ناونیشانی بابەت: گرفتەکانی هەناردەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا
ئامادەکردن: #دابان عەبدولواحید حەسەن#
لە هەرێمی کوردستان 57 بلۆکی نەوت و گاز هەیە 28 کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن، بە جۆرێک لە سنووری هەولێر 12 کۆمپانیای هەشت وڵاتی جیاوازی بیانی و کۆمپانیایەکی خۆماڵیی کاری تێدا دەکەن و لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان 15 کۆمپانیای نۆ وڵاتی بیانیی کار لەو کێڵگە غازیی و نەوتیانەدا دەکەن.
ناوەرۆکی زۆربەی گرێبەستە نەوتییەکان ئەوەی تێدایە، کە لەکاتی درووستبوونی کێشە لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان ئەوا دەتوانرێت ئەو دۆسییەیە لە ڕێگەی دادگای نێودەوڵەتیی یەکلا بکرێتەوە.
“=KTML_Bold=مێژووی هەناردەی نەوتی کوردستان”=KTML_End=
بۆری نەوت لە سنووری هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2010) ەوە دەست بە درووستکردنی کراوە، کۆتایی ساڵی (2013) ، بۆ یەکەمجار لە ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستراوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. بەپێی زانیارییەکانی نێو یاداشتی کۆمپانیای کار بۆری نەوتی درووستکردووە و (40%) خاوەندارێتی بۆرییەکە هی کۆمپانیای ناوبراوە، بەپێی زانیارییەکان بۆرییەکە نزیەکەی (600) ملیۆن دۆلار تێچوونەکەی بووە.
(60%) بۆری نەوتی هەرێم خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (رۆسنەفتی ڕووسی) دەگەڕێتەوە، کاتێک لە 2/6/2017 لە شاری (سانبترسبورگ) ، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێکیان لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ڕۆسنەفرت واژۆ کرد، بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی (%60) ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای ڕۆزنەفت بەبەهای (1 ملیار و 700 ملیۆن) دۆلار.
درێژی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان (896) کیلۆ مەترە، لە سنووری هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە دەستپێدەکات و بەنێو بلۆکەکانزاییەکانی (هەولێر، بەردەڕەش، عەین سەفنی، جەبەل کەند، ئەلقوش، دهۆک و سلیڤانی) یدا تێدەپەرێت و دەگات بە (فیشخابور) ، (221) کیلۆ مەترە، بەم پێیەش (%24.6) بۆری نەوت لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەردوو کۆمپانیای (کار و ڕۆسنەفتی ڕووسی) دەگەڕێتەوە.
ئەو بەشەی لە سنووری تورکیایە، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای وزەی تورکی دەگەڕێتەوە کۆمپابیای (بۆتاش) سەرپەرشتی دەکات. لە فیشخابوورەوە تا دەگات بە بەندەری جەیهانی تورکی (675) کیلۆ مەترەو (74.6%) ی درێژی بۆرییەکە پێکدەهێنێت.
=KTML_Bold=“نادەستووری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان”=KTML_End=
لەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی ئێراق دەری دەکەن، ئەگەر نادادپەروەرانە بێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت پێش ئەوەی لایەنەسیاسییەکان زەرەرمەندبن، زۆرێک لە چاودێران هەر لەسەرەتاوە تێبینیان لەسەر هەردوو بڕیارەکەی بەمدواییانەی دادگەی فیدڕاڵی ئێراق هەبووە کە یەکەمیان لەبارەی دیاریکردنی قەبارەی پەکخستنی کارەکانی پەڕڵەمانە و بڕیاری دووەمیش کە تایبەت بوو بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. ئەم دوو بڕیارەی کە لە دادگەی فیدڕاڵی ئێراقەوە دراوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان بابەتەکە خوێندنەوە نییە هێندەی دەستوەردانە لە کاروباری دەسەڵاتی یاسادانان.
بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی کاتێک ڕێزی لێدەگیری کە بێلایەنانە بێت. دادگەکە دوایین وێستگەیە کە ئەگەر گرفتێک هەبێت لە بابەتێکی دەستووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان یاخود هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فیدڕاڵییەکان درووست ببێت ئەوان بتوانن یەکلاکەرەوە بن و لە بوونی نادادپەروەرییەکدا ئەوان بتوانن نادادپەروەرییەکە ڕاست بکەنەوە، بەڵام بەداخەوە، لەژێرهەژموونی سیاسیدا بڕیارئەدەن زۆرکات ، نەک بەرژەوەندی نیشتمانی. دادگەی فیدڕاڵیی ئێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە لە دەستووری ئێراقی کە خوێندنەوەی ماددەکان دەکات و دەستوەردەدات لە کاتی بوونی ناکۆکیدا.
وەک لای هەموان ئاشکرایە، ناکۆکی هەیە و داوایەکی یاسایی درووستبووە لە ساڵی 2012ەوە هاتووە و بەردەوامە و هەندێک گرفت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی بەغدا درووستبووە. هەڵبەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمافی خۆی زانیووە بەپێی دەستووری ئێراقی ئەو بیرە نەوتانەی کە دەدۆزرێنەوە زیاتر مافی بە هەرێمەکان داوە کە گەڕان و دۆزینەوە و تەنانەت بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بۆ ئەوان مافی پێدراوە بەپێی دەستووری ئێراق. هەروەها حکومەتی ئێراق خۆی ڕێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وە سیاسەتی نەوتی خۆی بەمشێوەیە بێت و ڕێککەوتنیش لەمبارەیەوە هەیە. وەک لای هەموان ئاشکرایە ئەو ڕێککەوتنەی هەیە بەشێکە لە دانپێنانی حکومەتی ئێراقی لە بودجەی 2021دا جێی کراوەتەوە. ئەمە مانای ئەوەیە کە حکومەتی فیدڕاڵی ڕازی بووە بەم سیاسەتە.
لەبارەی سیاسیی بوون و نەبوونی بڕیارەکە، بەڵکوو ڕەنگە زۆربەی یاساناسان لەسەر ئەم بڕیارە و بڕیارەکانی دیکەش باسیان لەوە کردووە کە ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و تویتەکەی موقتەدا سەدریش لەسەر ئەم بابەتە ڕوون بوو کە پەڕڵەمان کارەکەی خۆی بکات بەدەر لەو بڕیارەی کە دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەدرێت ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەم بابەتە. بڕیارەکان سیاسین و باشترین بەڵگە بۆ ئەمە کە سیاسیین، کاتەکەی بڕیارەکەیە کە لە 2012ەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە کەچی لەم ساڵداو بەدیاری کراوی لەم کاتەدا دەستی بۆ براوە و کراوەتە بڕیار.
لایەنی ناکۆک کە وەزارەتی نەوتی ئێراقە، خۆی داوای دواخستنی ئەم بابەتەی کردووە چونکە گفتوگۆکان بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی. سەرباری وەزارەتی نەوت، ئەوان هاتوون بڕیارەکەیان داوە. وەزارەتی نەوت دەڵێت دۆسیەکەیان داخستووە، کەچی دادگەی فیدڕاڵی دەستیان بۆ بردووە و بڕیاریان لەسەرداوە.
پێکهاتەی دادگەی فیدڕاڵی ئێراقی دەتوانم بڵێم بێلایەن نین و بەشی زۆرینەی واتە 50+1ی کاریگەریی سیاسییان لەسەرە لەدەرەوەی دادگە و لەدەرەوەی دامەزراوە دادپەروەرییەکان. چەندین بڕیار هەن کە دراون، داوای یاسایی کۆنن و لە کاتێکدا دەستیان بۆ براوە کە ناکۆکی سیاسیی لەنێوان فراکسیۆنەکان هەیە بەتایبەتی زۆرینەی شیعی و ئەو هاوپەیمانییە سێیانەیەی کە درووستبووە ئامانج لێی ڕێگرتنە لەو هاوپەیمانییە کە پێیانوایە دوای پێکهێنانی حکومەت دەست بۆ چەند کەیسێک دەبات کە تایبەتن بە گەندەڵییەکان. ئەم بابەتە کۆمەڵێک لایەن تێیاندا زەرەرمەند دەبن و پێیانوایە ئەم حکومەت و پەڕڵەمانە پەکبخەن بۆ ئەوەی کە دەست بۆ ئەم کەیسانە نەبرێت کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەستیان بۆ دەبرێت.
بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی بۆنی شۆڤێنییەت و ڕۆیشتن بەرەو مەرکەزییەت و تاکڕەوی لە دەسەڵات دەڕوات کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە. دەبێ دادگەی فیدڕاڵی ئێراق ڕێز لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت. لە دەستووردا زۆر بە ڕوون و ئاشکرا باس کراوە کە لە چوارچێوەی ئێراقی فیدڕاڵدا دەژین بۆیە بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی ئێراقی و ئەم بڕیارە سەرباری ئەوەی بە ئاڕاستەی مەرکەزیەت و تاکڕەوی بوون دەچێت و لەبەرانبەردا فەرامۆشکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان هەنگاو دەنێت. ئەمە دیاردەیەکی یەکجار مەترسیدارە. نەک هەرێمی کوردستان ڕەنگە بەیانی لە ئەگەری درووستبوونی ناکۆکییەک لەنێوان پارێزگاکاندا لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا دووبارە ڕوو لەم دادگەیە بکرێت کە ئەرکی سەرەکیی چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی پرسەکانە دیسان لەوێش هەمان کار بکرێت و بڕیار بدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خەڵک متمانەی بەم دادگەیە نەمێنێت کە بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات. باشتروایە بۆ پاراستنی شکۆی خۆیان دادپەروەرانە بڕیار بدەن.
بابەتی نەوت بەپێی دەستووری ئێراق نەخشەی سیاسیی و ستراتیژییەتی نەوتی بەهاوئاهەنگیی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی. هەروەها حکومەتی فیدڕاڵی تاوەکووئێستا یاسای نەوت و گازی دەرنەکردووە بۆ ئەوەی بێت و بڵێت ئەم یاسایە پێچەوانەی یاساکەی حکومەتی فیدڕاڵی ئێراقە.
ئەو گوشارەی بەسەر دادگەی فیدڕاڵییەوە هەیە پەیوەستە بەم دۆخە هەنووکەییەی کە ڕوودەدات، بەڵام مانای ئەوەنییە مەترسییەکەمان لەبیر بچێت. دوای پێکهێنانی حکومەت ئەشێت ئەم گوشارانە کەم بێتەوە. ئەمە بۆ ئەو کاتە پێویستە کار بکەین بۆ داهاتوو کە ڕەنگە بڕیارێکی دیکە بدرێت لە دژی جومگەیەکی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کە بەگیانی تاکڕەوی و دیکتاتۆریانە و باڵادەستییەی تا ئێستا ماوە لەلای بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئێراق.
$دەرئەنجام$
یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر ئێراق بەستنەوەی کەرتی وزەی (نەوت و گاز) هەرێمی کوردستانە بە بازاڕی جیهانەوە بەتایبەتیش ئەوروپا، لەهەمانکاتدا ترسی حکومەتی هەرێمی کوردستان جوڵاندنی کەیسی دادگەیە لە دژی بەشدارانی کەرتی پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان (وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان) لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و کڕینی نەوت و گازدا.
ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە دوای ساڵی 2005 لە هەرێمی کوردستان دامەزراون، پێویستە لەژێر بەرپرسیارێتی هەرێمی کوردستان بن، لەبەرئەوەی دەقی دەستوور ئاماژەی تەنیا بە کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا واتە ئەوکات کردووە، کە بەر لە ساڵی 2005هەبووە، بەڵام کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ساڵی 2005 کاریان لەسەر کراوە، بۆیە لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007، کە پشتی بە دەستووری ئێراق بەستووە، هەرێمی کوردستان ئیدارەی ئەو کێڵگانە دەدات و یاساکە لەگەڵ دەستووری ئێراق هیچ ناکۆکییەکی تێدا نییە.
هەر بۆیەش هەرێمی کوردستان دەبێت چاوەڕوانی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی ئێراق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و کۆتایپێهاتنی چیرۆکی یاسایی بوون و دەستووری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە جگە لە دەرچەیەکی یاسایی بۆ کۆتایی ئەم دۆخە، هەڵبەز و دابەزی مامەڵە سیاسییەکانی ئێراق لەسەر نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 470 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و گازەکەشی لە ڕێگەی هەناردەکردن بۆ دەرەوە، لە قۆناغی کۆتایی نزیک دەبێتەوە.[1]