قەوارەی هەرێم
شاسوار ئەحمەد هەرشەمی
26-03-2023
بەپێچەوانەی ئەوانەی کە لە نەزانیی بێت، یان خەمخۆریی، یاخود لە ترسی لەدەستدانی دەستکەوت و پلە و پایە و مووچەی بەخۆڕایی، بە بێبەشکردنی مافیای خۆسەپێنی هەرێم لە پارەی دزینی نەوت، زەنگی مەترسی نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لێدەدەن، من لام وایە هەرێم، کە پایەکانی درووستبوونی لە بەندەکانی دەستووری هەمیشەیی ئێراق چەسپاوە، وا بە ئاسانی ناکرێت هەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە پڕۆسەی گۆڕینی تەنیا خاڵێکیش لە دەستوور، وا ئاڵۆزە کە لەم بارودۆخەی ئێراقدا نامەیسەرە.
ئەی چی دەبێت؟
بە لاواز بوونی دەستەڵاتی مافیای خۆسەپێنەری کورد، بەسەر لوولە نەوتییەکاندا، بێگومان گوژمەی پارەی کاشیان کەم دەبێتەوە. ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆی بەسەر پارەی کەڵەکەکراوی زووتر دزراوی ئەوانەوە نابێت. هاوکات تەنیا بە کاری کرێگرتەیی و بەکرێگیراوییان بۆ سپا و دەوڵەتی تورک و داگیرکەرانی دیش، کەموزۆر پارەیان وەک پاداشی کاری ئیرتیزاق و جاشایەتی بۆ دێت و پەکیان ناکەوێت. واتا بە فرۆشتنی خزمەتەکانیان بە تورکیا و لەوانەشە ئێران و هەر دەوڵەتێکی دیش، کە ئامادە بێت پارەیان لەبەرانبەردا پێبدات، ئەوان درێژە بە دەستەڵاتی خۆسەپێنانەی خۆیان لە هەرێم دەدەن.
هاوکات بە کەمبوونەوەی پارە، ناتوانن وەک جاران باربووی هەموو سێکتەرەکانی بەڕێوەبردن بکەن. بە گشتی نەخۆشخانە حکومییەکان نامێنن و هەمووی دەبێتە نەخۆشخانەی تایبەتی سەر بە مەسولێکی دز و دەوڵەمەند، یان کەسانی گەندەڵکار. دیسان قوتابخانەی حکومیی تووشی پوکانەوە دەبێت و خەڵک ناچارە بە پارە منداڵەکانی بنێرێتە قوتابخانە ئەهلیەکان. ئەمە دەبێتە هەلێکی دەگمەن بۆ سەلەفییە توندڕەوەکان، تا منداڵان لە پۆڵی هاوشێوەی حوجرەی جاران، بە خۆڕایی ناونووس بکەن و بە بیری نامۆ پەروەردەیان بکەن. زانکۆکان دەبن بە پارە و دەشبێت پارە درووست بکەن، بە بەشینەوەی شەهادەی بێ ناوەرۆک و بابەتی دزراو لە هەموو لایەک.
سێکتەرە خزمەتگوزاریەکان، بە گشتێی پەکیان دەخرێت، چونکە دەستکەوتی خێرای تێدا نییە. ئەو سێکتەرانەی کە پارە لە خەڵک وەردەگرن، وەک تۆمارکردنی خانو، ئۆتۆمبێل، تۆماری کارگە و ... باش دەگەشێنەوە و لەم بوارانەدا، پتر پارە دەخەنە سەر شانی خەڵک.
لەجیاتی باجی ئاسایی، چەکدارانی میلیشیا، ماڵ بە ماڵ و دوکان بە دوکان دەگەڕێن و بە ناوی جیاجیا (سەرانە) لە خەڵک دەسەنن. بەشێکی زۆری هێزە چەکدارەکانیان، کە کەسانی پیر و بێکەڵک و بندیوار و بودەڵەن، لە ڕیزەکانیان دەردەکەن و مووچەیان دەبڕدرێت، چونکە ناتوانن وەک جاران بۆ بێدەنگکردنی خەڵک، مووچە بە هەموو کەسێک بدەن.
سەرەڕای ئەمانەش هەموو جۆرە قاچاخیەک دەبوژێننەوە. تانکەرە نەوت لە هەر گۆشەیەکی سنوور دەبیندرێن، کە چۆن نەوت ئاودیوی سنوورەکان دەکەن. قاچاخی جگەرە، دەرمان، مەشروباتی ئەلکهۆلی، تا دەگات بە دەرمانە بێهۆشکەرەکان، زۆر پەرە دەستێنێت، چونکە قازانجی خێرای لێ دەکەن.
بە کوورتی هەرێم دەبێتە شوێنێک، کە بۆ کەسانی لاواز، بێکار و پیر و پەککەوتە، گونجاو نابێت تێیدا بژیێن.
لەپاڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، هاوکات ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەستەڵاتی میلیشیا پتر پەرە دەسێنێت. بەشێکی زۆری ئەوانەی بەهۆی کەمی پارەوە، لە هێزە چەکدارەکانیان دەردەکرێن، یان لە نەمانی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکاندا، بێکار دەبن، دێنە ڕیزی ناڕازیان. ئەگەری ڕاماڵینی دەستەڵاتی مافیای دز بەهێزتر دەبێت.
بە پێچەوانەی ئەوەی کە نووسەر و زمانشڕەکانی سەر بە مافیای کوردایەتی، خەڵکی دەترسێنن، بە ڕووخانی حکومەتە کارتۆنییە.ە، قەوارەی هەرێم ناتەپێت و هیوای دواڕۆژێکی باشتری لێ دەکەم.، بەڵام ئەم دواڕۆژەش، هەر لە ئاستی وشیاری خەڵکەکە دادەبێت و بەهەشت لەخۆیەوە نایەتە ژێر پێمان، ئەگەر خۆمان پێکەوە سەرچمکەکانی ڕانەکێشینە ژێر پێمان. [1]