#سەلاحەدین دەمیرتاش#، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (#هەدەپە#)، لە وتارێکدا دژی هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و چەند لایەنێکی تری سیاسی دەوەستێتەوە کە دەڵێن هەدەپە باڵێکی سیاسیی پەکەکەیە. هەروەها چەند پرسیارێک ئاڕاستەی ئەردۆغان دەکات و دەڵێت پێویستە وەڵام بدەیتەوە.
دەمیرتاش لە وتارێکدا بۆ ماڵپەڕی (T24) دەنووسێت: ”دەمەوێت دیسان بەبیرتانی بهێنمەوە، هەدەپە درێژکراوەی پەکەکە، یان باڵێکی سیاسیی پەکەکە نییە. هەدەپە پارتێکی دیموکراتی و شەرعی و دەستوورییە. کاتێک دەڵێن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وڵات، پێویستە هەدەپە بۆشاییەک لە نێوان خۆی و پەکەکە دابنێت، پێویستە ئەردۆغان وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە''.
دەمیرتاش دەپرسێت، کاتێک ئەردۆغان بە شێوەیەکی فەرمی دانیشتنی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان دەست پێ کرد، تۆ بڵێی بە ئۆجەلانی گوتبێت، بۆشاییەک لە نێوان خۆت و تیرۆر دابنێ؟
کاتێک ئەردۆغان، بە شێوەیەکی فەرمی دانیشتنی لەگەڵ پەکەکەدا دەست پێ کرد، بە پەکەکەی گوت، دەبێت بۆشاییەک لە نێوان پەکەکە و پەکەکەدا دابنێیت؟
دەمیرتاش دەنووسێت: ”باشە کاتێک ئێوە بە هەدەپە دەڵێن بۆشاییەک لە نێوان خۆتان و تیرۆردا دروست بکەن، هەدەپە چی دەڵێت؟ دەڵێت نەخێر، من لایەنگیری تیرۆرم، یاخود دەڵێت وەرن دەست لەناو دەست، بابەتی چەک بە شێوەیەکی سیاسییانە و ئاشتییانە چارەسەر بکەین و دیموکراتیش گەورە بکەین. ئەم داوایەی ئەردۆغان بە واتای ئەوە دێت، ئێوە بە هەدەپە دەڵێن، ئێوەش وەرنە ڕیزی ئێمە و بە یەکەوە خەبات دژی تیرۆر بکەین و ئەو کوردانەی چوونەتە شاخ بە یەکەوە لەناویان ببەین و بیانکوژین''.
دەمیرتاش لە وتارەکەیدا ئاماژەی داوە، هەدەپە نایەوێت کەس بەدەستی کەس بکوژرێت، چونکە ئەو ڕۆڵانەی دەکوژرێن، چ تورک و چ کورد ڕۆڵەی ئێمەن، وەرن با بە ڕێگەی ئاشتییانەدا چارەسەری کێشەکە بکەین.
لە وتارەکەیدا پرسیار ئاڕاستەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکات و پێیان دەڵێت: ”ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەبێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بڵێن، ئەگەر بێینە دەسەڵات، ئێمە تیرۆریستی زیاتر دەکوژین و پێمان وایە کێشەی کورد بەو شێوەیە چارەسەر دەبێت، با لە ئێستاوە پێمان بڵێن و بیزانین.[1]