$ڕێگا ڕاستەکە، هەر ئازادییە$
#عارف قوربانی#
چەند ڕۆژێکە میدیای کوردی و حیزب و هێزە سیاسییەکان و تەنانەت بەشێک لە کونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانیش لە هەرێمی کوردستان، سەرقاڵی کەیسی ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکڤانەی بادینانن کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە ئەو حوکمە بەسەریاندا سەپێنرا کە پێشتر لەلایەن دادگایەکی هەولێرەوە بڕیاری لەسەر درابوو.
بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەدا ناوی هەریەک لە کونسوڵگەریی ئەمریکا و ئەڵمانیا هێندراوە، بابەتەکە تاوەکو ئەندازەیەک ڕەهەندێکی فراوانتری وەرگرت وەک لەوەی وەک کێشەیەکی ناوچەیی تەماشا بکرێت. لەناوخۆی کوردستان و لە ناوەندە نێوودەوڵەتییەکانیشدا بووەتە پرسێکی جێی قسەوباس و پێویستە پێش هەرکەس دەسەڵاتدارانی کوردستان خۆیان هەڵوەستە لە ئاستی لێکەوتە خراپەکانی ئەم پرسە بکەن.
بە ئەندازەی ئەوەش جێگەی داخە کە میدیاو میدیاکارانی ئێمەش بەردەوام لە بوونی هەر کێشەیەکدا لەجیاتی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، هەمیشە دەبنە بەشێک لەو ململانێ سیاسییانەی سەرهەڵدانی هەر کێشە و گرفتێک دەکەنە بەشێک لە ئامرازی ململانێیەکانیان. ئەوەی لەسەر ئەم پرسە لە میدیاکانی هەردوو بەرەی دەسەڵات و نەیارەکانییەوە دەبینرێت، هیچی خزمەت بەوە ناکات کوردستان لەم تەنگژەیەی خۆی بۆ خۆی درووستیکردووە ڕزگار بکرێت، ئەوەندەی قوڕەکە بۆ داهاتووی کوردستان خەستتر دەکەنەوە.
ڕاستییەک هەیە دەبێ هەمیشە کورد لەبەرچاوی بێت کە ئەویش ئەوەیە سەرباری قوربانیدان و خەباتی بێوچانی میللەتەکەمان بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو، بەڵام ئەوەی بووە بناخە بۆ درووستبوونی نیمچە قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و شۆڕشەکانی خۆمان نەبوو، بەڵکوو پەیوەندی بە و گۆڕانکارییانەی هاوکێشەی ناوچەکەوە هەبوو کە لە ئەنجامی داگیرکردنی کوێت و شەڕی کەنداو هاتنە ئاراوە. سەرنجی بڕیاربەدەستانی نێودەوڵەتیش لەبەر خەباتی ڕەواو بزووتنەوەی چەکداری کورد نەبووە بۆ کوردستان، بەڵکوو ئەویش پەیوەندی بە هەڵەبجە و کۆڕەوی ساڵی 1991 ەوە هەیە. درووستبوونی ئیدارەی کوردی لەناو چوارچێوەیەکی بە دوژمن و داگیرکەر دەورەدراوی کوردستان و مانەوە و بەرگەگرتنی بۆ ئێستا، ئەویش پەیوەندی بە هێزو بازووی خۆمانەوە نەبووە، ئەوەندەی پەیوەستە بەسیاسەتی نێودەوڵەتییەوە کە لانی کەم تائێستا وەک جوگرافیایەکی جیاواز چاویان لە کوردستانە و وەک پێویستییەکی تەواوکردنی ئامانجەکانی خۆیان لەناوچەکە جوگرافیاکەیان پاراستووە. بەڵام ئەوەی وادەکات ئەم سیاسەتە درێژەی هەبێت، ئەمەیان لەدەستی خۆماندایە. ئەویش تەنیا لە ڕێگەی درووستکردنی جیاوازی لە گەل و وڵاتانی ناوچەکە بەدیدێت.
هەریەکە لەم دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، وڵاتگەلێکی نادیموکراسین. سیستەمەکانیان سیستەمی ستەمکارو چەوسێنەری ئازادی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤن، نەک تەنیا بەرانبەر کورد لە وڵاتەکانیان، بەڵکوو بۆ خودی نەتەوەکانی خۆشیان وڵاتیان کردووەتە زیندان. چاوەڕوانی و ئومێدی وڵاتانی پێشکەوتنخواز بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەبووە کە ببێتە نموونەیەکی جیاواز لە ناوچەکە. تاکە خاڵی بەهێز بۆ کوردستان تاوەکو جیهان پشتیوانی بکات و ببێتە سەرچاوەی وزەبەخشین بە مانەوەی قەوارەی کوردی، هەر ئازادی و دیموکراسییە. کوردستان هیچی شتێکی دیکەی نەماوە بتوانێت سەرنجی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هەست و سۆزی جیهان بە کوردستانەوە ببەستێت جگە لەوەی شەڕی سەپاندنی دیموکراسی بکات لە ناوچەکە. ئەمەش لەناو ماڵی کوردییەوە دەستپێدەکات، لە دامەزراوە حوکمڕانییەکانی و لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستاندا.
بەداخەوە پێدەچێت بڕیار بەدەستەکانی کوردستان لەوە نەگەیشتبن یاخود تێگەیشتنی هەڵەیان بۆ ئازادی و دیموکراسی هەبێت، چونکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەجیاتی ئەوەی ڕوو لە گەشەکردن بین، بۆ دواوە دەگەڕێینەوە. ڕەنگە ئێستا ئەوانەی لە دەسەڵاتدان بڵێن پەنابردنە بەر دادگا باشە یاخود بەچەک ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکڤانان و ڕۆژنامەنووسان، وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو دەبیندراو تاوەکو دەستپێکی ئەمساڵیش لە خۆپیشاندانەکاندا چەندین چالاکڤان شەهیدکران. ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە وەک زۆرجار لە زاری گەورە بەرپرسانەوە وەک گەشەکردن وێنای دەکەن کە لەبری ئەوەی بەچەک وەڵام بدرێنەوە پەنا دەبرێتە بەر یاسا. پێشێلکردنی ئازادی هەر پێشێلکردنە جا بە کوشتنی جەستەیی بێت یان دەمبەستن لە ڕێگەی دادگاوە. ئەسڵەن دەبێ هەرێمی کوردستان ڕیشەی دژایەتیکردنی ئازادییەکە دەربێنێت نەک گۆڕینی شێوازی پراکتیزەکردنی چەوسانەوە.
ژیانی خەڵک خراپە، سیستەمی حوکمڕانی کوردستان خراپە، حیزب و دەسەڵاتدارەکانیان پاوانی هەموو جومگەکانی ژیانی هاووڵاتییانیان کردووە، بێگومان لە دۆخێکی وادا خەڵک ناڕازی دەبێت و نیگەرانە و بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانی. ناکرێت وەک تاوان لە ڕەفتار و گوفتاری هاووڵاتییان بڕوانرێت کە داوای مافی خۆی دەکات، بەپێی قسەی ئەو پەڕڵەمانتارانەی لە دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو ڕۆژنامەڤان و چالاکڤانانەی بادینان بەشداربوون، ئەوان هەر ئەوەیان گوتووە و و هەرئەوەیان کردووە کە بەشی زۆری میللەتەکە ڕۆژانە دەیڵێت و بەدوایدا دەگەڕێت. گریمان لەوە زیاتریش ڕۆیشتوون و هەموو (ئەو تۆمەتانە ڕاستن کە دەربارەیان دەوترێت) ، گریمان نیازیان خراپ بووە، تەنانەت خو