$سێکوچکەی هەرەس$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ پەڕتووکی مێژووی شۆڕشەکانی کوردم دەخوێندەوە کە لەلایەن عەلائەدین سەجادییەوە چەند دەیەیەک پێش ئێستا نووسراوە، شتی زۆر سەیر و سەمەرە لە مێژووی شۆڕشە بەردەوام و نەزۆکەکانی ئێمەدا بوونیان هەیە کە سوڕێکی سەڕەتانی بەردەوام خۆیان دوبارە دەکەنەوە. هەرچی ئێمە هەین بۆ تەنیا جارێکیش خۆمان لەقەرەی ئەوە نەداوە خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لەئاست کەوتنەکانماندا. بەردەوام پەنجەمان بۆ دەستی دەرەکی و ناحەزانی گەلەکەمان ڕاکێشاوە. هەر ئەم خۆدزینەوەیە وایکردووە نەتوانین هەستینەوە، چونکە هۆکاری کەوتەکەمان داوەتە پاڵ نەیارنانمان، هەمیشە وا باو بووە کە چاوەڕێی یەکێک لەو نەیارانە بکەین بێن دەستمان بگرن و بمانخەنەوە سەر پێی خۆمان، دیارە ئەویش چۆن ئەم کارەی کردووە! کەوتن و شکانەکانی ئێمە هەمیشە بە پاساوی بوونی دەستی دەرەکی دیزەبەدەرخۆنە کراون و کەس نەیتوانیوە دێڕێکیان لەسەر بنووسێت.
ئەوەی لە مێژووی شۆڕش و جووڵانەوە و جوڵەکانی کورد بۆ من دەرکەوتووە ئەوەیە کە ستراتیژ و سایکۆلۆژیای کورد و بە تایبەتیش کوردی ئێراق بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش، جوڵەی سیاسیی و ڕووداوەکان لە سێ حاڵەت بەدەر نییە.
یەکەم/ ئامادەسازیی نەکردن و بێ پلانیی و نەپێوان پێش ڕووداوەکان.
دووەم/ شۆکبوون و تووشی پانیک بوون لە کاتی ئەنجامدانی کارەکە یا ڕوودانی ڕووداوەکە.
سێیەم/نەخوێندنەوە و خۆ کەڕ کردن لەوەی ڕویدا دوای ڕووداوەکە، وەک بڵێی هەر ئێمەش نەبووین.
سێکوچکەی بێپلانی و پانیک و لەبیرکردن گرنگترین سێ خاڵی ناسەرەوەی ئێمەی کورد بوون لانی کەم لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا. لێرەدا دەرفەت نییە بە درێژی ئەم سێ ئیدیعایە و پەیوەندییان بە هەموو شۆڕشەکانی کورد باسبکەم، پلانم هەیە بۆ سەلماندنی ئەم ئارگیومێنتە لەداهاتوودا لەسەر شێوازی پەڕتووکێک بەدرێژی دەم لەو باسە بدەم، ئێستا لەو مێژووە دوو سەدەییە دەگەڕێم و ڕیفراندۆم دەکەمە دەستکەلای ڕوونکردنەوەی ئەم ئارگیومێنتە:
$ڕیفراندۆم وەک دەستکەلایەک بۆ تێگەیشتن لە سێکوچکەی هەرەس$
ساڵی 2017 ڕیفراندۆمێک کرا، هەندێک پێیان وابوو بە فیتی میتو ئاردۆگان کراوە بۆ پێدانی بیانووی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کوردستانی ئێراق و هەندێکی دیکە بە هەوڵێکی جیددی بۆ درووستکردنی دەوڵەتیان پێناسەکرد لەلایەن بارزانییەوە. تا ئێرە ئشتەکە ئاسایی بوو بەڵام ئەوەی سەیر بوو پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە بچوکترین ئامادەسازیی و خوێندنەوە بۆ واقیعە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان نەکرا، نەک هەر نەکرا تەنانەت ئەنجامدەرانی نەیاندەزانی بۆ ڕیفراندۆم دەکەن. یەکێک دەیوت بۆ دەوڵەتە یەکێکی دیکە دەیوت نەخێر بۆ ئەوەمانە بزانین میللەتەکەمان بۆچوونی چۆنە. ئامادەکارییەکان ئەوەندە کرچ و کاڵ بوون کاکە حەمەی حاجی مەحمود لەوەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا کە پرسی لەم دۆخە سەختەی ئابووری چۆن ڕیفراندۆم دەکەن لە وەڵامدا وتی: کاک مەسعوود وتوویەتی خۆم تێچووەکەی لە ئەستۆ دەگرم. شەوێک پێش ڕۆژی ڕیفراندۆم سەرەداوەکانی پانیک دەرکەوتن. پەیامێک بڵاو بوویەوە لە پەیجی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی ئەوساوە کە گوایە دەبێت ڕیفراندۆم دواخرێت، دواتر ڕوونکردنەوە درا کە ئەو پەیامە خودی ئەو نەبووە و هاککراوە.
ڕیفراندۆم کرا، لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەدا دۆخەکە بەتەواوی گۆڕا بۆ دۆخی پانیک، نێچیرڤان بارزانی هەر ئەو ڕۆژە لە پەیامێکدا وتی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نییە، فازیل میرانیی وتی بەشێکین لە ئێراق وەکوو سەماوە. پانیکەکە ئەوەندە کاریگەر بوو لەسەر ڕاسپاردەی کۆبوونەوەی دووکانی لایەنەکان و بەتایبەتیش سەرکردایەتی ڕیفراندۆم پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان ڕایکرد و ناوچەکەیان بێ تەقە دایە دەست حەشدی شەعبی.
گۆزەکە لەسەری یەکێتیی دا شکا لە کاتێکدا شەنگال و ناوچە کوردییەکانی دەشتی موسڵیشڕادەست کران. یەکێتیی لەو پانیکەدا پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە نەیانویستووە کەرکووک ببێ بە حەلەب.
هەندێ سەرکردەی موخەزرەمی یەکێتیی پانیکەکە وای لێکردن هەندێ برادەری سەرکردایەتیی خۆیان بە کاڵفام ناوببەن لە پای بەدەستەوە دانی کەرکووک بەڵام ئەم قسەیە تەنیا پەرچە کرداری پانیکەکەیان بوو نەک بەدەستەوە دانەکە.
ڕیفراندۆم سڕ کراو ئاشبەتاڵ ڕویدا وکەس خۆی نەکرد بە ساحێبی، نێچیرڤان بارزانی ڕۆیشتە زیاتر لە شەش پایتەخت تا بەغدا ڕازیی بکەن قسەیان لەگەڵدا بکات سەرەنجام بەغدا ڕازیی بوو. قۆناخی سێەم دوای پانیک هاتە پێشەوە ئەویش خۆ گێل کردن و خۆ نەکردن سە ساحێبی ئەو ڕووداوانەبوو کە ڕوویاندا. تەنانەت یەک دیدار و پانێڵ و ئاکادیمیا و مامۆستای زانکۆ و مەحفەلی سیاسیی پارەخۆریش خۆی لە قەرەی خوێندنەوەیەکی جیددی بۆ ئەو ڕووداوە گرنگ وڕادەستبوونەوە ترسناکە نەدا، ئەم ئاشبەتاڵ و شکستە دوبارەیەی کوردی ئێراق نەک نەبوو بە بەشێک لە مێژوو، بەڵکوو بەتەواوەتی ڕۆیشتە لەبیرچوونەوەشەوە. بەم شێوەیە سێکوچکەی بێ پلانیی، پانیک و لەبیرکردن خۆدان لە کەڕەی شەربەت هەمیسان خۆی نیشاندایەوە.
$بۆچی ئەم سێکوچکەی هەرەسە هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە؟$
بەیەک وشە لەبەر ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا ئێمە شتێکمان نەبووە و نییە بەناوی مێژووەوە. گێڕانەوەی ڕووداو زۆر جیاوازە لە نووسینەوەی مێژوو. مێژوو ڕووداوێکە بەنێو دەیان فلتەری زانستیدا ڕەت بووە، ئەنجامگیریی باشی بۆکراوە، حەزی شەخسیی تێدافلتەر کراوە، بەڵام لە گێڕانەوەی ڕووداودا زۆرجار حەزی کەسی گێڕەرەوە ڕاستی ڕووداوەکە دەجەڕێنێت، بە هیچ فلتەرێکدا نەبراوە تەماشای پەڕتووکی بیرەوەری سیاسیی و شۆڕشگێڕەکان بکە ئەم ڕاستییەت بۆدەردەکەوێت.
تا ئێستاش ئێمە نازانین مێژوویەکی نزیکی وەک ڕیفراندۆم چۆن بوو، کێ بەرپرسیاری شکستەکە بوو؟ کێ لەگەڵ بوو کێ دژ بوو؟ هۆکاری شکستەکە چی بوو؟ بۆچی ئیلحاح کرا لەو کاتەدا دەبێت بکرێت؟
ئێمە تاکە میلەتی دونیاین کە بەبێ مێژوویەکی نووسراوەوە دێینە نێو مۆدێرنیتەوە، نەبوونی مێژوو وادەکات مرۆڤ نەزانێت سەربە چ جۆرە شوناسێکی سیاسیی و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتییە، ئەم بێشوناسییەش بەردەوام لەبری ئەوەی بیکاتە نموونەیەکی باش لە خۆی، دەیکاتە نموونەیەکی خراپ لەوانی دیکە. ئیدی بەردەوام هەرەس دەداتە دەم هەرەس، هەمان سێکوچکەی بێ پلانی، پانیکبوون و لەبیرکردن دووبارە دەکاتەوە، چونکە نە خۆیەتی و نە دەشتوانێت لەوانی دیکەدا بتوێتەوە. [1]