$کاتێک سیستم دەبێتە بکوژی خودا!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
منداڵەکەت لە بایەلۆژی 40 ی هێناوە بەڵام لە ماتماتیکدا 95 دەهێنێت، خۆشت دەزانی لە بایەلۆژیدا کەمێک لاوازە لەبەرئەوەی حەزی پێی نییە و چەند هەوڵبدات ناتوانێت تێیبگات، بیر لەچی دەکەیتەوە؟
لەکۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا بە قیمەت بێ یا بە هیممەت خێرا مامۆستایەکی بایەلۆژی بۆ دەدۆزینەوە بۆ ئەوەی نمرەی بایەلۆژییەکەشی لانی کەم نزیک بکاتەوە لە ماتماتیکەکەی. بەم کارە دوو هەڵەی زۆر گەورە لە زیهنییەتی ئەم منداڵەدا ئەنجام دەدەین:
یەکەم/ بەردەوام مەسیجی ئەوە بەم منداڵە دەدەین تۆ لە بایەلۆژیدا لاوازیت و دەبێت ئەم لاوازییە پڕبکەیتەوە هەستی خۆ بە کەزانینی لادرووست دەکەین لەسەر شتێکی کەسبی نەوەک کەسیی و خودی. ڕۆحی داهێنان و سیقەبەخۆکردنی تێدا تیرۆر دەکەین.
دووەم/ بواری ئەوەی پێنادرێت کاتی گونجاو تەرخان بکات بۆ ئەو بیرکارییەی کە خۆی حەزی لێیەتی تا هەموو تواناکانی لەو بواردا بتەقنەوە، هەموو ئەنەرژییەکەی لە ڕێگای پڕکردنەوەی ئەم هەستی خۆ بەکەمزانینە لێوەردەگرینەوە بۆ ئەوەی لانی کەم بایەلۆژییەکەشی بگەیەنێتە ئاستی ماتماتیکەکەی. نازانین لە ئەنجامدا ماتماتیکەکەش بەهۆی ئەم هەڵەیەی ئێمەوە بۆ ئاستی بایەلۆژییەکە دادەبەزێت. بەجارێ ماڵی وێرانی ئەمیشی دەچێت ئەویشی دەچێت.
ئێمەئەوە نابینین کە ئەم منداڵە لە بیرکارییدا زۆر زرنگ و لێهاتووە دەبێت بیکەینە ئایکۆنێکی بیرکاریی و مامۆستای تایبەتی بۆ بیرکارییەکە نەوەک بۆ بایەلۆژییەکە بۆ بگرین تا تەواوی بەهرەکانی لەم بوارەدا بتەقنەوە، دێین کار لەسەر زەقکردنەوەی خاڵە لاوازەکەی دەکەین تا خاڵە بەهێزەکەشی بە زەبرە کوشندەکانی ئەو سیستمەی پێی وایە دەبێت هەمومان وەک دانەکانی شانەیەک لە بایەلۆژیی و ماتماتیک و ئەدەبیاتدا نمرەی تەواو بهێنین ئەنجا دەتوانین بژین و بڵێین سەرکەوتووین.
$سیستم لەکوێی ئەم باسەدایە!$
حکومەت و سیستم هەمیشە شتێکی باش نین، بەتایبەتی بۆ ژیانی کەسیی و تایبەتی مرۆڤەکان. لەباشترین حاڵەتدا کار لەسەر دیوە لاوازەکەی مرۆڤ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی بکەن. سیستم هەمیشە کار بۆ کۆنترۆڵکردن دەکات نەوەک خزمەتکردنی تاک، گەر لە شوێنێک کارەکانی وەک خزمەتکردن دەربکەون ئەوە بەراوردکردێتی بە جۆرێکی خراپ و داپڵۆسێنەری سیستم وای لێدەکات وا خۆی بنوێنێت.
سیستم پێمان دەڵێت تاوان مەکە، سنوور مەبەزێنە، بەردەوام دیوە نێگەتیڤەکەی تاک لەبەرچاو دەگرێت نەوەک تەقوییە دیوە بەهێز و پۆزەتیڤەکەی بکات. ئەم تەڵقینە بەردەوامەی هەمیشە تاک دەخاتە بەردەم ئەوەی شیمانەی ئەوەی مرۆڤ کائینێکی لاواز و تاوانکارە. سیستم بەم کارەی ڕۆحی فەزیلەتی تاک دەکوژێت. ڕاستە لەباشترین دۆخدا سیستم فەزای گشتی ڕاگیر دەکات، لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنەوە ناهێڵێت پێکدادان درووست ببێت لەنێوان تاکەکاندا، ناهێڵێت حەقی کەسێک بکەوێتە لای ئەوی دیکە. نابێت لەمە زیاتر لە لێ چاوەڕوان بکرێت. چاوەڕوانی لەمە زیاتر لە سیستم خۆبەخۆ دەیکات دین و کەڵت و ئایدۆلۆژیایەکی داپڵۆسێنەری تۆتالیتاری خەسێنەر و بکوژی فەزیلەت و عیشق و عەدالەت. سیستم دین و ئیمان نییە تا پیرۆز بێت، دیوەخانیش نییە ڕێزی خەڵکی تێدا بگیردرێت و دەستی خەڵکی تێدا ماچ بکرێت و لە دامەزراوەکانیدا لەبەر خەڵک و موراجیعی دامەزراوەکان هەستینە سەرپێ بە مەبەستی نیشاندانی ڕێز بۆیان وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت لەم ڕۆژانەدا داوای دەکرد، .
کاری سیستم دەبێت تەنیا بۆفەزای گشتیی بێت نەوەک بۆ فەزای تایبەتی و کەسی. گەر هاتوو سیستم زیا لەبەڕەی خۆی پێی لێ ڕاکێشا، لە فەزای گشتییەوە دابەزی بۆ فەزای کەسیی، حەزی لێبوو ویست و بیرکردنەوە و عیشقی چونیەک و زی موەحەد دورستبکات، ئەوا هەمان ئەو فەشەلەی کە نموونەی خوێندکارەکە ڕوبەڕووی دەبوویەوە لە ماتماتیک و بایەلۆژییدا، ئەمیش ڕووبەڕووی تاکەکانی کۆمەڵگای دەکاتەوە. سیستم دەبێت ڕۆڵی لانی کەمیی Minimalی هەبێت لە کۆمەڵگادا، دەنا دەبێتە بکوژی ڕۆحی داهێنان و ژیانی دەستەجەمعیی نێو کۆمەڵگا .
شتێک نییە بەناوی سیستمی باش لەدونیادا، ئەوەی هەیە سیستمێک لایەنە خراپەکانی لە سیستمێکی دیکە کەمتر بێت. ئەمە بانگەشە نییە بۆ درووستبوونی کەیئوس و فەوزاو ناسیسیتمی و پێکدادان، بەڵام دەبێت ئەوەندە بزاندرێت سیستم گەر هاتە نێو ماڵەکان، مێشکی تاکەکانی داگیر کرد، بوو بەو ئەداتەی هەموومان هەوڵبدەین ببین بە بکەرێکی پاسیڤ تێیدا بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانی خۆمان و تەقوییە کردنیان، بوو بەوەی خەونی پێوە ببینین ئەوا ئەنجامەکەی لە ئەنجامی خوێندکارەکەی نموونەکەی سەرەوە باشتر نابێت. ئێمە ئەمڕۆ لایەن بەهێز خۆمانمان وازلێهێناوە بۆ پڕکردنەوەی لایەنە لاوازەکەی خۆمان بە سیستم.
$سیستم و دین$
لە دینیشدا هەمان شت دووبارە دەبێتەوە. شوناسی دینی کە دەکاتە سیستمە گشتگیرەکەی دین ئەمڕۆ لە کۆمەڵگادا ئەوەندە قەڵەو کراوە، ئەوەندە تەرویجی پێدەدرێت کە هیچ بوارێک بۆ لەزەت و زەوق و کەرامات و وجودە ئیمانییەکان نەماوە. ڕۆحی ئەم شوناسەش لە شەریعەت وفیقهی دینیی دا کورتکراوەتەوە، فیقهیش کراوەتە بارمتەی دەستی چەند پرسیارێکی دووبارەی حەڵاڵ و حەرام ، چوارژنە و بیدعەکانی دەستی ئەوانی ناویان لەخۆیان ناوە زانای ئایینیی. بەزاراوەی قورئان ئەمڕۆ ئیسلامێکی قەڵەو و ئیمانێکی لاواز لە کۆمەڵگاکەدا دەبیندرێن قالت الاعراب امنا قل لن تٷمنواولکن قولو اسلمنا.
شوناس بەشێکی پێویست و دانەبڕاوی دینە، بەڵام تا ئەو شوێنە دەبێت حزوری هەبێت کە سنووری خۆیەتی. حەرام و حەڵاڵ، شەریعەتی فیقهی و باسەشوناسییەکانی نابێت ئەوە لەیاد بکەن ئەوان دیوی لانی کەم مینیماڵیی دینن، بە قەولی غەزالی نابێت خۆیان لە توێکڵقشرە پێ زیاتر بێت. گەر ڕەچاوی ئەم توێکڵ بوونەیان نەکرا و کران بە کۆی دین، ئەوا هەموو ئەوەی ناوی مەراتیبی ئیمانیی و فەزیلەت و ئیثار و ئیحسان هەیە لە ئیمانی دینیدا نامێنن.
تەماشا کاتێک پێغەمبەر د.خ لە مەککەیە، خەریکی مەسائیلی ئیمانیی و جیهانبینیی هاوەڵەکانێتی یزکیهم و یعلمهم یەک دانە دووڕوو منافق یا هەڵگەڕاوەیان درووست نابێت، چونکە کەشەکە لە بار نییە بۆ درووستبوونی هەڵگەڕاوە، شوناسی دینی هێشتا نەخەمڵیوە. بەڵام کاتێک کۆچ دەکات بۆ مەدینە، موسوڵمانان لەشێوەی کۆمەڵگایەکی موسوڵماننشیندا نەک دەوڵەتی ئیسلامیی خۆیان دەبیننەوە کە تێیدا شوناسێکی بەهێز و زاڵی وەک شوناسی جووەکانی مەدینە حاکمییەت دەکات و ئەمانیش بەر ئەم شوناسە زاڵە دەکەون، ئیدی پێغەمبەر د.خ بیر لە درووستکردنی شوناسێکی تەواو لەخۆ بۆ موسوڵمانان دەکاتەوە و بەدەستەکانی خۆی ورد ورد خشتەکانی ئەو شوناسە یەک لەسەر یەک بەوردی بینا دەکات. وردەوردە توێکڵێکی بەهێز بۆ ئەو ئیمان و جیهانبینییە درووستدەکات کە سەرەتا لە دڵ و دەروونی دەیان مرۆڤدا چەسپاندبووی. دوابەدوای جێکەوتکردنی شوناسی دینی ئیدی وردەوردە دیاردەکانی وەک نیفاق و هەڵگەڕانەوە درووستدەبن. مونافیق زادەی ئەو شوناسەیە کە جێکەوتکرا لە مەدینە، نیفاق بەرانبەر ئیسلامە، ئامادە نابێت تەسلمی ببێت، لەکاتێکدا کوفر بەرانبەر ئیمانە ئەم پاش ئیتمامی حوجە ئامادە نابێت باوەڕ بهێنێت. گەر دەربڕینەکە نەگشتێنین دەتوانین بڵێین ئیمانی دەورانی مەککە کافر لەبەرانبەرییەوە درووستدەبوو، شوناسی مەدینە مونافیق.
٭٭٭دۆخی دینیی ئێمە لەکوێی ئەم باسەدایە؟
تەماشا ئەمڕۆ سەرتاپای دین لە کۆمەڵگا موسوڵمانەکاندا عیبارەتە لەم توێکڵە، تەنیا دیوە سێکیولار و مینیماڵییەکەی دین باسدەکرێت کە حەرام و حەڵاڵە. ئەم باسانە ئەوەندە جەختیان لێکراوەتەوە بوونەتە سیستمێکی ڕەق و زۆر جاریش مانای قوڵ نادەن بۆ کەسی وەرگر، چونکە دیوە قوڵ و ئیمانییەکە کە عیبارەتە لە مۆراڵی دین باسناکرێت و ون دەکرێت.بابەتە ئیمانییەکانی وەک تەقوا، وەرع، زوهد، نەوافیل، ژیانی زاهیدانە، شەوق، ئیشتیاق، عروجی ڕۆحانی، مەحەببەت و عیشق.. هتد ون دەکرێن. دیارە خۆ هەرچی شەریعەتی فیقهیش هەیە مەشیئەتە ئیلاهییەکە زۆر کاڵە تێیدا، نیەتی خوا ونە. بەشی زۆری ئەم باسە فیقیانە وەک یاساگەلێکی تەکلیفاوی خۆیان دەردەخەن بۆ مرۆڤ نەوەک ئەمرێکی موقەدەسی زاتی باری. ئیدی خودا دەبێتە ئەوەی مەحوی باسی لێوە دەکات:
غەیری ئەمەی سوێندی درۆی پێ بخۆن وبەس
قوربانی ناوی بم ناوی لەناو ناوا نەما خودا. [1]