خانوو سواقدان.
#عەباس نادر قادر#
پێشتر خانووی ماڵ و دیواری حەوشە و کۆشک و لەودە و هۆرێ مەڕی و تەویلە لەدەشتێ زیاتر لە خشت و قوڕ درووست دەکرا بەڵام لە گوندنشینی نێو چیاکان بەبەردی چیا و قوڕ درووستدەکرا، لەگەڵ ئەوەش هیی ئاغە و پیاوی دەوڵەمەند و خواپێداوەکان بە بەرد و گەچ و قسڵ درووست دەکرا. قوڕکاری زیاتر لە پایزان دەکرا سەری خانوو بە قوڕی تایبەت سواق دەدرا، خەڵک تیایدا هاریکاری یەکدیان دەکرد.
قوڕ چۆن دەگیراوە ؟
یەکەمجار خۆڵە سۆریان دەهێنا لە شوێنی تایبەت بەقەدەر خۆڵەکە کا یان قەسەڵی وردیان لەگەڵ تێکەڵ دەکرد و پاشان لە گۆماو خەفتەیان دەگرتەوە دوای 23 شەو لە ناو ئاوێ دەیانخوساند تاکوو چ تۆ و گرۆیەکی ڕووەکی هەیە لەناو خۆڵەکە بمرێ، چونکە دوایی توانای شینبوونەوەیان هەیە و کاریگەری دەبێت لەسەر دڵۆپە، دوایی تەواو تێکەڵیان بەیەک دەکرد و ئینجا بەهۆی خشتبڕەوە قاڵبی تایبەت بوو بۆ درووستکردنی خشت ئینجا خشتبڕەکەیان دادەنا و قوڕەکەیان تێدەکرد و بە مارنج سەریان لووس دەکرد، دوایی خشتبرەکەیان دەردەهێنا و خشتەکە جۆرێک لەشێوازی لاکێشەیی وەردەگرت جارجار ئەو خشتبڕەیان بە ئاو تەڕدەکرد، بەهۆی ئامرازێکی تایبەت کە ناوی قوڕکێش بوو لە دووداری درێژ پێک دەهات و ناوەندەکەی بەشێوەی چوارگۆشە لە پلێت یان تەنەکە درووست دەکرا، بەدوو کەسان قوڕەکەیان پێ دەکێشا، دوای ئەوەی هەموو خشتەکەیان دەبڕی لەبەر هەتاو 2-3 ڕۆژ تا تەواو وشک دەبوو ئینجا خشتەکەیان لە شوێنی خۆی دەجووڵاند و بە ستوونی یان بە ئاسۆیی ڕایاندەگرت بۆ ماوەی ڕۆژێک تا تەواو وشک دەبوو، دوای وشک بوونەوە بەکاریاندەهێنا بۆ دیوار درووستکردن، خشت کە دەکرا دیوار ئەگەر خشت بەپانی دابنرایە بەدوو ڕێز یان یەک ڕێز دەیانگوت مەشکانی، ئەگەر بە درێژی بووایە، دوورێز یان یەک ڕێز دایانبنابوایە دەیانگوت لانکانی، قوڕەکەش بەپەیتی بۆ سواقدانی سەری خانوو وەک سەبەی چیمەنتۆ بەکاریان دەهێنا. یان بۆ لووسکردنی دیوارەکان، لەجیاتی لەبغی ئێستا.
سواقدان قوڕی پەیت لە سەربانەکان پەرتەکرا و بە مارنج لووس دەکرا، بە ئەستووری 3 4 سم، یان دیواری پێ لووس دەکرا.
ئەو قوڕەی لەوەرزی پایز دەگیرێتەوە بەرگەی باو بارانێ زستانێ باشتر دەگرێت، لەقوڕی هاوینە.
خوساندن:هێشتنەوەی قوڕ لەناو کەمێک ئاو بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێ.
خشتبڕ: ئامرازێکی لاکیشە بوو 40×20سم لە دار درووستدەکرا وەک قاڵب بوو قوڕییان تێدەکرد تاکوو خشتی تێدا ببڕن.
قوڕکێش: ئامرازێک بوو قوڕییان پێ دەکێشا.
مەشکانی: دانانی خشت لەسەر دیوار بە پانی.
لانکانی: دانانی خشت لەسەر دیوار بە درێژیی. [1]