ناونیشانی بابەت: چۆن پەرتووک یان نامیلکەی تایبەتی منداڵان بۆ منداڵەکانمان هەڵبژێرین؟
ناوی نووسەر: #عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی#
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین لەو بەرهەمانەی کە پێشکەش بە منداڵان دەکرێن، جا چ نووسین یان وەرگێڕان بن، دەبینین هەندێک جار بەرهەمی وامان دەکەوێتە بەردەست و بەر چاو کە بۆ منداڵ شیاو نییە و کاتێک منداڵ بیان خوێنێتەوە یان بۆیان بخوێندرێتەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵ جێدەهێڵێت و دەبێتە هۆی چاندنی تۆوی ترس و دوودڵی و بێزاری لە منداڵاندا، بۆیە وا پێویست دەکات کە ئەو بەرهەمانەی کە پێشکەش بە دنیا جوانەکەی منداڵان دەکرێن بە شێوەیەکی باش لە لایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزاوە ببینرێن ئەوسا چاپ بکرێن، چونکە ئەو کەسانەی کە دەنووسن مەبەستیان ئەوەیە کە خزمەت بە منداڵ و دنیا جوان و ڕەنگاڵەییەکەی منداڵان بکەن، بۆیە ئەو کاتە خزمەتەکە گەورەتر و باشتر و پیرۆزتر دەبێت.من زۆر جار وەک سەرپەرشتیار کە سەردانی پەرتووکخانەی قوتابخانە یان ئەو شوێنانەی کە سەرپەرشتی منداڵ دەکەن و پەرتووکخانەیان هەیە پێم وتوون کە هەر پەرتووک و نامیلکەیەک لێی نووسرابوو بۆ منداڵان، ئەوە بەس نییە و ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو چیرۆکەکانی یان هۆنراوەکانی شیاو بن بۆ منداڵ و یەکسەر بخرێتە بەردەستیان تا بیخوێننەوە یان بۆیان بخوێندرێتەوە، یان کاتێک باوک یان دایک پەرتووک و نامیلکە بۆ منداڵەکانیان دەکڕن نووسین بێت یان وەرگێڕراو، پێویستە خۆیان لە پێشدا زۆر بە وردی بیخوێننەوە تا بزانن گونجاوە بخرێتە بەردەست منداڵ تا بیخوێنێتەوە، بزانن بۆ کام قۆناغ دەگونجێت، بزانن کە توندوتیژی تێدا نییە، بزانن کە چ پەیامێکی پەروەردەیی و جوان دەدات بە منداڵ، ئەوسا بخرێتە بەردەستیان.چونکە ئەو زانیاریانەی کە لە میانەی ئەو پەرتووک و نامیلکانەوە دەدرێن بە منداڵ زۆر بە زوویی وەری دەگرێت و بە ئاسانی بیری ناچێتەوە، پەرتووک و نامیلکەی تایبەت بە منداڵان بۆ ڕۆشنبیرکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیری منداڵە، بۆ فێربوونی زانیاری نوێیە، بۆ گەشەکردنی فەرهەنگی وشەکانی منداڵە، بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و باوەڕ بە خۆبوونی منداڵە، بۆ فێربوونی خۆشەویستی دایک و باوک و مامۆستا و خاک و نیشتمان و ژینگە و ژیانە، بۆ چاندنی سۆز و خۆشەویستییە، بۆ دروستبوونی مرۆڤێکی نەترس و ئازا و ئازاد و بوێر و مرۆڤدۆست و ژینگەدۆستە.کەواتە دەبێت زۆر وریا بین لە هەڵبژاردنی ئەو خۆراکە پێویست و گرنگەی مێشکی جگەرگۆشەکانمان، هەروا ئاسان نییە وەک هەندێک بەسادەیی دەچنە پەرتووکخانەیەک و منداڵەکە یان خۆیان، کام پەرتووک بەرگەکەی جوان بوو یان وێنەی فیلم کارتۆن و وێنەی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو هەڵی بگرن و بێ سێ و دوو بۆی بکڕن.ئێمە چۆن لە کاتی دروستکردنی خانوویەکدا هەوڵدەدەین کە بنچینەیەکی زۆر پتەو و باشی بۆ بنیاد بنێین تا بمانەوێت بێ ترس چەند چینێکی لەسەر دروست بکەین، ئەی باشە منداڵ بەردی بنیاتنانی کۆمەڵگە نییە؟ چۆن دەتوانیین هەروا بەئاسانی و بێ بیرکردنەوە و لێکدانەوە بەرهەم و بابەتی وایان بخەینە بەردەست کە گونجاو نەبێت بۆیان؟ دەبێت هەوڵبدەین چی باشە و دەبێتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی توانا و هزر و بەهرە و ڕۆشنبیرکردنی، ئەوەی بۆ دابین بکەین و گوێ نەدەینە ئەوەی کە نرخەکەی چەندە؟ [1]