سزای سێدارەی #سەرکەوت ئەحمەدی#، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری ڕوانسەر کە ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان بەند کراوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە نهێنی جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 3ی ڕەشەمەی 2722 (22ی فێبریوەری 2023) ، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی سەرکەوت (ئارش) ئەحمەدی، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری #ڕوانسەر#، بە نهێنی لە بەندیخانەی دیزڵئاوای #کرماشان# جێبەجێ کرا.
سەرکەوت ئەحمەدی، تەمەن 29 ساڵ، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووتری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی جەنیوەری 2021ی زایینی، لە کاتێکدا وازی لەو حیزبە هێناوە و بە مەبەستی چوون بۆ ئەورووپا ڕێی کەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە #ورمێ# پەڕیوەی باکووری کوردستان، لەلایەن هێزە حکوومەییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە کرماشان گواستراوەتەوە.
ناوبراو دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامی هێزەکانی پاراستن (ئینتزامی) بە ناوی حەسەن مەلەکی و بە پلەی سەرگوردی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
حەسەن مەلەکی، 23ی گەلاوێژی 2718 لەپێش دەرگای ماڵەکەی خۆی و لەلایەن کەسانێکی چەکداری نەناسراو کوژرا و دواتر گرووپی تێکۆشەرانی ئاڵای سوور بەرپرسیارەتیی کوشتنی ئەو ئەندامەی هێزانەی کۆماری ئیسلامی بە ئەستۆ گرت.
شایەنی باسە کە چەند ڕۆژ دوای لە کوژرانی ئەو پلەدارەی هێزە حکوومەتییەکان، لانی کەم 12 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی سەرکەوت ئەحمەدی، وەک باوک، خوشک و زاوا و... کە ئەو کات سەرکەوت لە شاری #سلێمانی# باشووری کوردستان بوو، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ڕوانسەر دەستبەسەر کران. [1]