ناونیشانی بابەت: هەرگیز پرسیوتە بۆ شازادەکان لە ڕۆژی بوکێنیدا وا سادە و ساکار دەردەکەون؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بیرۆکەی نووسین لە عەرەبییەوە وەرگیراوە
هەرگیز لە خۆتت پرسیوە بۆ شازادەکان لە ڕۆژی بوکێنیدا وا سادە و ساکار دەردەکەون، بەبێ جلوبەرگی ڕووت و سەرنج ڕاکێش، بێ ماکیاژی تۆخ و خشڵی گرانبەها و بریقەدار؟!
- زۆر بە ئاسانی، وەڵامەکەی ئەوەیە کەئەوان لەناخی خۆیاندا دەزانن کە شازادەن و پێویست ناکات بۆ دەورووبەری بسەلمێنن کە شازادەن و بەجلوبەرگی سەرنج ڕاکێش و گرانبەها و خشڵی گرانبەها خۆیان دەربخەن.
خۆدەرخستن و پۆز لێدان دەربڕینێکی شاراوەی ترس و پێویستییە، پێویستی بۆ قبووڵکردنی خوود، پێویستی بۆچوونە سەر شاشە و سەکۆ و پلاتفۆرمەکان.
لەوانەیە کاتێک ڕووکەشت جوان و بێ خەوش دەردەکەوێت هەستێکی درۆزنانەی بەبەهابوونت پێ ببەخشێت!
بەڵام دڵنیا بە هەست بە کەمی و بێ بەهایی هەر بەردەوام دەبێت و زیاتریش دەبێت، مادەم تۆ نرخت بۆ خوودی خۆت و بەهای خۆت لە شتە ڕووکەشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە نە جێگایی دڵنییاین، نە جێگای ئاسوودەین.
لە کۆتایدا سامان و جوانی و خشڵ و ئۆتۆمبێلی تازە مۆدێل و خانووی گرانبەها و هەزاران شتی تری ڕووکەش، تەنیا ڕووپۆشێکی درۆزن و فریودەرن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان قەدەر لەوانەیە بە شنەبایەک لەسەر شانمانی هەڵبماڵێت و فڕێی بدات، بە ڕووتی بمانخاتەوە بەردەمی ژیان ، یاخوود ئەوەتانێ بەهەموو سامانە ڕووکەشەکەمانەوە دەکەوێتە ژێر تەپووتۆزی ڕۆتین و بێزاری لە شتەکانمان لەدوای چرکە ساتی سەرسامبوونی یەکەمجار.
ئاسوودەیی ڕاستەقینە و دڵخۆشبوون و هەستکردن بەبەهای ڕاستەقینە ئەوەیە کە سەرچاوەکەی لە ناخی مرۆڤ و متمانە بە خۆبوونەوە سەرهەڵدەدات، کە پڕ بێت لە دەوڵەمەندی ڕۆح و فیکر.
هەرکات ئادەمیزاد بەهای خۆی زانی وەکوو مرۆڤ ، ئەوکات هەموو کون و کەلەبەرەکانی ڕۆح و بیری پڕ دەبێت لە خۆشەویستی و پێزانین بۆ بەهای ڕاستەقینەی خۆی وەک بوونیادەم، دوور لە ئەو باق و بریقە مادییەی کە لەوانەیە چاو فریوبدات بەڵام نەفس و بیروهۆش ماندوو دەکات و هەمیشە داوای زیاتر و زیاتر دەکات.
مرۆڤ چەند متمانەی بەخۆی زیاتر بوو، زیاتر هەست بە پڕی و تێری دەکات، زیاتر دووردەکەوێتەوە لە شتە مادییەکان و زیاتر پەنا دەبات بۆ شتە ڕۆحییەکان.
هەستکردن بە پڕی و تێربوون لە خوودی مرۆڤدا بناغەی هەستکردن بە هاوسەنگی ڕۆحیە لە مرۆڤدا، هەرئەو هاوسەنگیەیە بناغەی ڕاستگۆیی و سادەیی و لێبووردەییە، بەڵکوو بناغەی هەموو چاکیەکانە.
جوانی ڕاستەقینە ڕووخساری پڕ لە جوانکاری و کەلوپەلی گرانبەها و لەشولاری ڕێک نییە، بەڵکوو جوانی ڕاستەقینە سادەیی و میهرەبانییە بەبێ خۆدەرخستن و پۆز لێدان.
سادەیی خەسڵەتی مرۆڤی جوانە، ئەو خەسڵەتەیە کە لە فیترەتی مرۆڤەوە نزیکە، فیترەتیش زمانی ڕۆحە. [1]