سێ ڕێگا بۆ ئارامکردنەوەی مێشک
مەحمود شێرزاد
یۆگا تەنیا بۆ جەستە نیە، بۆ ئاگایی و مەعریفەتە. یۆگا دەزانێ جەستە یەکێکە لەو کەرەستانەی ئاگایی یان ڕۆحی ئێمە بۆ گەشەکردنی خۆی بەکاری دێنێ. یۆگا دەزانێ جەستە هەموو شتێک نیە و ڕاستەقینەی ئێمەش وزەیەکی هۆشمەندە نەک جەستە. ئەگەر حاڵەتە جەستەییەکان تەنیا لە پێناو جەستەماندا بکەین، بە زوویی لە چوارچێوەی جەستەدا بە ئامانجەکانمان دەگەین، بەڵام لە ڕووی ئاگایی و ئیشراقەوە زیاتر دادەبەزین و دووردەکەوینەوە. بە کورتی جەستەپەروەری ڕووت نەزانیی ڕووت بەرهەمدێنێ. لەهەمان کاتیشدا بە زوویی هەموو هەوڵەکانمان بە فیڕۆ دەچێ، چوونکە هەرچییەک بۆ جەستەمان بکەین درەنگ یا ن زوو پیر دەبێ و هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ سیستمێک بۆ زخمەتکردنی جەستە و هاوسەنگکردنەوەی جەستە ناگاتەوە بە یۆگا، هەر لەبەر ئەوەشە یۆگا لە دنیای پێکەوتوودا بە خێراییەکی زۆر لە پەرەسەندندایە. جەستە بە یۆگا بەهێز دەبێ، خاوێن دەبێتەوە، بە ئاسانی نەخۆش ناکەوێ و درەنگ پیر دەبێ، ئەو کەسەی یۆگا دەکا تەمەنی بەلەشساغی و بە خۆشیی و شادییەکی زۆر زیاتر و قووڵترەوە بەسەر دەبات.
حاڵەتە جەستەییەکان لە یۆگادا ڕاستە دەبنە هۆی جوانبوون و سەرنجراکێش بوونی لەش، بەڵام زیاتر دەبنە بوار و بەستێنی گەشەکردنی ئاگایی و وەخەبەر هاتنی وزەی خەوتووەکان و توانا شاراوەکانی مرۆڤ. یۆگی دەتوانێ لە جەستەی خۆی ئەو جەستەیە دروست بکا کە دەیەوێ، بەڵام ئازادە لە جەستەی، دەزانێ ئەو جەستە کاتییە دەبێ لەخزمەت خودی نەمردا بێ. کەواتە مرۆڤ لە یۆگادا جەستە دەناسێ و دەزانێ جەستە ئامانچ نیە، بەڵکو کەرەستەیە، بەڵام کەرەستەیەکی سەرسوڕهێنەری شایانی خزمەت و خۆشویستنە.
$زەین$
زەین، واتە بیرکردنەوە و خەیاڵات و وێناکردنەکانت، ئەوانەی کە ئێمەیان شڵەژاندووە و بەردەوام هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵیان بکەین، بەڵام سەیرە! تا زیاتر هەوڵدەدەین کۆنتڕۆڵیان بکەین، زیاتر کۆنتڕۆڵمان دەکەن. بۆ؟ پێویست ناکا و هەڵەشە هەوڵبدەی شەڕ لەگەڵ مێشکت بکەی و ڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی بکەی، کەواتە دەبێ ناراستەوخۆ ئەم کارە بکەی. لە خوارەوە سێ ڕێگەی ئاسانت بۆ باس دەکەین و هەوڵبدە لانیکەم یەکێکیان بە کردار جێ بە جێ بکەی:
یەکەم: ڕێگەی لووت و هەناسە، تەنیا هەناسە هەڵمژە و وەک چۆن سەیری فیلم دەکەی، هەرواش سەیری هەناسە هەڵمژین و هەناسە دانەوەت بکە. با هەناسەت ئارام و درێژ بێ و سکت بەرز بکاتەوە، تەنانەت هەوڵبدە ڕێڕەوەکانی هەناسەت هەست پێ بکەی، یانی بزانە بە کوێدا دەڕوا، ئەگەر ئەم ڕێگەیانت هەڵبژارد، هەوڵبدە ڕۆژانە چەند جارێک بکەی و بەردەوام بی و بیکەی بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەت.
دووەم: ڕێگەی زمان، خواردنی تامە چڕ و زاڵەکانی وەک شیرینی، تووندی، تاڵی، ترشی و...هتد دەبنە هۆی ورووژاندنی زمان و هاوسەنگی زمان و مێشک تێکدەدەن. ئەگەر تامی هاوسەنگ بخۆی، بە پێچەوانە زمان و دواتر مێشک ئارام دەبنەوە. بۆ نمونە مێوەکان یان سەوزەکان زۆرینەیان لەڕووی تامەوە هاوسەنگن، یانی کاتێ میوەیەک دەخۆی زۆربەی تامەکانی بە بڕی هاوسەنگ تێدایە، بۆیە زمان ئارام دەکاتەوە و هانی نادا بۆ خواردنی زیاتر، واتە بە دەگمەن نەبێ، کەس نابینی لە سەوزەخۆری و میوەخۆریدا زێدەڕۆیی بکا. ئەگەر ئەم ڕێگەیە هەڵدەبژێری ڕێژەیەکی زیاتری میوە و سەوزە بخۆ، بە گشتی با خواردنەکانت لە ڕووی تامەوە هاوسەنگ بن.
سێیەم: ڕێگەی گەدە و ڕیخۆڵە، ڕێگەی گەدە و ڕیخۆڵەکان ڕێگەیەکی گرنگە. گەدە و ڕیخۆڵەکان و مێشک ئاوێنەی باڵانوێنی یەکترین، هەر کامێکیان خاوێن و ئارام بکەیتەوە ئەویتریشیان خاوێن و ئارام دەبێتەوە. دەتوانی گەدە و ڕیخۆڵەکان بشۆیتەوە، لە یۆگادا ڕاهێنانی تایبەتی ئاسانمان هەیە و دەبێ لە لای مامۆستا فێری بی، هەروەها بە خاوێنخۆری و کەمخۆریش دەتوانی خاوێنیان بکەیتەوە.
هەر کام لەم سێ ڕێگەیەت هەڵبژارد، لەسەری بەردەوام بە و بیکە بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەت.[1]