$زیلان$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
موسا عەنتەر لە وەسفی کوشتارگەکەی زیلاندا دەیوت: بەندەخوایەک نەبوو هاوار و نرکەمان ببیستێت
ئێمەش نەرم نەرم عاشقی شاخە ڕەقەکان دەبووین.
ئەمڕۆژانە 94 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کوشتارگەی دۆڵی زیلاندا. 13ی تەمموزی 1930دا کوشتارگەیەک کە مانەند و مەسیلی نەبووە لە مێژووی نزیک و دووری کورددا لە دۆڵی زیلانی سەربە شارۆچکەی ئێرچیشی شاری وان لەسەر دەستی کەمالیستە فاشیستەکان ڕویدا و ڕۆژنامەکانی وەک جمهورییەتی ئەو دەمە جینۆسایدەکەیان وەک پاککردنەوەی دۆڵەکە لە زبڵ و پیسیی ناساند و کردیانە مانشێتی سەرەکیی. بە گوێرەی بەڵگەنامە فەڕمییەکان لەو جینۆسایدەدا 15 هەزار مرۆڤی بێتاوان لە ژن، منداڵ، پیر و ژنی سکپڕ لەدوای هەڵهاتنیان لە ترسی ڕاپەڕینەکەی شاری ئاگری ڕویان لە دۆڵی زیلان کرد و لەلایەن لیوای پیادەی فەریق ساڵح ئۆمورتاکەوە بەشێوەیەکی زۆر وەحشییانە بە چەقۆو گوللە و ناپاڵم کوژران. لەو جینۆسایدەدە 80 فڕۆکەی جەنگی بەکار هات. بە لەناوبردنی هەموو کوردەکانی زیلان دواتر ناوچەکە بە تورکەکانی قەفقاس پڕ کرایەوە.
بە گوێرەی گێڕانەوەکانی ڕۆژنامەی جمهورییەتی زمانحاڵی دەوڵەتی ئەو دەمە 15 هەزار و بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی لێکۆڵەری جینۆساید: حەسەن هۆشیار سەردی، 47 هەزار لە عەشیرەتەکانی ئادەمان و سیپکان و و زیلان و حەسەنان کوژران. هەر بە گوێرە بەدواداچونەکانی لێکۆڵەری ئەرمەنی گارۆ سەوسەن بەتەنیا 5000 هەزار ژنی سکپڕ لەو ڕووداوەدا کوژراون.
بەگوێرەی ئەکادیمیای زانستیی یەکێتی سۆڤێتی جاران لە زیلان 1557 کەس سەربڕداون و 200 لادێی کوردنشین سوتێنراون و دواتر تورکە قەوقاسییەکان لەشوێنی کوردەکان لەو دێهاتانەدا نیشتەجێ کراون.
سەربازێکی پەشیمانی خانەنشینکراوی تورک بەم شێوەیە ڕوداوەکان بۆ ڕۆژنامەی ئەهڤال دەگێڕێتەوە:
بەبێ ڕەچاوکردنی ژن و منداڵ و پیر و نەخۆش، هەموویانمان لە دۆڵی زیلان خڕ کردەوە، چواردەوریانمان بە ڕەشاش تەنی و لەسەر هەر ڕەشاشێک سەربازێکمان جێگیر کرد. لە دوای هەر سەربازێکیشەوە پلەدارێک بە دەمانچەیەکەوە وەستابوو. هەر سەربازێک بێ گوێیی بکردایە و تەقەی نەکردایە پلەدارەکە ڕاست لەوێدا دەیکوشت. ناچار دەستمان خستە سەر پەلەپیتکەکان. دەیان هەزار فیشەک وەک تەرزە بەسەر ئەو بەستەزمانانەدا دەباری. نرکەی پیر و قریشکەی ژن و زیڕە و گریانی منداڵ تێکەڵ بەدەنگی فیشەکە گڕدارەکان بووبوو. پاش کەمێک قریشکە بە نوزە و نرکەی پێش مەرگ و گریانی منداڵ بە بەرەنسکەی پێش گیاندەرچوو گۆڕان. هەندێکی فیشەک کە بەرسەری نەدەکەوت بریندار دەبوون و خێرا نەدەمردن. وازمان لێهێنان تا بە ئازارەو بمرن و تەرمەکانیان بۆگەنی دەکرد و پاشانیش بوون بەخواردنی داڵ وسەگ و گورگەکانی شیوەکە. سەربازەکان زۆر دەمێک بوو ماڵەوەیان نەدیبوو برسی و توڕە بوون. دەیان ژن بە مردوویی دەستدرێژیی سێکسییان کرایە سەر. سەدان ژنی سکپڕ بە چەقۆ و حەربەکانی جەللادە چاوسوورەکان ورگیان هەڵدەدڕا و دەیان منداڵ بە بێ بینینی دونیای ڕووناک و بە بێ ئەوەی ناویان لێبندرێت سەردەبڕدران. [1]