نووسینی: خوسرەو شاهانی
وەرگێڕانی: #ڕێباز مستەفا#
لە پەنا دیوارێکی نیوەڕووخاودا، لە یەکێک لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی باشووری شاردا بینیم. کەلوپەلی پینەدۆزییەکەی لە پێش خۆیدا دانابوو، قاڵبە دارە درزبردووەکانی بە بەستراوی لەنێو سەبەتەیەکدا، کە لە ئەنجامی ساردی و گەرمی ڕۆژگاردا داڕزابوو، دانابوون و چاوەڕێی دەست و فەرمانی پیرەمێرد بوون، تاکو زەبری دەستە زبر و ئێسقانییە چرچهەڵگەڕاوەکانی پیرە پینەدۆز، بەسەر تەپڵەسەری خۆیانەوە ببینن و چاوەڕێ بوون پیرەمێرد بە کەیف و ماشای خۆی یەکێکیان هەڵگرێت و بە هێزی لێدانی چەکوچەکەیەوە بیخاتە نێو کۆنەپێڵاوێک، کە چەندین جار دووراوەتەوە و دیسان دڕاوەتەوە و دەمی لێکهەڵزڕاوە. سندانە خواروخێچەکەی، کە بەهۆی دەربی بەردەوامی دەست و چەکوچی پینەدۆز، سەر و کۆتەڵی داکوترا بوو و بە تەواوی ئەندامی خوار و لار بووبووەوە و بەزەحمەت بەسەر پێیەوە وەستابوو و چاوەڕێی ئەوەبوو چەکوچی پیرە پینەدۆز، کە هەمیشە لە چالاکیدابوو، بسرەوێتە تۆقەسەری کوتراوییەوە...
فڵچەکانی پینەدۆز، بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار هەڵوەرابوون و وەکوو بزنەگەڕیان لێ هاتبوو، بە جۆرێکی ناڕێک و تێکەڵوپێکەڵ لەنێو چنگێک وردەبزمار و داوەبەن و سیرمە و قەیتانی پێڵاودا دەبیندران. جامێک ئاوی لە تەنیشت خۆیەوە دانابوو، کە تایبەت بوو بە تەڕکردن و خووساندنی سیرمە و چەرمە کۆنەکانی. ئەو جامە ئاوە زۆر بێزار و کەوەڕێ وەکوو قاپی خواردنی هەمیشەیی پیرەمێرد سارد و سڕ بوو.
هەندێک لە چاکەی، کە لەنێو ئیستکانێکی گەورەی تورکدا بوو، خواردبووەوە، هەندێکیشی وا پێدەچوو لە یاد کردبێت بخواتەوە، یان هەر وای بە باش زانیبوو، کە چیدی هەناوی خۆی بەو ئاوە ڕەشە پڕ ناکەتەوە...
مەگەر تا چ ڕادەیەک جایزە کە مرۆڤ هەناوی خۆی بەو ئاوە گەرمە پڕ بکاتەوە؟
تاکەپێڵاوێک لەلای ڕاستی پینەدۆز نۆبەتی گرتبوو، کە لمووزە هەڵزڕاوەکەی و بەدەنی دڕاوی بە سوژن و بەنی پیرەمێرد بخرێتەوە سەر یەکدی و بدوورێتەوە. تاکەپێڵاوێکی پیاوانە بوو، کە سەر و سیماکەی هەژاری و بەلەنگازی خاوەنەکەی دەردەخست، ڕۆنیشتبووە سەر ئەژنۆ ڕەق و ئێسقانییەکانی پیرەمێرد و خۆی دابووە دەست قەزاوقەدەر و پینەدۆزیش وەکوو برینپێچێکی کارامە و بەئەزموون، سوژن و بەنەکانی بە یارمەتیی سەرەدرێشەیەک لە شوێنە دڕوا و لێکهەڵزڕاوەکانی پێڵاوەکە دەهێنا و دەبرد و برینی پێڵاوەکەی دەدوورییەوە!.
ئەو کوریشک و لۆچانەی کە لە ئەنجامی کاری زۆر و بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار کەوتبوونە نێوچاوانی پیرەمێرد، چی وا کەمتر نەبوون لە کوریشکەکانی شەلوارە دەستچنە ڕەشەکەی. پاڵتۆ دڕاو و شەپڕێوەکەشی هەڵدابووە سەر دیوارە خشتییەکەی پشت سەری.
وا لەگەڵ کاری دوورینەوەی پێڵاوەکە تێکەڵ بووبوو، کە ئەگەر پاڵتۆکەیان بشبردبا ئاگای لێ نەدەبوو... هەرچەندە ڕەنگە بێئاگاییەکەی لەوەوە بووبێت، کە دڵنیا بوو کەسێک پێویستی بەو پاڵتۆ شڕەیەوە نییە. بۆچی دەیبەن؟ بۆ ئەو هەموو پارەیەی نێو گیرفانەکانی! یان لەبەر خاتری پارچەی گرنابەها و دوورینی دوا مۆدێلی!
ڕیشە سپی و تۆپەڵییەکەی زۆری جوان کردبوو، کە ڕەنگە خۆی ئاگای لەوە هەر نەبووبێت، هەتا ئەگەر ئاگاشی لێ بایە و بشیزانیایە، ئەو جوانییە بە چ کەڵکی ئەو دەهات؟
سەری لە بەر خۆی نابووەوە و بێئەوەی مێشکی فەرمان بدات، دەستەکانی لەگەڵ پێڵاوەکەدا خەریکی جموجۆڵ و کاری خۆیان بوون، واتە هەر بە ڕاهاتن کاریان دەکرد، دەیانزانی، چەندین ساڵ بوو لەم کارەدا مەشقیان دەکرد. پێویستیان بە فەرمانی مێشک نەمابوو.. لێبگەڕێ با مێشکی پیرەمێرد لە شوێنێکی دیکە بۆ خۆی مژوول بێت، با بیر لە شتێکی دیکە بکاتەوە... دەست ئەرکی خۆیان دەزانن کە چی بکەن!
تاوێک لەلایدا وەستام، ویستم سڵاو و ماندوونەبوونی لێ بکەم، دڵم ڕێی نەدەدا کە ڕشتەی بیرکردنەوە و هێمنییەکەی تێک بدەم، ویستم بەهێواشی و بێدەنگی لە تەنیشتییەوە تێپەڕم و وا خۆم پیشان بدەم کە نەمبینیوە، بەڵام ئاواش دڵم ڕێی نەدەدا..
هەنگاوێکی دیکەی لێ چوومە پێش، بە ئەنقەست نووکە پێڵاوێکم لەو تاکە پێڵاوە دا، کە لە نۆبەتدا بوو، بەهێواشی خشی و لەو سەر عەردە خشژنێکی نەرمی لێوە هات. پینەدۆز سەری هەڵبڕی و چاوە بچوکە تیژەکانی بڕینە من و بەلەز نیگای لە منەوە بۆ پێڵاوەکانم گواستەوە... نا، ئەمە مشتەری من نییە! لە یەکەم تەماشاکردن و یەکەم نیگادا ئەوەی یەکلا کردەوە، کە من مشتەری ئەو نیم. ئەو مشتەرییەکانی خۆی باش دەناسین، لەگەڵ قەد و قیافەیاندا ئاشنابوو، فۆرم و سایزی پێڵاوەکانیانی دەزانی و ژمارەی قەمامە و تەقەڵی پێڵاوی هەموو مشتەرییەکانی خۆی وەکوو خشتەی لێکدانی منداڵانی سەرەتایی لەبەر بوو.
سڵاوم لێ کرد:
-ماندوو نەبیت باپیرە...
-سڵامەت بیت.
-باپیرە، بە چییەوە خەریکی؟
زەردەخەنەیەک پدووە بێددانەکانی دەرخستن:
-وا دەبینیت 'ئاو دەکوتم'!
-دوکانەکەت هەمیشە لێرەیە؟
-نە ڕۆڵە! دەروێش کە ویستی هەموو شوێنێک سەرای خۆیەتی، دەمێک ئێرە، تاوێک ئەوێ و تاوێک لە پەنای ئەم دیوارە و دەمێک لەژێر سێبەری ئەو دیوارە.. لە هەر کوێیەک کار و کەسابەت هەبێت و لە هەر جێیەک لنگەپڵاوێکم بێتە نک، لەوێندەر کەوڵوکاسم ڕادەخەم.
-ئەدی دەرامەدی ڕۆژانەت چەندە؟
-هەر چەندەی خوا بیدات.. هەرچەندەی مشتەرییەکانم زیاتر ڕابکەن و بێن و بچن، کارەکەی منیش زیاتر دەبێت و بازاڕم پتر برەو دەستێنێت.
-ژن و منداڵیشتان هەیە؟
-پێنج کەس.
-باشە، بەو ڕەوشە دەتوانیت خەرجی خێزانێکی وا گەورە دابین بکەیت؟
-ئێمە خۆ سینگەمریشمان ناوێت! ئەو دەرامەدۆکەش بەشی ئەو جۆرە خواردنە دەکات، کە ئێمە دەیخۆین!
-چەند ساڵە بەم کارەوە خەریکیت؟
-لەو کاتەوە بە بیرم بێت.
-باشە بۆ لە سەردەمی گەنجیتدا پترت هەوڵ نەدا، کە ئەمڕۆ بەم پیرییە ژیانێکی ئاسوودەت هەبێت؟!
-کردم.. ڕۆڵە، بەڵام بینیم لە ڕاکردنی زۆر تەنیا سۆلدڕین نەبێت چیم پێ نابڕێت، تەنیا جموجۆڵ و هەوڵدان نییە کە مرۆڤ بگەیەنێتە ئامانج و ئاسوودەی بکات، زۆر شتی دیکەش پێویستن، کە من نە ئەوکات هەمبوون، نە ئێستاش کەوا کەوتوومەتە بان لێوی گۆڕ و خۆرم لە ئاوابووندایە.
-ماڵت لە کوێیە؟
-هاوینان لەم جۆرە جێگایانە.. بەڵام زستانان سەرگردانیمان پترە.
-خوێندەواریت هەیە باپیرە؟
-هەمبوو.. بەڵام بەو بەفر و بارانەی شەوی ڕابردوو...
پێکەنینم هات... قسەکەیم تەواوکرد:
-شێی هەڵێنا و خووسایەوە!
پیرەمێرد وا پێکەنی، کە قووڵایی قرقراگەی بەدیار کەوت.
دەمێک بێدەنگی کەوتە نێوانمان و پیرەمێرد دووبارە دەستی بە کارەکەی کردەوە. دوو ژنی عەبا بەسەر لەوسەری کۆڵانەکە بە تیلەی چاو تەماشای ئێمەیان کردبوو، ڕەنگە چاوەڕێی ئەوە بووبن کە من بڕۆم و ئەوان تاکەپێڵاوێک بۆ چاککردنەوە بخەنە سەر ئەو تاکەپێڵاوانەی کە لە دوکانۆچکەی پینەدۆز چاوەڕێی چاککردنەوە بوون.
لە ناوەڕاستی کۆڵاندا چەند منداڵێکی پێخاوس خۆیان لە قوڕولیتەی بارانی شەوی ڕابردوو وەردەدا و یارییان بە قوڕ دەکرد.
ئاژیری ئامبۆلانسێک لەسەر شەقامی ئەودیو کۆڵانەکە، بەر گوێ کەوت، تووڕەتووڕەکەی تا دەمێک ئەم ناوەی داگرت و دوایی دەنگەکەی نەما. پیاوێک و مێرمنداڵێک بە باگردان سەربانی خانووە قوڕەکەیانیان، کە لەبەرانبەرمان بوو، دەگێڕا... وا دیار بوو خانووەکەیان بەهۆی بارانی شەوی ڕابردووەوە، دڵۆپەی کردبوو. سەگێکی لەڕ و مردەنی، کە تا بنهەنگڵی قوڕاوی بوو و دەستوپەلی تەڕ بوون، ڕووەو لای پیرەمێرد دەهات و چەند هەنگاوێک لە خوار پیرەمێرد جێگایەکی وشکی پەیدا کرد و لمووزی خستە سەر دەستی و لێی وەرکەوت...
پیرەمێرد تەماشایەکی سەگە قوڕاوییەکەی کرد و لەژێر لێوەوە وتی:
-بەستەزمان!.. بچێتە کوێ لێرە باشترە؟!
$سەرچاوە:$
گرە کور، مجموعە داستانهای کوتاه، خسرو شاهانی، چاپ تهران.
لە مانگی 7ی 1992 لە ڕواندز وەرگێڕدراوە.[1]