ناونیشانی بابەت: کورد پێویستی بە چەند (کفر ئەحمەد) هەیە؟
ئامادەکردنی: #فەهمی کاکەیی#
ساڵی 1970 ئەندامی تیپی نواندنی مەشخەڵ بووم، بەیانی 11ی ئازار تازە درابوو و کورد لە شایی و کەیف و خۆشێدا بوون. تیپی مەشخەڵ شانۆنامەیەکی ئامادە کرد بە ناوی (دایکی شەهید) ، نووسینی (مستەفا پەژار) و دەرهینانی (سەلمان فایەق کاکەیی) ، من و برای خۆشەویستم دکتۆر فازڵ جاف دەورمان تێدا دەبینی. دوای ئەوەی سێ ڕۆژ لە #کەرکووک# پێشکەش کرا و دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو شانۆنامەکەمان برد بۆ #سلێمانی# و لەوێش چەند ڕۆژێک پێشکەشمان کرد. جەماوەری شانۆ لە سلێمانی پێشوازییەکی چاکیان لە خۆمان و شانۆنامەکە کرد و چەندین دیارییان پێشکەش کردین. من لەلایەن گەنجێکی ئەو کاتەی سلێمانییەوە بە ناوی (ئاراس لاو) دوو پەڕتووکی کوردیم بە دیاری درایێ، ئەو دوو دیارییە بۆ من زۆر بەنرخ بوون، لە لایەکەوە پەڕتووک بوون و لە لایەکی تریشەوە بە زمانی کوردی بوون. یەکێک لە پەڕتووکەکان چیرۆکی (کفر ئەحمەد) بوو، کە مەبەستە بە لامەوە لێرەدا کوورتەیەکی لێ بگێڕمەوە، چونکە زیاتر لە چل ساڵ ڕەت بووە بەسەر خوێندنی چیرۆکەکە ڕەنگە هەمووم وەک خۆی لە بیر نەمابێت.
دەگێڕنەوە دەڵێن: مەلایەک هەبوو ناوی کفر ئەحمەد بوو، ئەم مەلایە زۆر کفری دەکرد و ناوبانگێکی خراپێ بۆ مەلاکان دەر کردبوو. مەلاکان زۆر لە کفر ئەحمەد تووڕە بوون. ڕۆژێکیان کفر ئەحمەد بە کۆڵانێکدا دەڕۆیشت، بینی کۆمەڵێک مەلای کوتەگ و چەقۆ و خەنجەر بەدەست بەرەو ڕووی دێن، مەلاکانی ڕاگرت و لێی پرسین: خێرە؟ وتیان دەمانەوێت کفر ئەحمەد بکوژین، حەیاو شەرەفی بردووین ئەوەندە کفر دەکات، کفر ئەحمەد وتی: ئێوە ڕاست دەکەن، منیش لەگەڵتانا دێم، پاشان بە مەلاکانی گوت: من دەزانم لە کوێ کفر ئەحمەد دەدۆزینەوە، وەرن با بچین بۆ لای حاکمی شار، ئەو زۆر جار دەچێتە مەحکەمە و گوێ لە حوکمی حاکم دەگرێت، بەشکەم لەوێ بیبینین. بەم شێوەیە مەلاکان دوای کەوتن و چوون بۆ مەحکەمە. بینییان وا کابرایەکی (تاوانبار) لەناو قەفەسدایە و کابرایەکی قاچشکاو شکاتی لێی کردووە. حاکم ڕووی دەمی کردە پیاوە قاچشکاوەکە و پێی گوت: بۆمان باس بکە، بۆچی شکاتت لەم کابرایە کردووە؟
کابرای قاچشکاو وتی: گەورەم، من دزم، بە دزیکردن بژێوی خۆم و خێزانەکەم پەیدا دەکەم، من چووم لە ماڵی ئەو پیاوە دزی بکەم، گوێسبانەی خانووەکەی زۆر تەسک بوو، لەویوە کەوتمە خوارەوە و قاچم شکا، پێم بڵێ ئێستا کێ کاسبی بۆ ماڵ و منداڵی من بکات، بۆیە من شکاتم لەو خاوەن ماڵە کردووە.
جەنابی حاکم ڕووی دەمی کردە خاوەن ماڵی (تاوانبار) و وتی: بۆچی گوێسبانەی خانووەکەت وا تەسک درووست کردووە بۆ ئەوەی ئەم دزە قوڕبەسەرە بکەوێتە خوارەوە و قاچی بشکێت؟ ئێستا کێ منداڵەکانی ئەم دزە بەخێو بکات؟
خاوەن ماڵ وتی: جەنابی حاکم، خۆ من گوێسبانەکەم درووست نەکردووە، وەستا درووستی کردووە، خەتای من چییە؟
حاکم بە جەندرمەکانی گوت: بڕۆن وەستام بۆ بێنن.
جەندرمە چوون وەستایان هێنا، حاکم بە وەستای گوت: بۆچی گوێسبانەی خانووی ئەو خاوەن ماڵەت وا تەسک درووست کردووە کە ئەم دزە قوڕبەسەرەی لێ بکەوێتە خوارەوە و قاچی بشکێت و کەس نەبێت کاسبی بۆ ماڵ و منداڵی بکات؟
وەستا وتی: قوربان، ئێمە لە هەر ماڵێکدا کار بکەین، کەیبانوو جارجارە چامان بۆ لێ دەنێت و کولیچەمان دەداتێ و ئێمەیش کارێکی باش دەکەین، بەڵام کەیبانووی ئەم خاوەن ماڵە هێندە ڕەزیل بوو یەک جاریش چییە چای نەداینێ، ئێمەش بەپەلەپەل کارەکەمان تەواوکرد بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت، بۆیە وای لێ هات.
حاکم بە چەندرمەکانی گوت: بڕۆن کەیبانووم بۆ بێنن. چەندرمە چوون کەیبانوویان هێنا. حاکم بە کەیبانووی گوت:
بۆچی چات بۆ وەستا و کرێکارەکان نەکردووە بۆ ئەوەی پشوو وەربگرن و گوێسبانەی خانووەکە باش درووست بکەن و ئەم دزە قوڕبەسەرە نەکەوێتە خوارەو و قاچی نەشکێت؟
کەیبانوو وتی: قوربان، جەنابی حاکم، من منداڵێکی شیرەخۆرەم هەس، هەردەم دەگریا و دەبووایە من شیری بدەمێ، بۆیە فریا نەکەوتم چایان بۆ لێ بنێم.
حاکم بە چەندرمەکانی ئێژێت: بڕۆن ئەو منداڵە ساوایەم بۆ بێنن. چەندرمە دەچن و منداڵەکە دێنن. حاکم بە ڕاوێژکارەکانی دەڵێت:
خۆ ئەم منداڵە جارێ زمانی نەگرتووە، چیی لێ بکەین؟
یەکێک لە ڕاوێژکارەکان دەڵێت: گوێی ببڕین و لە چوار ڕێیانێکدا هەڵی واسین بۆ ئەوەی ببێتە عیبرەت بۆ کەسانی تر.
ڕاوێژکاری دووەم دەڵێت: بەڵام ئەم منداڵە جارێ ساوایە و گوێی بچووکە.
حاکم دەڵێت: ئەی چی بکەین؟
ڕاوێژکار تەماشای خەڵکەکە دەکات و دەڵێت: با گوێی یەکێک لەو مەلایانە ببڕێن، گوێیان گەورەیە و خەڵک دەیبینێت.
حاکم بە چەندرمەکانی دەڵێت: دەی یەکێک لەو مەلایانەم بۆ بگرن.
کاتی مەلاکان گوێیان لێ دەبێت، تێی دەقووچێنن و ڕا دەکەن، پاشان کفر ئەحمەد لە شوێنێک کۆیان دەکاتەوە و دەڵێت: کفر ئەحمەد منم، حاکمی وا دەبینم بۆیە کفر دەکەم.
پرسیاری من ئەمەیە: کورد پێویستی بە چەند کفر ئەحمەد هەیە؟ [1]