ناونیشانی بابەت: پەرتوکخانەی منداڵان
ئامادەکردن: #عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی#
ئاشکرایە کەپەرتوکخانە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند و زیندووە کە مرۆڤی خوێندەوار دەتوانێت بەهۆیەوە لەڕێگەی خوێندنەوەوە خودی خۆی پێ ڕۆشنبیر بکات و ئاسۆی بیری پێ فراوانبکات و پەرە بەحەز و خولیاکانی بدات. کەواتە پەرتوکخانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لەژیانی مرۆڤدا و ڕێگەیەکیشە بۆ بەرەو پێش چوونی ئەدەب و ڕۆشنبیری و هونەریش.. منداڵانیش بەچکە مرۆڤێکی سادەو ساکارن و ئەوانیش پێویستیان بەپەرتوکخانەی تایبەت بەخۆیان هەیە، تائەوانیش گوڵی حەزو ئارەزووەکانیان بەگەشاوەیی لەوێ ببینن و بەتامەزرۆوە بۆنی بکەن، بێگومان پەرتوکخانەش وەک جۆرێکی تایبەتی قوتابخانە وایە کەکاردەکاتە درووستبوونی منداڵ و بنیاتنانی کەسایەتی مناڵ بەشێوەیەکی درووست هەروەک چۆن خێزان و قوتابخانەو دەوروبەر ڕۆڵیان هەیە لەم بوارەدا، هەرچەندە تەلەڤزیۆن و ڕادیۆش لەمیانەی بەرنامەی منداڵانەوە ڕۆڵیان هەیە لەم بوارەدا، بەڵام ڕۆڵی پەرتوکخانە جیاوازە چونکە منداڵ بەپێی حەزو ئارەزووەکانی خۆی بابەتەکان هەڵدەبژێرێت و ڕاستەوخۆ دەیخوێنێتەوە نەک بیبینێت یان بیبیستێت، هەروەها دەتوانێت چیرۆکێک یان شیعرێک یان پەرتوکێک یان گۆڤارێک کەزیاتر سەرنجی ڕادەکێشێت بەلایەوە خۆشە، حەزو خۆزگەکانی خۆی تێدا دەبینێتەوە،
دووبارە و سێ بارە بیخوێنێتەوە، بەڵام بەرنامەی تەلەڤزیۆن یان ڕادیۆ ناتوانێ بەس یەک جارەو ئەویش زۆرجار لەئیشەکان باش حاڵی نابێت بێگومان پەرتوکخانەی منداڵان جا چ لە پەرتوکخانە گشتییەکاندا بێت یان لەقوتابخانەکاندا یان لەمەڵبەندەکانی منداڵاندا.بێت وەک ئاشکرایە پێویستە جیاوازبێت لەڕووی بابەت و شوێن و کارمەندو پەرتوک و گۆڤارو هۆیەکانی ڕاگەیاندن و ڕونکردنەوەوە. دەبێت لەشوێنێکی وادا کەمنداڵ بەئاسانی بیگاتێ و دوورنەبێ و شوێنەکەی قەرەباڵغ نەبێت.
پەرتوکخانە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێ لەژیانی منداڵ دا لەبەرەو پێش چوونی ئەدەبی منداڵانیشدا، هەروەها ئەو منداڵانەی هاتوچۆی دەکەن زیاتر بابەت و شیعرو چیرۆکەکانی دەیخوێننەوە لەبەری دەکەن و بۆ هاوڕێکانیشیانی دەگێڕنەوە تائەوانیش بەپەرۆشەوە ڕووی تێ بکەن چونکە هاندانێکە بۆ ئەوانیش.
خوێندنەوە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر منداڵ بەزوویی شتەکان وەردەگرن ئەگەر پرسیارێکی لێکرا بەڕوونی دێتە وەڵام دەربارەی ئەوشتەی ئەو خوێندوویەتیەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا وەڵامی چەندان پرسیاری ناخی خۆی بەهۆی خوێندنەوەوە دەدۆزێتەوە دەربارەی دیاردە سرووشتییەکان و ژیان و دەوروبەر.
جارێکیان لەپۆلی چوارەمی بنەڕەتییدا لەوانەی (سروود)دا دوای ئەوەی کەئەو گۆڤارە منداڵانەی بۆم ئامادەکردبوون شیعرو چیرۆک و بابەتەکانیم بۆ خوێندنەوە لەگەڵ هەر شیعرێکدا ناوی شاعیرەکەشم پێ دەوتن کەزیاتر مەبەستم بوو دوایی کەوتمە پرسیار لەقوتابییەکان، یەکەم پرسیاریشم ئەوەبوو کێ دەتوانێ ناوی شاعیرێکی ترم پێبڵێ زۆریان یەکەم جار دەستیان بەرزکردەوە تادووجار پرسیارەکەم دووبارەکردەوە، کەوەڵامی هەمووان لە(کاکەی فەللاح، زێوەر، بێ کەس)تێپەڕی نەکرد، بەڵام ئەوەی سەرنجی من و قوتابیەکانیشی ڕاکێشا منداڵێک بوو کەناوی زیاتر لەدە شاعیری وت، کەلێم پرسی چۆن و لەکوێوە ئەمانە فێربووی؟ بەهێمنی و بەزەردەخەنەیەکی جوانەوە وتی لەماڵەوە هەرچی پەرتوک و گۆڤاری منداڵانە بۆم دەهێنن و هەمووی لەوێوە فێربووم بەهێواشی ناوی گۆڤار و پەرتوکەکانیشی بۆ وتم، کەزیاتر ئەو منداڵەش وای لێکردم ئەم بابەتە بنووسم، بۆیە دەڵێم پێویستە وەک هەموو پێویستییەکانی تر دەبێت پەرتوک و نامیلکە و گۆڤاری منداڵان بۆ منداڵەکانمان پەیدابکەین و پێویستە هانیان بدەین و یارمەتیان بدەین کەسەر لە پەرتوکخانە بدەن ئەوکاتانەی لەکۆڵان بەسەری دەبەن لەوێ بەسەری ببەن، چونکە سوودی زۆری لێ دەبینن، شایەنی باسە کە لە شاری سلێمانی خۆشەویستدا دڵسۆزان و خەمخۆرانی دنیای بێ گەردی منداڵ هۆڵی خوێندنەوەی منداڵانیان کردۆتەوە لە پەرتوکخانەی گشتی سلێمانی کە زۆربەی زۆری پێداویستییەکان و مەرجە بنەڕەتییەکانی پەرتوکخانەی منداڵانی تێدایە و خزمەتێکی زۆر بەمنداڵانی کورد دەکات کەمایەی دڵخۆشییە، بۆیە پێویستە لەسەر باوکان و دایکان و مامۆستا بەڕێزەکانیش کەسوود و قازانجی خوێندنەوەو ڕۆڵی پەرتوکخانە بۆ منداڵان ڕوون بکەنەوە تائەوانیش بەهۆی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکانی ئەوانەوە کاتی بێکارییان لە پەرتوکخانەدا بەسەر ببەن نەک لەکۆڵان و شوێنی تردا خۆیان خەریک بکەن بەکاری بێ سوودەوە و کاتی خۆیان بەفیڕۆ بدەن.
بەپێویستی دەزانم لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ بخەمەڕوو کەپێویستە لە پەرتوکخانەی منداڵاندا ئەنجام بدرێ بۆزیاتر سوود وەرگرتنی ئەو منداڵانەی کەکاتی خۆیان لە پەرتوکخانەدا بەسەردەبەن:
1- بەشی چیرۆک یان گۆشەی چیرۆک، چونکە چیرۆک ڕۆڵێکی باش دەبینێ لەگەشەسەندنی تواناکانی منداڵدا، دەبێت لە پەرتوکخانەی منداڵاندا گرنگییەکی زۆری پێبدرێت، تەنانەت لەزۆر شوێندا کاتێکی تایبەتی بۆ دیاری دەکەن کە لەلایەن کەسێکی بەتوانا و لێهاتووەو ئەنجام دەدرێ، کەسێک کەبتوانێ سەرنجی منداڵان بۆلای خۆی ڕابکێشێت و مەبەستی چیرۆکەکەی بەتەواوی بگەیەنێتە منداڵ چونکە ئەو کەسەی کەچیرۆکەکە دەگێڕێتەوە (Story Teller) ئەگەر کارامەو لێهاتوونەبێت سەرکەوتوو نابێت، هەروەها دەبێت چیرۆکی باش و گونجاو هەڵبژێرێت و ڕەچاوی تەمەنی منداڵیش بکرێ.
2- پێشانگە، بێ گومان لە پەرتوکخانەدا جۆرەها گۆڤارو پەرتوک هەیە، پێویستە لەپێشانگەیەکدا نیشانی منداڵان بدرێ دوای ئەوەی کەئاگاداری بۆکرا. ئەویش هەفتانە یان مانگانە، جۆرەها بۆنەش هەیە کەپێویستە پێشانگەی تێدابکرێتەوە چونکە منداڵ گرنگی پێ دەدات ئەویش بۆ ماوەیەکی کەم، ئەویش وەک ڕۆژی جیهانی منداڵان.
پێویستە پەرتوک و گۆڤارەکانیش لەشوێنی تایبەتدا دابنرێ یان لەشوێنێکدا کەشاراوە نەبێت لای منداڵ هەرچەندە ئەمەش دەکەوێتە سەرقەبارەی پێشانگەکە، نابێت پێشانگەکەش هەر پەرتوک و گۆڤاربێت، بەڵکوو چەند تابلۆیەکیش کەپەیوەندی بەبۆنەی پێشانگەکەوە هەبێت.
3- وەک چۆن لەخاڵی یەکەمدا باس کرا دەبێت منداڵان گوێ بیستی چیرۆک و مۆسیقابن لە پەرتوکخانەدا بەئامانجی یارمەتی دانی منداڵ لەسەر درووستبوونی کەسایەتی منداڵ و جوڵاندنی هەست و سۆزی منداڵ و نەشونماکردنی بەهرە و تواناکانیان و گەشەسەندنی حەزو ئارەزووەکانیان.
4- وێنە، ئەمەیش جۆرێکی ترە لەو چالاکییانەی کە لە پەرتوکخانەی منداڵان ئەنجام دەدرێ، دەبێت پێویستییەکانی بۆ ئامادەبکرێ لەکارمەند و شوێن و کەرەستەکانی.
5- باسکردنی ئەو پەرتوکانەی کەسەرنجی منداڵ زیاتر ڕادەکێشێت.
6- نیشاندانی فیلمی سینەمایی تایبەت بەمنداڵ.
7- بانگ کردنی ئەو نووسەرانەی کەبۆ منداڵان دەنووسن تا لەسەر بەرهەمەکانی خۆیان قسەبکەن و بەزمانی خۆیان بۆ منداڵانی بخوێننەوە، لەگەڵ باسکردنی هەر بابەتێک منداڵ زیاتر گرنگی پێ دەدات.
8- سازدانی چەند یارییەک بۆ منداڵان وەک پێشبڕکێء شتیتر.
9- بانگ کردنی چەند منداڵێک بۆ خوێندنەوەو گێڕانەوەی چیرۆک بەزمانی تایبەتی خۆیان.
10- کارکردن بۆ گەیاندنی سوودی پەرتوکخانە بە هەموو شوێنێک بەوەرگرتنی پەرتوک لەلایەن منداڵانەوە یان هەوڵدان بۆ بنیاتنانی پەرتوکخانەی گەڕۆک بۆ شوێنی تر، وەک ئەو گەڕەک و گوندو شارۆچکانەی کەمنداڵانیان بەئاسانی ناگەنە پەرتوکخانە.پێویستە منداڵ وافێربکرێ کەدوای خوێندنەوەی هەر پەڕتووک و گۆڤارێک لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بیگێڕێتەوە و بێدەسکاری و لێ نووسین و دڕاندن.
بۆ ئەم باسە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە.
1- ادب الاطفال دراسە وتحقیق (عبدالفتاح ابو معال)
2-مکتبة الطفل خصائصها، تنقیمها، مؤهلات العاملین فیها (منی محمد علی الشیخ ابراهیم). [1]