ناونیشان: کەڕوو یان قڵیشانی قاچ
ئامادەکار: د. #گەشین کەمال شا محەمەد#
قڵیشانی قاچ بە سادەیی بریتییە لە شکاندن لە پێستدا کە پێستەکە لەیەکتری جیادەبێتەوە و هەوا لەو ڕێگەیەوە دەچێتە ژورەوە و بەکتریاش لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو چینی ناوەوەی پێستی قاچ، زۆر جار ئەو کەڕووە دەبێتە هۆی ئازار و هەندێک جاریش زیاتر دەکات و قڵیشەکان گەورەتردەبن.
$نیشانەکانی قڵیشان و کەڕووی قاچ و پاژنەی پێ$
1-قڵیشان و کرانەوەی پێست
2- ئازار لە شوێنی قڵیشانەکە
3- گەورەبوونی شوێنی برینەکە
4- ئاوسانی قاچ
5- ئەستوربوونی دەمارەکان
6- هەستکردن بە قورسی لە قاچدا
$چارەسەرکردنی قڵیشانی قاچ$
سەرەتا دەبێت پزیشکی پسپۆڕ زۆر بە وردی دەستنیشانی کێشەکە بکات و بزانێت ئایا قڵیشانەکە کەڕووی قاچە یان نا، پاشان بە پێی دەستنیشانکردنەکە چارەسەر دەستپێدەکات کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1- پاککردنەوەی برینەکە، هۆکارەکان هەرچییەکبن پێویستە لە هەموو کێشەیەکی پێستدا شوێنە نەخۆشەکە پاکبکرێتەوە بە شێوەیەکی پزیشکی و لابردنی پێستە مردووەکان لە ڕێگەی کرێمی تایبەتەوە.
2- چارەسەرکردنی خانەکان و پێکهاتەکان، هەوکردنی برینەکە دەبێتە هۆکاری نەخۆشی و تا، بۆیە دەبێت بە دەرمان چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بەکتریاکان لەناو بەرێت.
3- داپۆشینی برینەکە، چەندین جۆر و ئامرازی داپۆشینی برینی قڵشان هەیە، کە هەریەکەیان بە پێی پێویستی و جۆری برینەکە و ویستی کەسەکە بەکاردەهێنرێت، گەر برینەکەش قوڵبێت و خوێنی لێبێت، دەبێت زوو زوو پاکبکرێتەوە و جارێکی تر دابپۆشرێتەوە و تەڕ نەکرێت.
4- نەشتەرگەری، بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە برینەکەیان تەشەنە دەکات و بە ڕێکارەکانی ت چارەسەر نابن.
$خۆپارێزییەکان$
پێویستە ڕۆژانە کاتژمێرێک وەرزش بکرێت و کێشی لەش داببەزێنرێت و لە جگەرەکێشان دووربکەویتەوەو چاودێری قاچ و پاژنەی پێکان بکەیت بە بەردەوامی و لە کاتی ڕاوەستاندا بۆ ماوەیەکی زۆر هەمیشە با هێز لەسەر یەک قاچت نەبێت و زوو زوو شێوازی وەستانت بگۆڕە و پشکنینی خوێن و سەلامتی دەمارەکان بکە بۆ دڵنیابونەوە. [1]