$مرۆڤی کامڵ$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕیڤیوی ڤیدیۆکانی مامۆستایەکی ئایینم دەکردەوە، پەیتا پەیتا خەڵک پەیوەندییان پێوەدەکرد، پرسیاری ژیان و مەعیشەتیان لێدەکرد ئەمیش بیلجێب خێرا وەڵامێکی ئایدیالانەی دینیی دەدانەوە بەوجۆرەی کە دین داوای کردووە و دەبێ ببن دەدیدان لە مەنگەنەیەکی قانوونیی وشکی بێ ڕۆح بە بێ ڕوونکردنەوەی مەقاسیدی وەڵامەکان، گەر وەڵامێکی دینیشی دەستنەکەوتایە هەرلەوێدا فەتوایەکی خێرای بۆ لەقاڵبدانی شێوازی ژیانیان و تەنانەت بیرکردنەوە و حەزەکانیشیان بۆ دەردەکردن.
زۆر سەرم لە جورئەت و بوێری ئەو مامۆستایە سوڕما! داخۆ چۆن دەتوانێت بەم شێوەیە لەو بەرزاییەوە بێ پەروایانە وەک مرۆڤێکی کامڵ قسە بۆ خەڵک بکات و هیچ پرسیارێکیشی لێ عاسیی نەبێت و داوای کەماڵیش لەخەڵک بکات؟ جا. وەڵامەکانی بە جۆرێک بوون کە خودا بچوکترین هەڵە لەکەس قەبوڵناکات، خۆی وەک سێبەری خودا دەناساند، ئەم حەرامە ئەوە حەڵاڵ، ئەمە کوفرەو ئەوە ئیمان. پەیتا پەیتا مۆری حەرامبوون، کافربوون، زەندیق بوونی دەدا لەو ئارێشەو گرێیانەی کە خەڵکێکی عەوداڵی ئەوەی ببنە مرۆڤی کامڵ وەک پرسیار لێیان دەکرد. لاریم نییە لەوەی خودا ئێمەی بە خەلیفەی سێبەری خۆی خەڵق کردووە، بەڵام دەبێت ئەم خیلافەتە لەناوەوە بۆ دەرەوە بێت نەوەک لەدەروە بیبڕین بەباڵای خۆماندا و لەناوەوە خۆمان هیچمان تێدا بەسەرنەبێت و لەدەرەوەی خۆشمانی داوابکەین.
مرۆڤ گەر هاتوو کەماڵگەرا و ئایدیال بوو لە زاتی خۆی و بۆ خودی خۆی شتێکی باش و جوانە، نەخێر نەک هەرجوانە جوانترین شتی دونیای مرۆڤ ئەم جوڵەیەیەتی کە لە خۆیدا برەوی پێبدات، جوڵە لە ناتەواوی بۆ کەماڵ. بەڵام کاتێک ئایدیۆلۆژیایەک، دینێک، فیقهێک یا واعیزێک دێت لەدەرەوەی خۆت دەیەوێت لەقاڵبت بدات و خۆنەویستان بە بێ ئیرادەی خۆت بتکاتە کەسێکی کامڵ لە جۆرەکەی خۆی ئیدی ئەمە دەشێ ببێتە خراپترین شتی دونیای مرۆڤ، ڕێک وەک ئەو گرێ شێرپەنجەییەی لێدێت کە بڵاوبوەتەوە بە جەستەکەدا و ئێمە هەوڵدەدەین بە مەرهەم و ئازارشکێن بنەبڕی بکەین، لەکاتێکا هۆکاری گرێکە ناوەکییە.
مرۆڤی ئێمە نابێت ئەوە لەیادبکات هیچ مرۆڤێکی کامڵ و تەواو پوخت لەم دونیایەدا بوونی نییە لانی کەم لە ئێستادا، گەر ڕۆحێکی کامڵیش هەبێت بەتێکەڵبوونی لەگەڵ دونیای ڕێژەیی ماددە و سرووشتی ناکامڵدا ئەمیش پوختیی خۆی لەدەستدەدات و نوقسانیی ڕووی تێدەکات. هەرکەسێک ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئاڕاستە کەماڵی لەخۆیەوە بۆ ئەوانی دیکە گواستەوە و داواکاریی ئایدیالبوونی لە شوێنکەوتوانی هەبوو لە ڕێونکەر و دەجالێک زیاتر نییە. لە مەسەلەکانی دیندارییشدا هەر بەم شێوەیەیە، دیندارێکی پوخت ئەمڕۆ لەکوێ دەستدەکەوێت؟ دەی ئەو هەموو داواکاریی پوختەگییە چییە واعیزان لەخەڵکی دەکەن؟
هیچ موسوڵمانێک دەتوانێت بڵێت من لە 24 کاتژمێری ڕۆژێکمدا هەموو چرکەیەک موسوڵمانم؟ یان هیچ کریستیانەک دەتوانێت ئەم ئیدیعایە بکات؟ دەشێ لە ڕووکەشدا بەو جۆرە بێت، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت هەموو خولەکێکی ڕۆژەکەی بە فەرمانەکانی دینەکەی یا ئایدۆلۆژیاکەی بجوڵێتەوە و لێی لانەدات. چۆن تەفسیری ئێمە بۆ لەشساخیی و نەخۆشیی تەفسیرێکیی ڕێژەییە و هیچ پزیشکێک ناتوانێت پێناسەیەکی وردی لەشساخیی بکات، بەهەمان شێوە تەفسیرەکانیشمان بۆ دین کامڵیی دینیی دەبێت هەر ڕێژەیی بن، چونکە ئێمە لەناو هەناوی دونیایەکی نوقسان و ڕێژەییدا دەجوڵێین. [1]