ماوەیەکە بەنهێنى دەنگۆی فرۆشتنى (هێلکە گون)ی پیاوان (testicles) لەنێو هەندێک کەس بڵاو بۆتەوە، هەندێکیان بەپێکەنینەوە لە دەنگۆکە دەڕوانن و توانجی پێکەنیناوی لێدەدەن و هەندێکی دیکەش بەدوای سەرەداوی مافیقەتی دەنگۆکەوەن کە ئایا کاریگەرى نەمانى لایەکى هێلکەکە چییە و چۆنە و وە ئەو بڕە پارەیەى دەست دەکەوێت چەندە ؟ وە لە کام لە نەخۆشخانە ئەو نەشتەرگەریە ئەنجام دەدرێت و کڕیارەکانى کێن؟
ماڵپەڕی کوردستان تیڤی بە لە بەدوواداچۆنێکیدا شوێن ئەو دەنگۆیانە کەوت تا سەرەداوی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا بکات.
=KTML_Bold=تا ئێستا حەوت کەس هێلکە گونی خۆیان لە کوردستان فرۆشتووە=KTML_End=
ئازاد تەمەنی 43 ساڵانە باوکی کچ و کوڕێکە و تاکە هێلکە گونێکی خۆی فرۆشتووە، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی دەزگای سەتەلایتی کوردستان وتی: ماوەی مانگێک بەر لە ئێستا لە شوێنی کارەکەم باسی فرۆشتنی گون و نرخەکەی دەکرا، منیش ئەوەم بە فرسەت زانی و بەدوای ئەو بابەتەوە کەوتم و لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتە ناحکومییەکانی شاری هەولێر چووم ناوی خۆمم تۆمار کرد، سەرەتا ئەوان نکۆڵیان کرد کە نەشتەرگەرییەکی وەها لە نەخۆشخانەکەیان بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی من پێداگریم کرد، بردیانم بۆ ژوورێکی نەخۆشخانە و پێیان گوتم ئەگەر خۆت بە ڕەزامەندی خۆت دەتەوێت ئەوە بکەیت ئەوا ئێمە لاریمان نییە و ئەو ئەندامەی جەستەی تۆ دەکڕین و بە پێی پشکنینە پزیشکییەکانیش نرخەکە دیاری دەکرێ.
ئازاد وتیشی: بۆ سبەی لەگەڵ خێزانم چووین بۆ نەخۆشخانە و پشکنینی گشتی و سۆنار و پشکنینی میزیان بۆ کردم، دوای 3 کاتژمێر مانەوە ئەنجامی پشکنیەکانم وەرگرتەوە و بانگیان کردم بۆ ژوورێک پزیشکێکی پسپۆڕ پێی گوتم تۆ کێشەیەکی وای تەندرووستیت نییە کە جێگەی باس بێت و سبەی شە و کاتژمێر 7:30 خولەک نەشتەرگەرییەکەت بۆ ئەنجام دەدەین.
وتیشی: من 3 کاتژمێر بەر لەکاتی دیاریکراو لە نەخۆشخانە ئامادە بووم و دواتر تیمێکی پزیشکی بیانی پرۆفیشناڵ نەشتەرگەرییەکەیان بە سەرکەوتوویی بۆ ئەنجام دام و ئێستاش وەک دەبینی کێشەم نییە و تەنیا دوو ڕۆژ لە ژورێکی تایبەتی نەخۆشخانە مامەوە و دواتر لە نەخۆشخانە دەرچووم.
هەروەها کەسێکی دیکە بەناوی ئەحمەد کە ئامۆزای ئازادە و تەمەنی 35 ساڵە، دوای نەشتەرگەرییەکەی ئازادی ئامۆزای بڕیار دەدات تاکە هێلکە گونێکی خوێ بفرۆشێت و بەهەمان شێوەی ئازاد نەشتەرگەری کردووە و بەنرخێکی زیاتر لە ئازاد ئەو بەشەی جەستەی خۆی فرۆشتووە.
ئازاد باوکی 5 منداڵە و لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ مااڵپەرٍِی کوردستان تیڤی وتی: لە و ڕۆژگارەدا ئەو بڕە پارەیە دەست کەس ناکەوێت، بۆیە من بڕیارمدا هێلکە گونێکی خۆم بفرۆشم و پێداویستییەکانی خۆم و منداڵەکانم و خێزانمی پێ پڕ بکەمەوە.
ئازاد و ئەحەد وتیشیان بەر لە نەشتەرگەرییەکە ئێمە پارەکەمان بە کاش وەرگرت، ئینجا داخیلی نەشتەرگەرییەکە بووین، وتیشیان بە پێی قسەی تیمە بیانییەکە بێت ئێمە حەوتەم کەسین کە نەشتەرگەری هێلکەی گونمان بۆ بکرێت و لێمانی بکڕنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو دوو ئامۆزایە پێنج نەشتەرگەرییەکەی تر لە شاری سلێمانی و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی ناحوکمی لەسەر دەستی ئەو تیمە بەسەرکەوتوویی کراون.
=KTML_Bold=دکتۆرەکان چۆن باسی حاڵەتی گون فرۆشتنی پیاوان دەکەن؟=KTML_End=
دکتۆر وشیار جەمال بەزار پسپۆڕی نەخۆشییەکان میزەڕۆ و گورچیلە، لە بارەی ئەم نەشتەرگەرییەوە بۆ ماڵپەری کوردستان تیڤی وتی: ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە نە زانستییە وە نە شەرعیشە، چونکە ئەو کەسەی کە ئەم هێلکە گونە وەردەگرێت، هەر وەچەیەک بخاتەوە بە ناشەرعی ناودەبرێن و دەبن بە بیژوو، بۆیە ئەو نەشتەرگەرییە لە وڵاتانی پابەند بە دینی ئیسلام بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە وهەرکەسێک هەڵسێت بە ئەنجامدانی تووشی سزای یاسایی دەبێتەوە.
سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییە کانی ئەو پسپۆڕەی بواری میزەرۆ و گورچیلە وتی: نەشتەرگەرییەکە کاریگەریی لەسەر ژیانی تاکەکەس نییە و ئەو کەسەی کە ئەو بەشەی ئەندامی جەستەی دەفرۆشێت لە پیاوەتی ناکەوێت و تەنیا ئەگەری منداڵبوون لاوازدەکات.
وتیشی: ئەگەر هاتوو کەسەکە لایەک بفرۆشێت ئەوا ئەگەری هەیە وەچە بخاتەوە و کێشەیەکی بۆ درووست نابێت، بەڵام ئەگەر هەردوو لای بفرۆشێت یان نەیمێنێت ئەوا ئەو کەسە لەوەچە خستنەوە دەکەوێت و ناتوانێت منداڵ بخاتەوە.
=KTML_Bold=ئایینی ئیسلام ئەم جۆرە بازرگانییەی قەدەغەی کردووە=KTML_End=
هەر سەبارەت بەم بابەتە مامۆستا عومەر چنگیانی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی خەدیجە کوبڕا بە هەموو شێوەیەک ڕەتی ئەو نەشتەرگەریەی کردەوە بۆ ماڵپەری کوردستان تیڤی گوتى: پارێزگاری کردن لە ژیانی هەر تاکێک ئەرکێکی دینییە و خوای گەورەش فەرموویەتی (ئەگەر کەسێک نەفسێک زیندوو بکاتەوە وەک ئەوە وایە هەموو خەڵکی زیندوو کردبێتەوە، وە ئەگەر کەسێک نەفسێک بەناحەف بکوژێت وەک ئەوە وایە هەموو خەڵکی کوشتبێت).
هەروەها وتی: مەبەستمە بلێم چارەسەر لە دیندا جائیزە بە مەرجێک لە ڕێچکە دەرنەچێت، ئەگەر پیاوێک توانای سێکسی لاواز بێت بەڵام تۆو (مەنی) ئەو پیاوە بەکەڵک هات و توانای پیتاندنی هەبوو، ئەوا ئاساییە و جائیزە بە ڕێگای پزیشکی سپێرمی ئەو پیاوە بۆ ژنەکەی خۆی دابنرێت، خۆ ئەگەر سپێرم (مەنی) پیاوێکی تر لە ڕەحمى ژنەکەیدا بچێنن، ئەوا جائیز نییە و منداڵەکە دەبێتە منداڵی ناشەرعی هەتا ئەگەر ژن و مێردەکەش ڕازی بن لەسەری.
وتیشی: لەڕووی دینییەوە بەهەموو شێوەیەک ئەو نەشتەرگەرییە قەدەغەکراوە و قبووڵکراو نییە.
=KTML_Bold=کڕیارەکان کێن و بە چ مەبەستێک بە کاری دەهێنن؟=KTML_End=
بە پێی قسەی فرۆشیارەکان هێلکەی گونەکان دەبردرێنە دەرەوە و بە نەشتەرگەرییەکی دیکە بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە نەزۆکن و ناتوانن وەچە بخەنەوە.
هەروەها دەڵێن: ئێمە سەرباری ئەوەی بە پارە ئەوەمان کردووە بەڵام هیوامان بۆ ماڵێکی تر گەڕاندووەتەوە کە بە حەسرەت بوونی منداڵێکن لە ناو ماڵەکەیاندا، بۆیە بە ئەرکێکی مرۆیی دەیبینین و ویژدانمان ئاسوودەیە، وەک چۆن کەسێک پێویستی بە گورچیلە هەیە و بۆ ڕزگارکردنی ژیانی گورچیلەیەک دەکڕێت، ئاواش بۆ ڕزگاربوونی لە نەزۆکی تاکە گونێک یا هەردووکی دەکڕێت و بەهۆیەوە دەتوانێت وەچە بخاتەوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە چۆن سەیری حاڵەتەکە دەکرێت؟
دکتۆر شڤان ئیسماعیل، دکتۆرا لە کۆمەڵناسی و سەرۆکی بەشی کاری کۆمەڵایەتی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین تێروانین و دەرهاویشتەی کوڵامەیەتییەکانی فرۆشتنی بەشێک لەجەستەی تاکە کەسی بەم شێوەیەی خوارەوە خستەڕوو.
هەڵبەتە میکانیزمەکانی کڕینی جەستەی مروڤ لەلایەن کەسانێک کە هەم توانا و هەم گڕوتینی کڕینیان هەیە وەک بەشێک لە پێداویستەکانی ئەندامی جەستە سەیریان دەکات کاریکەری لەسەر تێرکردنی ئەم پپَداویستانە وەک لایەنێکی بایولۆژی سەیر دەکرێن، بگرە زیاتر پڕۆسەیەکی خۆرسکییە کە ئەو ئەندامەى جەستەی وەک دەرچەیەک لە زیندەکییەکی فیزیکی سرووشتی بە هەردوو ڕووە ئەرێنی و نەرێنیەکی جێگای گومان و نیشانەی پرسیارە کە ئایا تا چەند توانای خۆگونجانی ئەو بارودوخە زیندەکییە و تازەگەراییەی هەیە.
وتیشی: ئەوەی ئێمە مەبەستمانە زیاتر تیشکی بخەینە سەر ئەو ڕوانگە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەو تاکە کەسە بەشێکی گرینگ لە و ئەندامە دەکڕێت چۆن سەیری دەکات لە داهاتوو، ئایا پێداویستییە هەنووکەیەکان وای کردووە گڕوتینی زۆر بێت و پڕی بکاتەوە، یاخود بە پێچەوانەوە لە داهاتوو دەرهاویشتەی نەرێنی لەسەر خودی ئەو تاکەکەسە بەجێ دێڵێت لەلایەک و تێڕوانینی نەرێنی ئەو زیندە کۆمەڵایەتییە دەوروبەری تێدا دەژی لە لایەکی دیکەوە.
ئەو پسپۆڕەی بواری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد: ئەوەی جێگای داخە ئەو بابەتە بووەتە دیاردە لە ناو کۆمەڵگە، بگرە ئاڕاستەیەکی لاسایش لەم دیاردە بوونی هەیە بە فاکتەری سادەیی لایەنی ئەقڵییەتی کۆمەلگا و نەبوونی هیچ ئەزموونێکی زانستی و بابەتیانە هاندەری سەرەکی و پاڵنەری پەرش و بڵاوی ئەم دیاردەیەیە و بگرە بە فۆڕمەڵییەکی هەڕەمەکی سەراپای چین و توێژەکانی ناو کومەلگای گرتووتەوە، بۆیە مومارەسەکردنی ئەو جۆرە بابەتە هەستیارانە بەتایبەت مامەڵەکردن و کڕینی ئەندامی هەستیاری مروڤ بە ئەندازەیەک مامەڵەکردن بە ئەندامی زاوزێی تاکەکەس لەڕووی مەعریفەی تاکەکەس و نەبوونی هۆشیاری کۆمەلایەتی چ لەسەر ئاستی تاکەکەس چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگە نیشانمان دەدات کە بەتایبەتیش بە بێ بڕینی فلتەرەکانی پزیشکی دامەزراوە تایبەتمەندیکانی تایبەت بەم بوارە.
هەروەها وتیشی: بۆیە سەیرکردنی ئەم دیاردەیە هەم لەسەر ئاستی خودی ئەو تاکە کەسە چ لەسەر ئاستی تێکڕای کۆمەڵگە بێت لە داهاتوو بەهای تەندرووستی خۆی لە دەست دەدات، بگرە دەرهاویشتەیەکی نەرێنی سایکۆ سۆسیۆلۆژیش لەسەر کۆی بیرکردنەوەی ئەو تاکە کەسانە درووست دەکات کە بە جۆرێک ئاڕاستەی تێروانینی لەلایەن زینکەی کۆمەڵایەتی هەستێکی داینەمووی بەردەوامیان هەیە کە ئەندامێکی ئەو تاکە کەسە خوازراوە بەشێوەیەک هیچ جۆرە خاوەندارییەکی پێوە دیار نییە، ئەو هاوکێشەیە بگرە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی و دەنگۆیەکی نەخوازراو درووست دەکات کە پێکهاتەی جەستەی تەندرووستی ئەو تاکە کەسە بە شێوەیەکی بەردەوام جێگای نیشانەی پرسیارە؟
تێبینی/ بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر ماڵپەڕی کوردستان تیڤی چەند جارێک پەیوەندی بە گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستییەوە کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە. [1]