$ئێسک و پروسکیان هێشتا لە ئەشکەوتەکانە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
(ئاتاتورک فەرمانی کردو منیش بە خۆشحاڵییەوە بۆمبەکانم وەک تەرزە بەسەریاندا دادەباراند) سەبیحە گیۆکچەن یەکەمین فڕۆکەوانی ژن لە مێژووی نوێی تورکیادا بەم شێوەیە وەسفی قەتڵوعامی خەڵکی دێرسیم دەکات.
چەند ڕۆژی ڕابردوو یادی 86 ساڵەی جێنۆسایدی دەرسیم بە ئەسپایی بەسەر میدیا و سیاسەت و خەڵکی کوردستاندا تێپەڕی. گەر قەتڵوعامی دێرسیم قەتڵوعامی عەلەوییەکان بووایە وەک هەندێک لە مێژوونووسانی تورک باسیدەکەن، دەبوو خەڵکی دێرسیم ئێستا هەموو سوننە مەزهەب بن، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی دێرسیمییەکان ئەمڕۆ کوردی نازانن و ناتوانن قسەی پێبکەن، دیارە قەتڵوعامی کورد بووە و بۆ بە تورککردنی کوردەکانی بووە. دەوڵەتی تورک زۆر باش لەم جوڵە فاشیستییانەیدا سەرکەوت، نەک دێرسیم ئەمڕۆ جگە لەپیر و بەساڵاچووەکان کەسێکی وا لە ئامەد و وان و بەدلیسیش کوردی نازانێت.
فەرمانی قەتڵوعامی دێرسیم لە 4ی مایسی 1937 لە ئەنجوومەنی وەزیران و بە فەرمانی ئەو ئەنجوومەنە ئیمزای لەسەر کرا. بە گوێرەی گێڕانەوە مێژووییەکان لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە حەفتاهەزار کەسی بێ تاوان لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج کوژران و ئەوەشی مایەوە بەناچاری کۆچی پێکرا بۆ ڕۆژاوای وڵات.
نووسەری پەڕتووکی ئەرشیفی دێرسیم جەمال تاش کە باپیری خۆشی لەو ڕەشەکوژییەدا کوژراوە توانیوێتی ئەرشیفێکی باش درووستبکات لەسەر ئەو جینۆسایدە لە ڕێگای قسەکردن لەگەڵ 673 کەس کە خۆیان شاهیدی ئەو ڕۆژە ڕەشەبوون. لەم ئەرشیفەدا 122 شوێنی کوشتنی بەکۆمەڵی دەرسیمییەکان تۆمارکراوە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان بۆ جەمال تاش دەڵێت: ئێمەی خەڵکی دەرسیم زۆر سەروکاریمان لەگەڵ دەرەوەی خۆمان نەبوو، خەریکی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵی خۆمان بووین. ڕۆژێک وتیان یاسایەک دەرچووە دەوڵەت هەموو ئەو چەکانەی کە لەدەستی عەشیرەتەکاندایە کۆی دەکاتەوە. ئەو چەکانە پێشتر دەوڵەتی عوسمانی بەسەر هۆزەکاندا دابەشیکردبوو. دەوترا لەبری چەک حکومەت پرد و قوتابخانەو ڕێگاوبانتان بۆ درووستدەکات. ئەم چەکانەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕوسیادا بەکاردەهێنێتەوە.
سەرەتای ساڵی 1937 حەفتا کەسیان لە خەڵکی دەرسیم بانگهێشتکرد بۆ قەرەقۆڵ. حەوتیان نێردران بۆ ویلایەتی ئێلازیغ و لەوێ لەسێدارەدران بەبێ ئەوەی کەس هۆکارەکەی بزانێت. ئەوەی مایەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللە و دواتر پێکەوە خرانە گۆڕێکی بەکۆمەڵەوە بەبێ ئەوەی کەسواریان بزانن ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لەکوێیە. بیانووی دەوڵەت ئەوە بوو کە ئەمە نهێنی دەوڵەتە و نابێت شوێنی گۆڕەکەیان ئاشکرا بکرێت. دواتر ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەکانیان پۆل پۆل بۆ قەرەقۆڵەکانی دێرسیم دەگواستەوە و دەیانخستنە کەمپە زۆرەملێکانەوە تا ئەوەی ڕۆژی کوشتنیان دەهات. جەندرمەکان دەیانگوت دەستبە فیشەکەوە بگرن و بەفیڕۆی مەدەن. هەندێکیان دەیانگوت گوناحە فیشەکێک بە پارەی دەوڵەت بکڕدرێت لەم بێ دەماخانەدا سەرفی بکەین. ناچاربوون بۆ بەفیڕۆنەدانی فیشەک بەکۆمەڵ گڕیان تێبەردەدان یان بەزیندوویی دەیانهاویشتنە دەریاچەکەوە. دەوڵەت نەیدەتوانی هەموو ئەو کوژراوانە بنێژێت. لە شاخ و دەشت و پێدەشتەکاندا فڕێی دەدان و گورگ دەیخواردن. ئەوەشی ڕایکرد بۆ شاخەکان لە توینێتی و برسێتیدا مرد. ئەشکەوتەکانی دێرسیم ئێستاش پڕن لە ئێسک و قژ و پارچەی جلوبەرگی خزم و کەسەکانمان. من بۆخۆم پارچەی جلوبەرگی ئامۆزاکەم کە بڕیاربوو بچمە داخوازیی لە ئەشکەوتێکی باکووری شارەکە دۆزییەوە.
$سەرنجی خۆم:$
ئێمە زۆر کڵۆڵین لە ئاست ئەو تراژیدیا گەورانەی کە بەسەرماندا هاتوون و بە دڵنیاییشەوە لەداهاتودا زیاتریش دێن. هەر ئەم کڵوڵیی و دۆکیومێنتنەکردن و لێنەپرسینەوەیە وا دەکات بەردەوام تراژیدیا و بدەینە دەست جینۆساید، دێرسیم بە ئە ئەنفالەوە گرێ بدەین، شەنگال بکەینە خوشکی هەڵەبجە. گەر بمانتوانیایە دێرسیم بە دونیا بناسێنین ئەنفال ڕووی نەدەدا، گەر وەبەرهێنانمان لە هەڵەبجە بکردایە شەنگال و جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەسەر دەستی سوڵتانە نوێکەی تورکیا دووبارە نەدەبوویەوە. بەداخەوە کە ئەنفال و هەڵەبجەو دێرسیم و شەنگال بۆ میلەتێکی وەک میللەتی ئێمە نەبوونەتە مێژوو، بەڵکوو داهاتوون.ئەنفال لە دوامانەوە بەجێنەماوە بەڵکوو لە پێشمانەو چاوەڕێمان دەکات.
گەلێک نەتوانێت قڕانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی هۆڵۆکۆست، نەک هەر شیاوی ئەوە نییە تۆڵە لە نەیارەکانی بکاتەوە، بەڵکوو شیاوی ئەوش نییە دووشاری خۆی بەڕێوە ببات وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین. گەلێک تراژیدیاکانی خۆی وەک تەشقەڵە تەماشا بکات و بیانکاتە سەفقەی دۆلار بۆ دەستکەوتی کەسیی و خێزانی، لە تاوانبار و جەلادەکانی خۆی خۆش ببێت، چەقۆکانیان بلێسێتەوە، داڵدەیان بدات و دۆنمیان بە دیاری پێببەخشێت، قوربانییەکانیشی بەهەناسە سواری و هەناسە ساردی بژین، ئێسک وپروسک و گۆڕی قوربانییەکانی بۆ گرنگ نەبێت و لە ئەشکەوتەکانی دێرسیم و بیابانەکانی عەرعەر سەگ و گورگ بیانلێسنەوە، گەلێک هەڵەبجەکەی کاروکەسابەت و کارەبای نەبێت و بریندارەکانی شەو ڕۆژ لەم کاناڵ و ئەو کاناڵ سواڵی چارەسەر بکەن، سمود و گەرمیان و ڕزگاریی پایتەختی ئەنفالەکەی ئاوی خواردنەوەی نەبێت و هێشتا وەک سەدەکانی ناوەڕاست بە گۆزە و دەبە ئاو لە بیر و کارێز هەڵگۆزن، دەرسیمییەکەی هێشتا نەزانێت بە کوردی قسەبکات، کیژۆڵە شەنگالییەکەی هێشتا سەبایای حەرەمی سوڵتان بێت و هەر ڕۆژەی موجاهیدێک سواری بێت، نووسەر و مونەویر و سیاسیی و سەرۆک و نوخبەکەی بۆ ئەوە باشن ببن بە شوانی قەل نەک دەمڕاست و سەرداریان.
میللەتی ئێمە لەبۆشایی دەژی، بەهۆی ئەوەی ناتوانێت خاوەنی قەزیە ڕاستەکەی خۆی بێت بۆیە بەشوێن قەزییەی لابەلاوەیە و هەمیشە مەشخوڵدەکرێت و قەزییەی سەرەپارچەی بۆ درووستدەکرێت تا زوو لە خشتەی بەرن. گەر ئێمەبە ئاگاییەوە تەماشای دەرسیم و ئەنفالمان بکردایە، شەنگال ڕووووی دەدایەوە؟ گەر باش خوێندنەوەمان بۆ هەڵەبجە بکردایە کۆڕەوی ملیۆنی و گرانی ڕووی دەدا؟ گەر خۆمان و تراژیدیاکانما بناسیایە هەنێ کۆمیدیانی سیاسیی و قەشمەر دەیانتوانی بمانفرۆشن و سەودامان پێوە بکەن؟ لە ساڵیادی هەڵەبجەو ئەنفالدا هەواڵی بەپەلە دەبوویە مووچە هات یا نەهات؟
پێشکەش بەوانەی کە دەڵێن دەوڵەتی تورک فاشیست نییەو کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە نەک کورد. [1]