێڕایەڵی خۆیان. لەم گوتارەدا، کاتێک کورد وەک هەڕەشە پێناسە دەکرێت، دژایەتیی کورد وەکوو بەرگری لە خود 'Self Help' پاساوی دەدرێتەوە. بەڵام، لەگەڵ ئەوەیشدا بەو مەرجەی پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی گوتاری ڕزگاریخوازی نەکرێنە قوربانی، هەبوونی پەیوەندییەکی دوولایەنە و ڕۆشەنگەر زۆر یارمەتیدەر دەبێ بۆ دژایەتیی ڕێژیمی کۆلۆنیال و گێڕانەوەکانی.
- دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان خوێندکارانی کورد لە ئاستی زانکۆکانی کوردستان و ئێران چ کاریگەرییەکی دەتوانێت هەبێت؟
دەتوانێت یارمەتدەر بێت بۆ دروستکردنی پلەتفۆڕم، بەرنامەیەکی زانستی، سیاسی، کۆمەڵایەتی بۆ شەڕ لە دژی ڕێژیمی کۆلۆنیال و گێڕنەوەکانی. دەتوانێت هێزی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم سیستەمە کۆلۆنیالە بەرز بکاتەوە و سیستەمەکە لاوازتر بکات. [1]