پەڕتووکی ڕەخنەیی ئاست و ئاستەنگ لە بەردەم ڕۆمان و چیرۆکی نوێی کوردی دا
پەڕتووکی ئاست و ئاستەنگ پەڕتووکێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە، کە خوێندنەوە و سەرنجی ڕەخنەیی دەخاتە سەر ژمارەیەک ڕۆمان و چیرۆکی نوێی کوردی و بە دیدگایەکی ڕەخنەییەوە لێیان دەڕوانێت. ئەم پەڕتووکە لە نووسینی نووسەر و ڕەخنەگر #دڵشاد کاوانی#-یە و بۆ یەکەم جار لە لەلاین ناوەندی ڕۆشنبیری مەم و زین چاپی یەکەمی لە ساڵی 2023 چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
پەڕتووکی ئاست و ئاستەنگ پێنجەمین پەڕتووکی چاپکراوی نووسەرە، کە وابڕیارە لە پێشەنگای نێودەوڵەتی پەڕتووک لە #هەولێر# بۆ یەکەم جار بکەوێتە بەردەستی خوێنەرانی ئەدەبی کوردی و بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد کاوانی نووسەری پەڕتووکەکە ڕاگەیاند: پەڕتووکی ئاست و ئاستەنگ لەپاڵ ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەیی خوێندەوەی بۆ ژمارەیەک لە ڕۆمانەکانی چوار دەیەی ڕابردووی ئەدەبیاتی کوردی کردووە و لێکۆڵینەوەیەکی وردی لەسەر مێژوو و قۆناغەکانی ڕۆمان لە جیهان بە گشتی ئەنجامداوە.
ئاست و ئاستەنگ لە کۆمەڵە وتارێک دا ڕاڤەی بۆ دە ڕۆمانی نوێی کوردیی کردووە کە ناوەرۆک، زمان، گێڕانەوە، تەکنیکی ڕۆمانەکانی خستۆتە بەر ڕەخنە و کەموکووڕییەکانی ڕۆمانەکان بە زمانێکی ڕەخنەیی دەخاتەڕوو و ئاستی ڕۆماننووسان لە نووسینەکانیان دەردەخات.
هەروەها دڵشاد کاوانی لە پەڕتووکی ئاستەگ و ئاستەنگ جگە لە ڕۆمانەکان دوو کۆمەڵە چیرۆک و ڕۆمانێکی وەرگێڕدراوی تۆلستۆی خستۆتە بەر چاوی ڕەخنە و بۆیە وتی: ڕەخنەگرتن و دەرخستنی کەموکووڕییەکان ئەرکی ڕاستەقینەی کار ڕەخنەیە، ئەمەش بۆ پێشخستنی دەقەکانە نەوەک لێ کەمکردنەوە و شکاندنیان. بۆ گرنگی پەڕتووکەکەش وتیشی: لە پەڕتووکخانەی کوردیی دا، کەلینێکی گەورەمان لە بواری ڕەخنەسازییەوە هەیە، بۆیە هەوڵم داوە، لەم پەڕتووکەدا بێلایەنانە تێڕوانینەکانم سەبارەت بە ڕۆمانەکان بخەمەڕوو.
ئەم ڕۆمان و بەرهەمانەی کە پەڕتووکی ئاست و ئاستەنگ خوێندەوەیەکی وردی بۆ کردوون، پێکهاتوون لە ژنێکی منگن، شێرزاد حەسەن. پەڕتووکفرۆش، سابیر ڕەشید. شەوانی باکۆ، کەمال سەعدی. ڕۆمانی میدیا، هۆشەنگ شێخ محەمەد. نیشتمانی سارا، میران ئەبراهام. مرۆڤی هەرزان، گۆران سەباح. ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم، ئارام محەمەد. کۆمەڵە چیرۆکی تابلۆکانى قاوەخانە بەلاشەکە، هێمن زەندی. خەون و ئاێنە کوورتە چیرۆکی زرار سەرتاش. ڕۆمانی مەرگی ئیڤانی لیۆ تۆلستۆی، وەرگێڕانی ئەمین گەردیگلانی. ڕۆمانی چارەنووس و دونیای نادیار، ڕێبوار وەلی کاوانی.
پەڕتووکی ئاست و ئاستەنگ لەپاڵ ناوەرۆکە ڕەخنەییەکەی لە دووتوێی بەرگێکی جوان و قەبارەیەکی مامناوەند و سەت و پەنجا و هەشت لاپەڕە پێکهاتووە.[1]