ناونیشانی بابەت: نەمانی ئارەزووی خواردن لە منداڵاندا
ئامادەکردن: د. #گەوهەر سەمەد#
ڕۆژانە چی لە ڕاوێژکاری نەخۆشخانە یاخود لە کلینیک ئەو منداڵانە ئەبینین کە دایکیان ئەڵێت (منداڵەکەم ھیچ ناخوات) بۆیە لێرەدا بە کوورتی باسی ھۆکارەکانی کەمخواردن یاخود نەمانی ئارەزووی خواردن ئەکەین:
1- نەخۆشی یان پەتای وەرزی: وەکوو کۆکەو تا و سکچوون، لەم کاتانە نابێ زۆر لەمنداڵ بکەین کەنان بخۆن چونکە بارێکی ئاساییەو کە نەخۆشییەکەی چاکبوو ئارەزووی خواردنی ئەگەڕێتەوە.
2- کەمخوێنی و کەمی مادەی ئاسن: بۆیە پێویستە ساڵانە پشکنینی ڕێژەی خوێن و ئاسن بۆ منداڵەکەت بکەیت.
3- قەبزی: کە ئەبێتە ھۆی ئازاری سک و کەمخواردن.
4- کرمی ڕیخۆڵە و ھەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵەکان، *زۆرجار لە پشکنینی پیسایی ئەتوانین نەخۆشێکە دەست نیشان بکەین.
5- ھۆکاری دەروونی: وەکوو لەدایکبوونی منداڵی تازە، بوونی کێشەلە قوتابخانە یاخود لەگەڵ منداڵێکی تری ھاوڕێیی. پێویستە زۆر ئاگاداری لایەنی دەروونی منداڵەکەت بیت و بەردەوام بەشێوەیەکی جوان لێی بپرسیت ئەگەر کێشەیەکی ھەبوو بۆتی باس بکات.
6- خواردنی ناتەندرووست: وەکوو چپس و نەستەلەو شەربەت و شرینی، ھیچ چارەسەرێکیش سوودی نابێ ئەگەر منداڵ لەسەر کڕینی ئەو خواردنانە بەردەوام بێ
7- کەمی جوڵەی منداڵ: کە بە دائەنیشێ بەچەند کاتژمێرێک بەتەماشاکردنی ئایپاد و مۆبایل، بێگومان ئەو منداڵە خواردنی ناوێ چونکە ھیچ وزەیەکی سەرف نەکردووە.دڵنیام ئەم ھۆکارە لە زۆربەی منداڵەکان ھەیە، تا ئەتوانی مەھێڵە منداڵەکەت بەبێ جوڵە بمێنێتەوە و بەردەوام بیکەوە بیری کە ھەستێ یاری بکات و بگەڕێ و وەرزش بکات.
$چارەسەر:$
پێویستە بەدوای ھۆکارەکە بگەڕێن و بە پێی ئەوە بڕیار ئەدەین کە ئایا چی پشکنینێکی بۆ بکەین و چی چارەسەرێک وەر بگرێت.
- ئێستا تۆش لەلای خۆتەوە بزانە کام لەو خاڵانەی باسمان کرد لەمنداڵەکەتدا بوونی ھەیە و بۆ ئەوەی لەلای خۆتەوە دەست بکەی بە چارەسەرکردنی. [1]