دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی#:
ئەمڕۆ يادی 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالی بادينان دەکەينەوە کە وەک دوا قۆناغی ئەنفال له 25ی ئابەوە تا 6ی ئەيلوولی 1988 سوپای ئەوسای عێراق دەرهەق بە پێکهاتە جياکانی خەڵکی بادينان ئەنجامی دا. سەری ڕێز و نەوازش بۆ گيانی پاکی شەهيدان دادەنوێنين و بە شکۆوە ياديان دەکەينەوە، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاريان دەنێرين.
تاوانی ئەنفال کە هەر لە گەرميانەوە تا دوا قۆناغی لە بادينان (182) هەزار هاووڵاتيی بێتاوانی کوردستان تيايدا بوونە قوربانی و شەهيد کران، وەک دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانی پێدا ناوە، جينۆسايد و تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤايەتييە، بۆيە پێويستە هەرچی زووە حکوومەتی فيدراڵيی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانييان بکاتەوە. لە هەرێمی کوردستانيش دەبێ خزمەتی زياتری کەسوکاری قوربانييان بکرێت و لەگەڵ بە دۆکيومێنتکردنی تاوانەکە، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک جينۆسايد بناسرێت.
لەم يادەدا جەخت لە يەکڕيزيی لايەنە سياسييەکان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەينەوە کە تاقە گەرەنتی پاراستنی مافە دەستوورييەکان و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتوويەکی باشتری نەوەکانمانە، هەر ئەوەش ڕێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی ئه و تاوانانەی بە درێژيی مێژوو دەرهەق بە هەموو پێکهاتەکان و خاک و ئاو و هەوا و سروشت و ژينگەی کوردستان کراوە.
يادی شەهيدان هەميشە و بەرز و شکۆدار بێت، سوپاس و ڕێز و پێزانين بۆ جوامێريی خەڵکی #هەولێر# و بەحرکە و دەوروبەريان کە لە کەمپی زۆرەملێی جێژنيکان بە هانای لێقەوماوانی بادينانەوە چوون و يارمەتييان دان. ميهرەبانی و مرۆڤپەروەرييان هەرگيز لەبير ناکرێت.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2022/8/25[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!