ناونیشانی بابەت: چۆنییەتی هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیان لە #کوردستان#
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
پاژێک لە: مێژوو و شوێنەواری ئایینی کریستیان لە کوردستان
لەبارەی سەرەتای هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیان لە کوردستان، کەم سەرچاوەمان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، پسپۆرانی مێژوو و جیۆگرافیا باس لە دوو ڕێگای سەرەکی دەکەن، لە هاتنی ئایینی کریستیان بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و کوردستان.
$ڕێگای یەکەم:$
وا باس دەکرێ، کە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیانی لە کوردستان لە ڕێگای موژدەبەخشەکانەوە بووە، کە ئەمانە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئایینی کریستیانیان بە شێوازی گفتوگۆ و باوەڕپێهێنان لەسەر شان بووە.
موژدەبەخشەکان کەسانێک بوون، کە لە ڕووی ئایینییەوە دەگەیشتنە پلەیەکی باڵا لە مەعریفە و زانستی ئایینی و توانای بانگهێشتکردنی خەڵکیان هەبووە، بۆ ناسین و باوەڕپێکردنی ئایینی کریستیانییەت.
یەکەم موژدەبەخشیش کە هاتووەتە ناوچەکانی کوردستان، یەکێک لە یارە نزیک و قوتابییەکانی پەیامهێن عیسا بووە بە ناوی (مار تۆما) ، کە دواتر بەرەو ناوچەکانی ئەرمینیا و قەفقازیش ڕۆیشتووە و دواتر لە هیند کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە ئایینی کریستیانییەت سەرەتا لە ناوچەی ڕەها، یان #ئۆرفا#ی ئێستای #باکووری کوردستان# بڵاو بووەتەوە.
ڕەها شارێکە لە باکووری کوردستان، کە وەک شاری پێغەمبەران ناسراوە، ئەم شارە سنوورییە، ناوەندی شارستانی و زانستی و مەڵبەندی چالاکییەکانی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی سریانی بووە لە سەدەی دووەمدا. پێدەچێ ئەم شارە شوێنێک بووبێت بۆ بڵاوبوونەوەی کریستیانییەت بەرەو ناوچەکانی دیکەی شارەکانی نێوان دوو ڕووبارەکە.
لەم شارەدا کۆمەڵێک مامۆستا قوتابخانەیەکی ئایینیی سادەیان بەڕێوە بردووە، بەڵام دواتر لەسەر دەستی مار ئەفرام لە ساڵی 363 زایینی، قوتابخانەیەکی لاهووتی ڕێک خرا و دامەزرا.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، چیرۆکێک لەسەر چۆنییەتیی هاتنی مار تۆما بۆ کوردستان هەیە، کە دەڵێ: بۆ یەکەم جار تۆما لە سەدەی یەکەمی زایینی، لەسەر بانگهێشتی پاشای شاری ڕەها، کە داوای لە حەزرەتی مەسیح کردووە بۆ چارەسەرکردنی کچەکەی لە نەخۆشیی گەڕی یارمەتیی بدات، بەڵام عیسای مەسیح لەجیاتی خۆی، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی، کە لە دوازدە قوتابییەکانیشی بووە، لەگەڵ دوو هاوەڵی، کە لە 72 یارەکەی حەزرەتی مەسیح بوون، بۆ لای پاشای ڕەها دەنێرێت و کچی پاشا لەسەر دەستی نێردراوەکانی عیسای مەسیح لە نەخۆشییەکەی چاک دەبێتەوە، بۆیە لە دوای ئەم ڕووداوە، پاشا بڕیار دەدات ئایینەکەیان بگۆڕن بۆ ئایینی کریستیان و بەو شێوەیە بە تێپەڕبوونی کات و هاتنەوەی بانگەوازخوازەکان ئایینی کریستیان لە باکووری ڕافیدەین، گەشە دەکات و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر دەبن.
پاش مار تۆما، مار ئەدای و مار ماری لەگەڵدا بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە. کەسایەتیی مار ئەدای بەهۆی کارە باشەکانی و ئەو دڵسۆزییەی لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا هەیبووە، توانیویە سەرنجی خەڵک بەرەو ئایینی کریستیان ڕابکیشێت و زۆر خەڵک باوەڕیان پێ هێناووە و بوون بە بڕواداری ئایینی کریستیان.
یەکێک لەو کەسانەی لە مێژوودا ناوی هاتووە و چووەتە سەر ئایینی کریستیان و بووە بە یەکەم مەتڕان لە #حەدیاب#، ئافرەتێک بووە بە ناوی باکیدە.
کەسایەتیی ماری بە دامەزرێنەری فەرمیی کورسیی کڵێسەی ڕۆژهەڵات دادەنرێت لە سالیق و قەتەیسفون (تیسفوون) ، کە درووستکەری کڵێسەی دایک لە (کوخی) لە ناوچەی بوعیسا لەنزیک دۆرەی بەغدایە.
پاشان ئایینی کریستیان دەگاتە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک #کەرکووک#، #شەقڵاوە#، #ئاکرێ# و ناوچە چیاییەکان.
سەبارەت بە ناوچەی حەدیاب و بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیان لەم ناوچەیەدا، لە ژمارە هەشتی گۆڤاری (سوبارتو) ، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ئامادەکردنی مامۆستا ڕێزان غەفوورە، لەبارەی ئایینی کریستیان لە شانشینی حەدیاب، وا باس دەکرێ کە: دوای ئەوەی شاژن هێلینا و بنەماڵەی شاهانە ئایینەکەی خۆیان، کە فرە خواوەندی بووە، دەگۆڕن بە ئایینێکی یەکتاپەرەستی، کە ئایینی جوو بووە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی جوو وەک ئایینی بنەماڵەی پاشا، شاژن هێلینا سەفەر دەکات بەرەو فەڵەستین، هەر لەو کاتەوە بووە، کە پەیامهێن مەسیح لەدایک بووە وە و ئایینی کریستیانش دەرکەوتووە و بانگەوازیی بۆ کراوە، بەڵام نازاندرێت کە شاژن هێلینا و بنەماڵەکەی چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئایینی کریستیاندا بووە، ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە، کە بە بڕیاری گۆڕینی ئایینی ئەم بنەماڵەیە بۆ ئایینی جوو، کاریگەریی کردووەتە سەر هەرێمی حەدیابین، بۆ وەرگرتنی ئایینی تاک خواوەندی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی حەدیابین ئەم ئایینەیان قبووڵ کردووە.
$ڕێگای دووەم:$
ئەو کریستیانیانە بوون، کە بەزۆر کۆچیان لە زێدی خۆیان پێ کرابوو و لەگەڵ هاتنیان بۆ کوردستان بووبوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەی ئەم ئایینە، ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی (بەرکۆکبا) لە ساڵی 67ی زایینی، دوای ئەوەی شارەکەیان لەلایەن فەرماندەی ڕۆمانی (تەیتەس) کاول کرا و سووتا، لە فەلەستین بەرەو ناوچەکانی میزۆپۆتامیا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیی کۆچیان کردبوو و لە دوای نیشتەجێبوونیان و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵک، ئایینی کریستیانیش بەرەبەرە لەناو خەڵک بڵاو بووە و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر بووە.
ڕووداوێکی مێژوویی دیکە، کە کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی کریستیانییەت لە ناوچە ناوبراوەکان، شەڕەکانی ئیمپراتۆری ساسانی بوو لەگەڵ ئیمپراتۆری ڕۆمەکان، کە بەهۆی ئەم شەڕانەوە ژمارەیەکی زۆر لە کریستیانیەکانی نیشتەجێ لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆما، دیلی سوپای ساسانی بوون و دواتر بەهۆی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکانی سەر سنوور وەک نێوان دوو ڕووبار و ئەنتاکیا و سووریا و شارە جیاوازەکانی ئێران، ببوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و ئێرانی کۆن.[1]