ناونیشانی بابەت: شانازی و شکۆی تاکی کورد
نووسەر: #پۆڵا سەعید#
شوناسی #کوردستان#، شوناسێکی ئونیک و تایبەتە هەم بە خودی کوردستان و هەمیش بە کورد خۆی. هەرچ شتێک نامۆ بێت بە کوردستان و بە کورد، سانا دەردەکەوێت. وەک ئەوەی بوونێکی نامۆ بیەوێت خۆی لەم شوناسەدا بەرجەستە بکات. لێ گرنگی پێنەدان و کەمتەرخەمیی کورد خۆی وەهای کردووه، ئەم بوونە نامۆیانە وەک شوناسی کورد خۆی دەربکەون. ئا لێرەدا نەک شوناسی کورد بە تەنیا، بەڵکوو شوناسی کوردستانیش لەبەردەم هەڕەشەیەکی چارەنووسسازییدایه.
بۆچی ئێمە لە باشووردا هەر جارەی گیرۆدەی ناوێک دەبین، کە هەموو وزە و توانای خۆی دژ بە پایە بەرزەکانی مرۆڤایەتی دەخاتە گەڕ؟ بۆچی دەشبێت هەمیشە بە کۆدێک بدوێین، کە تەنیا هەڵبژاردەیەک بزانێت لەسەر چی دەدوێین و لە کوێی ژیانی ڕۆژانەی کورد لە باشووردا گرفت دەبینین؟ بۆچی لە دوای ڕاپەڕینەوە هەتا ئێستا کارخانەیەک بە بەردەوامی مۆدێلی نوێی ماشێنی فاشی بەرهەم دێنێت و بەریاندەداتە گیانی هاووڵاتییان لە باشووردا؟
لێ هەروەکوو چلۆن بۆشاییەکی گەورەی ئاساییش لەنێوانی هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراقییدا هەیە لە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکاندا، کە داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی دەیقوازێتەوه، ئاوهاش سەرقاڵیی حکوومەت بە کۆمەڵێک کێشەی گەورەی چارەنووسسازییەوه، وەهای کردووە بۆشاییەکی گەورەی ئاساییشی کۆمەڵایەتی لەناو هەرێمدا بوونی هەبێت. ئەم بۆشاییە گەورەیە لەلایەن کارگەکانی بەرهەمهێنانی ماشێنی فاشییەوە بەکار دەهێنرێت بۆ پراکتیزەکردنی جەنگێکی هزری. جەنگێک کە سوپایەکی فاشی تێیدا هەوڵی هاڕیینی شانازی و شکۆی تاک و کۆی کوردی تێدا دەدەن.
زانایانی بواری سێکسوال و کۆمەڵناسی و دەروونناسی لە ساڵی 1955ەوە سەرقاڵن بە چەمکی ژێندەرەوه. ژێندەر یاخود ڕەگەزی کۆمەڵایەتی، گەشەیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییه، نەک شیکارییەکی ماتماتیکی، کە تێیدا پێداگری لەسەر ئەوە بکەین کە یەک و یەک دەکاتە دوو. وێڕای ئەوەی، کە مرۆڤ نزیکەی سێ چارەکە سەدەیە بە زانست سەرقاڵە بەم چەمکەوه، لێ لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤایەتی لە سەرەتای بوونیەوە خاوەنی کۆگرێک لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی بووه. مرۆڤایەتی هەمیشە خاوەنی خەڵکانێکی جیاواز بووه.
وێڕای ئەوەی چەمکی ژێندەر ئینگلیزییه، لێ ئینگلیزەکانیش لە ڕۆمەکانەوە وەریانگرتووه، لە لاتینییەوە وەریانگرتووه، کە پێی دەڵێن: گێنێرە ناتوس (Genere Natus). ئەمەش بە واتای ڕەگەزی لەدایکبوون. تاک خاوەنی ئەو ڕەگەزەیه، کە لەگەڵیدا لەدایک دەبێت. ئاخر بۆیە لە دەروونناسییدا گرنگیی گەورە بەوە دەدرێت، کە ئاخۆ منداڵ هەست بە چی دەکات؟ هەست دەکات کە ئەو کوڕە یان کیژه؟ ئەم هەستە بەشێکە لە شوناسی تاک. ئیمڕۆ لە ئەورووپادا منداڵان لە باخچەی ساوایانەوە ڕادەهێنن لەسەر ئەوەی، کە هەست بە و هەستە بکەن، کە لە ناویاندایە بۆ گەیشتن بە ڕەگەزی لەدایکبوون.
نازییەکانی ئەڵمانیا لەمیانەی جەنگی جیهانیی دووهەمدا، هەڵستان بە پاکتاوکردنی خەڵکانێک، تەنانەت هاندیکاپەکانیش. هەوڵێکی گەورەیان دا کە بەشێکی گەورەی ئەم دۆسیەیە لە پۆلێنکردنی نەخۆشییە دەروونییەکاندا لە ICD-10 وەک نەخۆشیی دەروونی دەستنیشان بکرێت. بەڵام لە سەرەتای ساڵی حەفتاکاندا وڵاتی دانمارک و دواتریش وڵاتانی تری ئەورووپا یاسای جیاواز و پێچەوانەی ئەو ڕەفتارەی ئەڵمانیایان دەرکرد، لە هەر کوێیەکی جیهاندا ئەم هەوڵە و هاوشێوەی ئەم هەوڵە دژ بە مرۆڤ بدرێت، هیچ جیاوازییەکی نابێت لەنێوانی ڕەفتاری ئێستای کۆمەڵێک ماشێنی فاشی و فاشییەکانی ئەڵمانیادا.
لەکاتێکدا ئێمە ئێستا سەرقاڵین بە چەمکی ژێندەرەوه، کەچی جیهانی یەکەم سەرقاڵن بەوەوە کە بیسەلمێنن کە تەقینەوە گەورەکە The Big Bang سەرەتای درووستبوونی گەردوون نەبووه، بەڵکوو کۆتایی دەستپێکردنێک بووه. گەورە زانای فیزیا Roger Penrose کە هەڵگری خەڵاتی نۆبێلە ئیمڕۆ ڕاستییەکی تری گەردوونیمان دەداتە دەست، لەکاتێکدا ئێمە سەرقاڵیین بە تێکۆشانەوە بۆ گەیشتن بە سادەترین مافی مرۆیی.
بەجێهێشتنی کوردستان نابێت تاکە چارەسەر بێت بۆ گەیشتن بە ژیانێک لە دڵنیایی مرۆییدا، بەڵکوو پێویستە لە نیشتیماندا بگەین بەم دڵنیاییە مرۆییه.
ڕاستی و ڕیالیتێت و ئەقڵگەری لە یەکتری جیا ناکرێنەوه، بەڵکوو گرێدراوی یەکتریین. ڕاستی و ڕیالیتێتیش ئەوەیە کە مرۆڤایەتیی خاوەنی ڕەگەزێکی تریشه، خاوەنی ڕەگەزی لەدایکبوونە ئینجا کچە یان کوڕە یان تێکەڵەی هەردووکیان هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت. ئەمە ڕاستییە و ئەمە ڕیالیتێته، ئا لێرەدا بە ئە قڵ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕاستییەدا پێویستییەکی گەورەی ژیانه. هێگڵ لەم ڕووەوە دەڵێ، هەرچ شتێک هۆشیارانە بێت، ئەوا ڕاستییه، هەرچ شتێکیش ڕاستی بێت، ئەوا هۆشیارانەیه.
لەسەر ئەم بنەما ئەقڵگەراییەیه، کە ئەورووپا ئیمڕۆ مامەڵەیەکی ڕاست و هۆشیارانە لەگەڵ مرۆڤایەتییدا دەکات. بەڵام ئەورووپا خاوەنی دەوڵەتن. دەوڵەت بوونێکی گرنگە لە پراکتیزەکردنی ئازادییدا و لە برەوپێدان بە گەشەی هۆشی گەردووندا. هێگڵ لەم ڕووەوە دەڵێ، دەوڵەت ئایدیا کان دەکاتە ڕیالیتێت. دەوڵەت خاوەنی هۆشه، ئەم هۆشە فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەی هۆشی نەتەوە و تاکدا. کوردستان خاوەنی دەوڵەت نییه، بەڵام حکومەتی هەرێم دەتوانێت هەمان ڕۆڵی دەوڵەتی هەبێت، چونکە ئەو هەڵگری هۆشێکی گەورەیه، ئەم هۆشە دەتوانێت بە یاسا دڵنیایی تاک لە ژیاندا بپارێزێت. ڕێگری لە کارخانەکانی بەرهەمهێنانی ئەم ماشێنە فاشییانە بگرێت. بە یاسا دەتوانێت شانازی و شکۆی تاک بپارێزێت، شکۆی ڕەگەزی لەدایکبوون بپارێزێت، وەک ئەوەی کە هەیه، چونکە مرۆڤه. [1]