#مستەفا سەید قادر#، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشکی #بزووتنەوەی گۆڕان#، شکستی بە هەوڵێک بۆ کشانەوەی بزووتنەوەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێناوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار کەوتووە، لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، جارێکی تر باس لە کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت کراوە و تەنانەت بۆ ئەو بابەتەش چەند ئەندامێکی جڤاتەکە واژوویان لەسەر یاداشتێک بۆ کشانەوە کردووەو بەنیاز بوون، دەنگی تەواوی بۆ کۆبکەنەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، مستەفای سەید قادر شکستی بەو هەوڵە هێناوەو ڕێگری کردووە لە کۆکردنەوەی واژووەکان و خستنە دەنگدانی پرسی کشانەوەی گۆڕان لە جڤاتی نیشتمانی.
بوار زانیویەتی، مستەفای سەید قادر لە کۆبوونەوەکە جەختیکردووەتەوە، کە ئەگەر لە حکومەت بکشێنەوە ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە، بەتایبەتی کێشەی دارایی، بۆیە دەبێت بەردەوام بن و پابەند بن بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ #پارتی دیموکراتی کوردستان# بۆ بەشداری لە حکومەت واژوویان کردووە.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، جێگری سەرۆکی هەرێم لە پشکی گۆڕان هۆشداری ئەوەشی داوە، کە ئەگەر لە حکومەت بکشێنەوە، بۆ یەک مانگیش ناتوانن ئیدارەی گۆڕان و دام و دەزگاکانی بدەن و دەبێت سەرجەم دەزگاکان دابخەن. [1]