وردەکاری هێرشی سەر ماڵی لیوا حەمە ڕێگر و #عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک#
ئێوارە 28ی 29ی ئەیلول، بەدوو کاتی جیاواز، هێرشکرایە سەر ماڵی عەبدوڵای کوێخا موبارەک و لیوا حەمە ڕێگر بەرپرسی فەرماندەیی #کەرکووک#. هێرشەکان لەڕێگای درۆنەوە ئەنجام دران.
بەپێی زانیاریەکانی بوار هێرشەکەی سەر ماڵی عەبدوڵای کوێخا موبارەک کە ئێوارەی 28ی ئەیلول ئەنجامدرا، لە ڕێگەی درۆنێکەوە بووە و کاتیۆشایەکی 130 ملمی بەرداوەتەوە و پاشان کاتیۆشاکە تەقیوەتەوە.
بەپێی گرتەی ڤیدیۆی کامێراکانی ماڵی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، درۆنەکە دووجار هاتوەتە سەر خانوەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە گوندی هەمزە بەدووری دوو کیلۆمەتر لە #چەمچەماڵ# و جاری دووەم دوای هێرشەکە پاسەوانەکانی تەقەیان لە درۆنەکە کردووە.
لە هێرشەکەدا زیانی گیانی نەبووە تەنها زیان بە دوو ئۆتۆمبێل گەیشتوە و گومانیان لە دەزگایەکی ئەمنی ناوخۆی هەیە لە سنوری چەمچەماڵ، چونکە درۆنەکە وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە، درۆنەکە دوای هێرشەکە بەئاڕاستەی چەمچەماڵ فڕیوە.
ئێوارەی 29ی ئەیلولیش، لە ڕێگای درۆنەوە ماڵی لیوا حەمە ڕێگر فەرماندەی فەرماندەیی کەرکووک لە گوندی #کوڕەداوێ# لە نزیک چەمچەماڵ بە ئامانج گیرا.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، کاتی هێرشەکە لیوا حەمە ڕێگر لە #هەولێر# بووە و تەنها زیانێکی کەمی ماددی بەر خانوەکەی کەوتووە.
شایەتحاڵەکان لەگوندی کوڕەداوێ بەهەمان شێوە دەڵێن درۆنەکە بە ئاڕاستەی چەمچەماڵ فڕیوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، جۆری ئەو درۆنەی هێرشەکانی پێ ئەنجام دراوە، درۆنێکی پێشکەوت و نییە و لەو جۆرە درۆنانەیە کە بۆ وێنە گرتن سودی لێ دەبیندرێت، چونکە درۆنەکە توانای ئاراستەکردنی هیچ جۆرە موشەکێکی نەبووە، تەنیا کاتیۆشای 130ی ملیمی لێ بەستراوەتەوە و دواتر کە گەیشتووەتە شوێنی ئامانجەکەی خۆی کاتیۆشاکەی فڕێداوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، بەرپرسانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# گومانیان لە دەزگایەکی ئەمنی هەیە کە ئەو کارەی ئەنجامدابێت، چونکە بەپێی زانیارییەکانی ئەو لێژنە لێکۆڵینەوەیەی لە هەولێرەوە چووەتە ماڵی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک، گومانیان هەبووە درۆنەکە لەنزیک چەمچەماڵەوە ئاڕاستەکرابێت، ئەمەش بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگری و ئاراستەی گەڕانەوەی ئەو دڕۆنەی هێرشەکەی پێ ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی هێرشەکانی سەر ماڵی ئەو دوو بەرپرسە سەربازییەی پارتی، پەیوەندی بەگومانێکی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەبووە کە گومانیان کردووە، چەند سەرکردەیەکی پارتی ژیانی ئازاد، لە ماڵی ئەو فەرماندانە خۆیان حەشاردابێت، چونکە دوای هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممە، لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرپرسانی پارتی ژیانی ئازاد، سەنگەرەکانیان چۆڵ کردووە.
ئەمەش بە هۆی ئەوەی پارتی ژیانی ئازاد، سەنگەرەکانیان لە تەنیشت فەوجەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک و فەرماندەیی کەرکووکە لە گوندی شێراوەی #پردێ#. [1]