$گەورەترین ڕووداوی 2022، کەوتنی ئەفسانەی ئەوروپا بوو$
نووسینی: #ئیدریس مستەفا#
گەورەترین ڕووداو لە ساڵی 2022، لای من، کەوتنی ئەفسانەی ئەوروپا بوو وەک زەڕوورەتێکی مێژوویی و سیاسی سەردەم. ئەفسانە بەو مانایە نا کە هیچ کەس نەیزانیوە ئەوروپا چییە و چی نییە بەڵکوو بەو مانایەی لەمسەر بۆ ئەوسەری جیهان لە سادەترین کەسەوە تاکو خۆشباوەڕترین کەس بگرە هاووڵاتیانی ئەوروپایی ڕاستیەکانی ئەو کیشوەرەی بۆ دەرکەوت کە چەندە دوورە لەو پرەنسیپ و دروشمانەی بانگەشەی بۆ دەکردن بە درێژایی یەک دوو سەدەی ڕابردوو. دیارە ئەوەی لێرەدا زۆرتر من مەبەستمە بارە سیاسی و ئەو سیستەمە جیهانیەیە کە ئەوروپا سەرکردایەتی دەکرد؛ ئەگەرنا، وەک ئەو خزمەتە گەورەیەی لە بواری فکر و فەلسەفە و زانستدا پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە کەم وێنەیە. ئاڕاستە سیاسیە جیهانییەکانی ئەوروپا زۆربەی ئەو بیریار و داهێنانە زانستیانەی کیشوەرەکەی شەرمەزاری بەردەم مرۆڤایەتی کرد.
لە مێژووی نوێدا هیچ جەمسەرێکی کۆڵۆنیالێستی هێندەی ئەوروپا فەرهەنگ و کەلتور و ژیانە ئابووری و سیاسیەکەی سەرنجی دنیای بەلای خۆیدا ڕانەکێشابوو؛ بگرە ببوو بە سەنتەری هزر و بیر و کەلتور و فەرهەنگی تازەگەری و نموونەی مۆدێلی ژیان لە بوارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیەکاندا بەرادەیەک زۆربەی خەڵکانی بەشەکانی تری دنیا لە هەر ئاستێکدا بووبن ئیرەییان پێ بردووە و حەزیان کردووە وڵاتەکانیان ئاوهای لێ بێت یاخود وەک کەس لەوێ بژین. ئەو ڕەگەزانەی وای لەوە کردبوو ئەم ئەوروپایە ببێ بە ئەفسانەی سەردەم، لە یەک دوو سەدەی ڕابردووەوە، بریتی بوون لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و لێبوردەیی و سیستەمی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی و ڕۆڵی یاسا و دادەکان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و نێوەند ئابووری باش بە بەراورد بە جەمسەرەکانی تری دنیا بۆ هاووڵاتیەکانیان. دیارە هەموو ئەم ڕەگەزانە لەسەر حسابی قۆرخ کردنی وڵاتانی تر و چەوسانەوەی خەڵکانی تری جیهان بوو. بەداخەوە هاووڵاتیە ئاساییەکانی ئەوروپا زۆر درکیان بەم ڕاستیە تالە نەدەکرد.
کێشەی ڕوسیا-یوکراین وەک تازەترین قەیرانی جیهانی پیشانی دا بارە ئابووری و سیاسی و فەرهەنگیەکەی ئەوروپا چەندە فشەڵ و لاواز و ناحەزە بە دنیای مرۆڤایەتی. ئەوەی ئەوروپا لە بەرانبەر ڕوسیادا کردیان بریتی بوو لە دوو شت کە هەموو جیهانی دەرەوەی خۆیانی گرتەوە ئەوانیش: ترس لەدەرەوە و بە جانەوەرکردنی ئەوانی دی.
$یەکەم$ کاتێک هاتن هەرچی شتێکی ڕوسی بوو هەر لە بزنس و میدیا و هونەر و ڕۆشنبیری و فکرەوە هەبوو تاکو وەرزشیش قەدەغەیان کرد؛ بگرە ئەو کەسە ڕوسییانەی لە ئەوروپا دەژیان و لە بوارە جیاجیاکاندا کاریان دەکرد پێیان گوتن یان دەبێ ئیدانەی پۆتین بکەن یان دەبێ ئێرە بەجێبهێڵن. دیارە هیچ یەکێک لەو کەسێتیانە ئەو فشارەیان قبوڵ نەکرد و گەڕانەوە بۆ ڕوسیا. لەوانە دەرکردنی مۆسیقارێکی ڕوسی بوو لە تیمێکی میوزیکی ئۆرکسترای ئەڵمانیدا. ئەم ترسە پیشانیدا ئەوروپا چەندە لاوازە کاتێک دەکەونە بەرانبەر قوتبێکی وەک ڕوسیا. بۆ ئەمریکاش هەمان لاوازی و ترسنۆکیان هەیە و هەموان دەزانن کە ئەمریکا ئەوروپای کردووە بە ئینتیدابی خۆی و بە ئارەزووی خۆی دەیاندا بە دار و بەرددا بێ ئەوەی جەسارەتی ئەوەیان هەبێ بڵین بۆ. فەرەنسا تەنیا وڵاتە کە بە لێدوان هەندێ نارەزایی بەرانبەر ئەمریکا دەردەبڕێ بەڵام بە کزی و لاوازی.
$دووەم$ بە کەم تەماشاکردنی جیهان یەکێکە لەو دیدە باو و جێگیرانەی کە لە هەر کەسێکی ئاسایی و سیاسی و بگرە تا هەندێ نووسەر و ناوداردا هەیە. کاتێک جۆزیپ بۆرێڵ بەرپرسی یەکەمی پەیوەندیە دەرەکیەکان و ئاساییشی یەکێتی ئەوروپا دوو مانگی ڕابردوو دەڵێت (ئەوروپا باخچەیەکە و جیهانیش جەنگەڵەستانێکە) ئەوە ئیلهامی لەو قسەیەی ڤیکتۆر هۆگۆ (1882-1885) ەوە وەرگرتووە کە دەڵێ ئێمە دەبێ ئەفریقیا داگیر بکەین بۆ ئەوەی ئەو ڕەش پێستانە فێری شارستانیەت بکەین. دیارە چەندان شتی تری لەم جۆرە هەن و پیویست بە باسکردنیان ناکات و ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە تەئکیدی لێ بکەمەوە ئەو بە جانەوەری کردنەی ئەوانی دی هەم سیاسەتێک و هەم عەقڵێکی کۆڵۆنیاڵێستیە کە خۆی بە بەرز و ئەوانی تریش بە نزم دەبینێت.
دەستبردن بۆ ئەو دوو خاڵە بە مانای پڕۆسەی کەوتنی ئەو جەمسەرە دێت و ئەوروپاش وەک قوتبێکی جیهانی کۆلۆنیاڵیستی بەرەو کەوتنی ئەوە دەچێت کە چیتر تاکە جەمسەری بەهێزی ئابووری و نموونەی سیاسی و شکۆی ئازادی و مافە ڕەنگاڵەییەکانی مرۆڤ نیە؛ چیتر ناتوانێ ئەو ئەوروپایە بێت کە جیهان دەیناسی و جیهان دەیخواست وەک ئەو وابێت. ئەوروپا چیتر ناتوانێ ئارایشت بدا بە سیمای خۆی چونکە ماسکەکەی سەر دەم و چاوی بۆ هەتا هەتایە کەوت! [1]