ئارام ئەحمەد محەمەد
ناساندنی جینۆسایدی کورد لە پەڕڵەمانی بەریتانی بە شێوەیەکی فەڕمی و بە تێکڕای دەنگ، دەستکەوتێک و هەنگاوێکی گرنگ بوو کە چەندین بایەخ و ڕەهەندی هەیە. هەروەها هەڵوێستی حکومەتی بەریتانییش بۆ پەسندکردنی کارکردنی زیاتر لەگەڵ ئۆپۆزسێوندا لەسەر ئەو پرسە دیدێکی نوێی حکومەتی بەریتانی پیشاندا بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی و کرانەوە لە سیاسەتیدا بەرانبەر جینۆسایدی کورد و پێوەندیشی لەگەڵ کوردستاندا.
لە و کۆبوونەوەیەدا، وەزیری نوێنەری حکومەت و وەزیری سێبەری ئۆپۆزسیۆن هاوڕابوون کە پێکەوە کاری زیاتر بکەن بۆ هاندانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەڕڵەمانی ئەوروپی و پڕۆسەی بە دادگاگەیاندنی نێونەتەوەیی پرسی جینۆسایدی کورد، ئەمەش خۆپابەندکردنێکی باشی هەردوولا بوو بۆ بەئەرککردنی کارکردن لەسەر پرسەکه، هەروەها ئەو کۆبوونەوە پەڕڵەمانییە، زیاتر لە دوو کاتژمێرو نیوی خایەند، ئەمەش بەهەندگرتنی زۆری ئەو پرسەی گەیاند لە کاتی بەنرخی پەڕڵەمانێکی وا ناودارو پڕکاردا.
بایەخەکانی ئەو ناساندنە لەوەدایە بەڕیتانیا یەکێکە لە وڵاتە هەرە ناودارو بەهێزەکانی دنیا، هەر هەڵوێستێکی کاریگەریی خۆی دەبێ لە کارتێکردنی سیاسی و یاساییش بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتر ناساندنی جینۆسایدی کورد لە بەڕیتانیاو لە وڵاتانی تریشدا. هەروەها بەڕیتانیا مێژووییەکی دوورو درێژی پڕ کاریگەریی سیاسی و ئابووری وفەرهەنگیشی هەبووەو هەیە لەسەر کوردستان و ئێراق و ناوچەکە و تەنانەت داڕشتنی سەرەکی نەخشەکانی ئەم ناوچەیە لەلایەن بەڕیتانیاوە بووە. لە دوای ڕاپەرینەوه، بەڕیتانیا لایەنێکی سەرەکی بووە لە بەهاناوەهاتنی گەلەکەمان لە سەپاندنی ناوچەی ئارام و ڕزگارکردنی ئێراق و مانەوە وەکوو هاوسەنگیی ڕاگری نێوان کوردستان و ئێراق و گەرمکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم، بۆیە هەرهەڵوێست و بڕیارێکی بەریتانی ڕەنگدانەوەی فراوانی دەبێت. ئەو ناساندنە لەلایەن وڵاتێکی بە خۆپارێزناسراوی دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی وەکوو بەڕیتانیا لە و جۆرە پرسانە دەبێتە هاندەر بۆ ترس شکاندن و ڕەواندنەوەی دوودڵی وڵاتانی تریش کە ئاسانتر بە و جۆرە هەنگاوە هەستن.
وەک بەدی دەکرێت، گەشەسەندنی پێگەی سیاسی و ئابووری و سەقامگیری و سیاسەتی گونجاوی هەرێمی کوردستان، هاندەرە بۆ ئاوڕدانەوەی دەرەکی و کرانەوە بەرانبەر ناساندنی جینۆسایدیش، بەر لەوهەڵوێستەی پەڕڵەمانی بەریتانی و حکومەتی بەریتانیش.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پرسی جینۆسایدناساندنی خستۆتە پلەی سەرەوەی ئەرکەکانی، بۆ ئەوەش سەرەتا بیری لە دانانی نەخشە ڕێگە کردۆتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو ئەرکە، بۆ دانانی ئەو نەخشەیەش، پرس و ڕای بەچەندین لایەن و پسپۆرو شارەزا کردووە، لە هەلومەرجی پێشتری کوردستان، سەرەتا بەرنامەی زەمینەسازی لۆبی سیاسی و ناساندنی پەڕڵەمانیی لە ئاستی چەندین وڵاتی جیاجیادا بە گونجاوزانی، ئینجا هەڵکشان بەرەو ڕێکخراوودادگا نێودەوڵەتییەکان.
هاوکات بیر لەلایەنی ناساندنی یاساییش کراوەتەوە، بۆ هەلومەرجی کوردستان وا بە پەسندا زانرا کە سەرەتا زەمینە سیاسییەکەی بۆ خۆش بکرێ، چونکە چەندین تاقیکردنەوەی میللەتانی تر ئەوە دەسەلمێنن کە پشتیوانی سیاسی پێویستە بۆ ناساندنی یاسایی و، هەر لە بنەڕەتیشدا جینۆساید بۆئامانجی سیاسی ئەنجام دەدرێت. بە و شێوەیە لەسەر بنچینەی ئەوە تێگەیشتن وپلانی کارداندرا.
هەڵبەتە بەپێزانینەوە بۆچالاکی و دڵسۆزی گشت لایەک، لە ڕابردوو و لە ئێستادا، لە ئەنجامی هەوڵ و تەقەلای هەموو لایەک کە بەگیانی نیشتمانی و بەشێوەی جیاجیا لە و پرسەدا کاریان کردووه، جگە لە چالاکییەکانی ڕابردوو، لە ساڵی پارەوە پرسی ناساندنی جینۆساید بە و ئاڕاستەیەی کاری لەسەر کراوە، ئەنجامی بەرچاو و خوازراوی هەبووە. بۆنموونه: چەندین کۆنفرانسی دەرەکی کران لە لەندەن و لە جنێف، پەڕڵەمانی نەرویجی گفتوگۆی تایبەتی لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد سازکردو بە بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەو هاوڕایی خۆی بۆ پەسندکردنی بەجینۆسایدناسانی کورد دەربڕی. دواتر پەڕڵەمانی سوید لە ڕێگەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەڕڵەمان جینۆسایدی کوردی ناساند. هەمان کات کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پەڕڵەمانی هۆڵەندیش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتمان کرد سەبارەت بە نەخشەرێگەی ناساندنی جینۆسایدی کورد. هەروەک باس کرا پەڕڵەمانی بەریتانیش ناساندی و لە پەڕڵەمانی ئەوروپیش بڕیاری سازدانی سیمینارهەیە لە و بارەیەوەو هەوڵی زەمینەخۆشکردنی سازدانی گفتوگۆی پەڕڵەمانی هەیە لەمەڕ ناساندنەوەکه.
ڕێگە نەخشە سەرەکییەکانی ناساندنی جینۆساید ئەوەن کە لە ڕێگەی ڕێکخراو و دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە بێت. ئامانجەکانی ئەو ناساندنەش ئەوەیە کە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە بگیرێت و جۆرە پشتیوانی و هاوسۆزییەکی نێودەوڵەتی و پابەندبووێکی وا پەیدا ببێت کە بەرگری لە گەلێکی وەکوو کورد بکەن و ببنە پاڵپشتی بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی جینۆسایدی تر لە سەری. ئەنجامێکی ئەو ناساندنەش کارکردنە لەسەر بەدەستهێنانی قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتوانی جینۆسایدی کورد، کە بە پلەی یەکەم کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەگرێتەوه، بە شێوەیەکی گشتیش هەموو زیان لێکەوتوویەکی ئەنجامی ئەو تاوانانە دەگرێتەوە.
سەبارەت بە و قەرەبووکردنەوەش، بەرپرسیارێتی یەکەم لە ئەستۆی حکومەتی ئێستای ئێراقە وەک واریسی ڕژێمی پێشووی لەناوچووە، کە گشت ئەو زیانانە قەرەبووبکاتەوە بۆ قوربانیان. وەزارەتمان، بە هاوکاری پەڕڵەمان وچەندین ڕێکخراوو پسپۆر، یاساییەکی ئامادەکردووە بۆ قەرەبووکردنەوەی گشتیی قوربانیان لەلایەن حکومەتی ئێراقەوه، لە بەرنامەدایە ببردرێت بۆ پەڕڵەمانی ئێراق لە کاتێکی گونجاودا. لایەنێکی تری ئەوەیە، کە کاتێک ئەو تاوانانە لە ئەنجامی دادگاییکردنی تاوانبارێک لەدادگایەکی نێودەوڵەتی بەجینۆساید تۆماردەکرێت، پابەندبوونی قەرەبووکردنەوەی بە دوادادێ و هەروەها لە ڕێگەی سندوقێکی هاوکاریشەوە دەکرێت قەرەبووکردنەوە بدرێت. جگە لەوە، لە هەندێ وڵاتدا ڕێگەی دادگای تایبەتیش هەیە کە تاوانباری جینۆسایدی تێدابێت، بەڵام ئەم ڕێگانه، کاری سیاسی و یاسایی چڕوتوانای باشیان پێویستە بۆ بەئەنجام گەیشتن.
شایەنی باسە، ماوەیەکە جمۆجۆڵ و ویستی ناساندنی جینۆسایدی کورد زیاترو بەرچاوتر بووە. لە لایەکەوە حکومەتی هەرێم و پەڕڵەمانی کوردستان و ڕێکخراوەکان بەگوڕترەوە لە کاردان بۆ ئەو مەبەستە، لە لایەکی تریشەوە وڵاتان زیاتر دەروازەیان بۆ ئەو کارە کردۆتەوە و گەرمترن لە ئاوڕدانەوە و پێوەندی درووستکردن و هەنگاونان بە و ئاڕاستەیە.
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پێوەندییەکان و بە پشت بەستن بە چەندین ڕێکخراوو دەزگا لە پڕۆسەی بەرنامەدانانە بۆ درووستکردنی پێکهاتەیەکی پسپۆر بۆ کارکردنی زیاترو بەرزتر بۆ ناساندنی زیاتری جینۆساید لە ئاستی فرەوانترو باڵاتری سیاسی و بە تایبەت لە بواری یاسایی و دادگای نێونەتەوەیی.
لە لایەکی ترەوە هەماهەنگی درووست بووە لەگەڵ چەندین نوێنەرو پەڕڵەمانی تری وڵاتان بۆ ناساندن.
هەوڵ دەدرێت بە ئاڕاستەیەک کار بکرێت کە پرسەکە بکرێتە ئەرکێکی نیشتمانی و کەڵک لە تواناو دڵسۆزی و شارەزایی ڕەوەندی کورد و لایەنە نێونەتەوەییەکان وەربگیرێت بۆ ئەوەی پێکەوە ئامانجەکانی ئەو ئەرکە بەدیبهێنرێن. بۆیە، وەزارەتمان چالاکییەکانی پۆلێن کردووە: جۆرێک لە چالاکییەکان وەزارەت خۆی ئەنجامی دەدات، جۆرێکی تریان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاکانی تری حکومەت یان پەڕڵەمان یان لەگەڵ ڕێکخراوە پێوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێ، یان ڕێکخراوەکان و چالاکوانان و تاکی شارەزاو لایەنی تر خۆیان جۆرە چالاکییەک ئەنجام بدەن و وەزارەت پشتیوانیان بکات.
ئەمساڵ یەکێک لە پلانەکانی وەزارەت ئەوەیە کە بەرنامەی یادەکانی 25 ساڵەی ئەنفال و کیمیاباران بە شێوەیەک بێت ڕەنگدانەوەی نێونەتەوەیی هەبێ و پرسی ناساندن بەرەوپێش بەرێ. بۆ نموونە داوەتکردنی میوانی بیانی پێوەندیدار بۆ یادەکان و بەستنی کۆبوونەوە و کۆنفرانس لەگەڵ. هەروەها هەڵمەتەکە بە جۆرێکه، ڕەوەندی کورد و چەندین نوێنەرایەتی حکومەت و ڕێکخراوەکان لە وڵاتانی دەرەوەش بە شێوەی چڕتر و شارەزایانەتر. یەکێک لە پلانەکانی وەزارت، درووستکردنی تۆڕی کارکردن بووە لەنێوان پێوەندیدارانی ئەو پرسە لە وڵاتانی جیاجیا. ئەم پڕۆسەیەش گەیشتۆتە قۆناغێکی باش بۆ کۆکردنەوەی تواناکان و کارتێکردنی ئەنجامی کاری وڵاتێک لەسەر ئەوانی تر کە چەند مانگێکە تێبێنی دەکرێت کە لەوڵاتێکدا، ناساندنێک دەبێت، زوو دەبێتە هاندەر بۆ وڵاتی تریش.
بە کورتییەکەی، ئێستا پرسی ناساندنی جینۆساید هەنگاوی باشی ناوە، دەرفەتی باشی هێناوەتە پێش، گرنگ ئەوەیە خۆمان بەرنامەوپلانی باشی بۆ دابنێین، پێکەوە وەکوو ناسنامەو ئەرکێکی نیشتمانی کاری لەسەر بکەین لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی شەهیدان و گەلەکەمان.[1]