$ناڕەزایی ئاو لە ئێران$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#24-07-2021#
$بەرایی$
ناڕەزایی خەڵکی خوزستان لە ئێران بەهۆی کەمئاوی، لەم ڕۆژانەدا کە پلەی گەرما لەوێ، خۆی لە قەرەی 47 - 48 پلە دەدات، ڕۆژەڤی تارانی داگرتووە. ئێران لە چاو چەند ساڵێ پێش ئێستا، لە سیاسەتی دەرەوەیدا تۆزێک داشی سوارە. لە دانووستاندن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی پەلە ناکات و، داوای لابردنی گەمارۆکان دەکات. بەشێک لە ڕکابەرە ناوچەییەکانیشی، دەیانەوێ گرژییەکانیان لەگەڵی کەمبکەنەوە. هەڵبەت دۆخی سیاسەتی ناوخۆی وانییە و ڕووبەڕووی یەکێک لە گرنگترین قەیرانەکانی خۆی بووەتەوە؛ ئەویش ناڕەزایی جەماوەرییە!
$ڕووداوەکە چییە؟$
ناڕەزایی خوزستانییەکان لە دەست کەمئاوی، بۆ دوو پارێزگای ئیسفەهان و #لوڕستان#یش پەرەی سەند و چەند شوێنیکی جیاجیای گرتەوە. هیومان ڕایتس وۆچ باسی کوژرانی 3 خۆپێشاندەری کردووە و، هەندێک سەرچاوەی دیکەش ئەو ژمارەیە بۆ 7 بەرزدەکەنەوە.
ژمارەیەک لە پەڕڵەمانتارەکانی ئەو پارێزگایە ڕەخنەیان لە حکومەت و پەڕڵەمان گرتووە کە خەمی دۆخی خوزستان ناخۆن و ئایەتوڵڵا محەمەد حسێن ئەحمەدی شاهروودی، نوێنەری ئەوێ لە ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕابەری، ڕەخنەی لە کەمتەرخەمیی نووسینگەی ڕابەری ئێران، سەرۆککۆمار و وەزارەتی وزەش گرتووە و گوتوویەتی بەداخەوە گوێیان لێنەگرتین .
خوزستان لەجیاتی دانەیەک، 4 ڕووباری گەورە و بچووکی بە ناوەکانی (کارون، مارون، دز و کەرخە) هەیە و بەپێی هەندێک لە ئامارەکانیش، 33%ی ئاوە سەرزەوینییەکانی ئێران لەوێیە ، بەڵام ئێستا کەمئاوە!
ناڕازییەکان دەڵێن، پڕۆژەکانی حکومەت بۆ گواستنەوەی ئاوی ڕووبارەکانی خوزستان بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران، بنج و بناوانی ئەو کەمئاوییەی درووستکردووە و، هەندیک لە بەرپرسانی حکومەتیش دەڵێن بەفیڕۆدانی ئاو کیشەکەی درووستکردووە. ساڵی 2019، ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەڕڵەمانی ئێران، پێشبینی کردبوو کە 80%ی خەڵکی ئێران تووشی گرفتی کەمئاوی ببنەوە. لەوێشدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ناوچەی ئاویی نێوەڕاستی ئێران، کە پارێزگاکان وەک: ئیسفەهان، کرمان، یەزد و خۆراسانی جنوبیش دەگرێتەوە، کەمئاوترین ناوچەن. ماوەی چەندین ساڵیشە پڕۆژەی جیاجیا بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوی ناوچەکانی ڕۆژاوای ئێران لە ئارادایە. ئەمساڵ حەسەن ڕۆحانی پڕۆژەیەکی گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ سەحرای کردووە کە ئامانج لێی، گواستنەوەی ئاوی شیرینکراوی خەلیج و دەریای عومانە بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست، سیستان و بەلوچستان. لەسەر لقەکانی ڕووباری کارونی خوزستان کە چەند پارێزگایەکی دیکەوە دێن، چەندین بەنداو درووستکراون و لە ڕێی تونێل و کەناڵەوە، ئاو بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست براوە. لانی کەم باسی پڕۆژەی 9 بەنداو لەسەر لقەکانی کارون دەکرێن کە لە هەرسێ پارێزگای لورستان، مەرکەزی و چوارمەهاڵ و بەختیارییەوە دەڕژێتە ناو خوزستان کە هەندێکیان کەوتوونەتە کار و ئەمەش خەڵکی تووڕە کردووە. نەک تەنیا خەڵکی ئاسایی، بەڵکوو ئەمە مشتومڕێکی لەنێوان پەڕڵەمانتارانی خوزستان و پارێزگایەکی وەک ئیسفەهانیش درووستکردووە کە ئاوی بۆ براوە. ساڵی 2019، 19 پەڕڵەمانتاری ئیسفەهان لە دژی لابردنی پارەی دانراو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاوی لقەکانی ڕووباری کارون بۆ پارێزگاکەیان و زیندووکردنەوەی ڕووباری زایەندەڕوود، دەستیان لەکارکێشایەوە تاوەکووحکومەت ناچاربێت ئەو پارەیە تەرخانبکات و ئەویش کردی. نوێنەرانی خوزستانیش لەکاتی وتاری ڕۆحانیدا ناڕەزاییان دەربڕی و دواتریش لەگەڵ نوێنەرانی چوارمەهاڵ و بەختیاری لەگەڵ جێگری سەرککۆمار کۆبوونەوە.
بۆیە ئەم بابەتە پۆتانسییەلی ئەوەی تیَدایە کە لە ڕووداویکی ئیدارییەوە بۆ پرسێکی سیاسی بگوازرێتەوە. جیاوازیی ئیتنی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە ئاویان لێبڕاوە، لەگەڵ ئەوانەی کە ئاویان بۆ براوە، وایکردووە کە بەرپرسانی پلەیەکی تاران، کە زۆریان خەڵکی ناوچەکانی نێوەڕاست و باکووری ئەو وڵاتەن وەک خۆراسان و سمنان و یەزد و ئیسفەهان و...، خەمی ئەوەیان بێت کە نەوەک ئەو ناڕەزاییانە قەڵشە ئەتنی و نەتەوەییەکان زیاتر بکات.
هەڵبەت سیاسەتی گلدانەوە و گواستنەوەی ڕێڕەوی ئاو لەئێران، تەنیا پرسێکی سیاسی نێوخۆیی درووستنەکردووە، بەڵکوو بابەتیکی بۆ پەیوەندییەکانی ئێراق و ئێرانیش درووستکردووە کە دەشیَ لە داهاتوودا زیاتر ببێتە ڕۆژەڤ. چونکە درووستکردنی بەنداو لەسەر لقەکانی سیروان و زاب کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان و ئێراقیش درووستکردووە.
$ناڕەزاییەکی زیاتر لە ئاو$
لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی ڕابردوودا ئەمە سێیەمین خۆپێشاندانی گەورەی خوزستانییەکانە کە لە ئێران کردبێتیان. ساڵی 2011 دژی نامەی بەرپرسێکی تاران لەبارەی گۆڕینی دیموگرافیای پارێزگاکە خۆپێشاندان کرا کە تووندووتیژیی تێکەوت. ساڵی 2018یش هەرلە سەر ئاو خەڵک هاتنە سەرجادە و لە 2021یشدا دووبارە بووەوە.
مەحموود ئەحمەد نەژاد سەرککۆماری پێشووتری ئێران، تازەیی باسی ئەوەی کردووە کە کاتی خۆی ئەنجوومەنی باڵای ئاساییشی نەتەوەیی، لە ترسی ئەوەی کە نەوەک شەڕیَکی دیکە ڕووبدات، گەشەپێدانی خوزستانی بەتایبەتی لە ڕۆژاوای کارون ڕاگرتووە، کاتێک خۆی بووەتە سەرۆککۆمار، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە. گوتەکانی ئەحمەدی نەژاد هەر ئامانجێکیان هەبێت، دەتوانن ئەوە دەرخەن کە چۆن ڕوانگەیەکی ئەمنی و سوپایی، کاریگەریی لەسەر گوزەرانی ڕۆژانەی خەڵک داناوە. قاسمی سولەیمانی دەشتەکی پارێزگای خوزستان گوتوویەتی، لە ئامارەکاندا ڕێژەی بێکاری لە خوزستان بە 14.5% دیارە بەڵام لە هەندێک شوێندا لە سەرەوەی 40%-45% دایە. خوزستان دۆخێکی هاوشێوەی بەسرەی ئێراقی هەیە. نەوتی زۆرە و خزمەتگوزاریی کەمە. زیاتر لە 50%ی یەدەگی نەوتی ئێران لەوێیە ، بەڵام کەمئاوی و بێ کارەبایی و بێکاری تینی بە دانیشتووانەکەی هەڵچنیوە کە دەشێ پرسی هاوبەشبێت لەگەڵ بەشێکی زۆری ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش.
$زیادبوونی ناڕەزایی جەماوەری$
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایی جەماوەری، لە بەشی باشووری گۆی زەوی و لەو وڵاتانەی بەینیان لەگەڵ دیموکراسی باش نییە، زیادی کردووە. لە 12 مانگی ساڵی 2019دا، لانی کەم 50 خۆپێشاندانی گەورە و بچووک ڕوویانداوە، ئەم ژمارەیە لە 11 مانگی ساڵی 2020دا گەیشتووەتە 77. لەنێو 16 خۆپێشاندانی هەرەگرنگ کە لە ئەمریکای لاتینەوە بگرە تاوەکووئاسیا کراون، بێجگە لە 4 دانە کە هۆکارەکان زیاتر سیاسی بوون، ئەوانیدیکە زیاتر هۆکاری ئابووری و دژایەتی گەندەڵی و ناعەدالەتی و داوای ڕیفۆرم، پاڵنەرە سەرەکییەکانی خۆپێشاندان بوون. خەڵکی دنیا ئیدی زیاتر لە جاران دژی حکومەتەکانیان دەردەکەوێت و ئێرانیش لەمە بەدەر نییە.
لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەمەی ئەمجارەی خوزستانەوە، لانی کەم 12 خۆپێشاندانی گرنگ دەرکەوتوون. هەرجار حکومەت سەرکوتیکردووە، بەڵام هەرچی چووە ماوەی نێوان خۆپێشاندانەکان کەمتر بووە، هەروەها بەشداریی خەڵک زیاتر بووە. بیجگە لەوە، تووندووتیژی زیاتریشی تێکەوتووە. دەتوانین بێژین بێجگە لە ڕووداوەکانی ساڵی 1981، ناڕەزایی فراوان تاوەکووکاتی خۆپێشاندانەکەی خوێندکاران لە تاران و تەورێز لە ساڵی 1999، کە دژی داخستنی ڕۆژنامەی سەلام کردیان، شتێکی گەورە ڕووینەدا، بەڵام ڕووداوەکانی دە ساڵ دواتر، ڕێیان خۆشکرد بۆ زنجیرەیەک خۆپێشاندان کە هەرچی چوو ماوەی نێوانیان کەمتر بوو. ساڵی 2009 لە دژی ئەنجامی ڕاگەیێندراوی هەڵبژاردن خەڵکانێکی زۆر لە سەرتاسەری ئێران دەرکەوتنە سەرجادە و لە ئەنجامدا بەپێی کەمترین ژمارەکانیش بێت، لانی کەم 30 کەس کوژران و نزیکەی 4000کەسیش گیران. لە 2011، ناڕەزاییەک لە دژی دەستکاریکردنی دیموگرافیا لە خوزستان دەرکەوت کە تێیدا 27 کەس کوژران. لە 2011 و 2012دا شەپۆلی بەهاری عەرەبی، کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر ئێران دانا، بەڵام حکومەت توانیی کۆنترۆڵی بکات. لەوەشدا لانی کەم، 3 کەس کوژران و زیاتر لە 90 کەس بریندار بوون و نزیکەی 1500 کەسیش گیران. لە (2017-2018) دا ناڕەزایی لەدەست گرانی تەشەنەی کرد و لە ئەنجامدا، 22کەس گیانی لەدەست دا و نزیکەی 3700 کەسیش گیران. لە 2018، ناڕەزاییەکی ئاو لە خوزستان دەرکەوت. 4 کەس کوژرا و 21ی دیکە برینداربوون و 10 کەسیش لەسەری گیران. دوای ئاو، ناڕەزایی بەنزین لە 2019 هات کە ئەوانەی کەمترین ژمارەی کوژارەکان دەڵیَن، باسی 300 و ئەوانەشی زۆرترین دەڵێن، باسی کوژرانی 1500 خۆپێشاندەر دەکەن و دەڵێن نزیکەی 7000کەسیش گیران. لە 2019دا ناڕەزایی لەسەر گرتنی مەلایەکی سوننە لە بەلوچستان دەرکەوت کە تێیدا 6کەس برینداربوون. لە 2020دا ناڕەزایی لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە دەرکەوت و، لەسەر ئەوەش 30 کەسێک گیران. 2021 لە بەلوچستان لەسەر کوژرانی چەند کەسێک لەوانەی لە سنوور قاچاخی دەکەن، ناڕەزایی دەرکەوت و لە ئەنجامدا 27کەس کوژرا، 50 برینداربوون و 3کەسیش گیران.
$کۆتایی$
بەگشتی دەتوانین بێژین بەمەی خوزستانەوە، ئەمە 5 ساڵە کە لە ئێران بە دوای یەکدا خۆپێشاندان دەکرێت. ناڕەزاییەکان خێرا بڵاو دەبنەوە. بابەتی ناڕەزاییەکانیش تەنیا سیاسی نین، بابەتی ئابووری و تەنانەت پرسی مەزهەبی و نەتەوەییش لە گۆڕێدایە. وەک ئەوانەی 1981 و 1999 نین کە زیاتر پرسی ئازادی و سیاسی هەبن و پێویستی بە حیزبێکی سیاسی هەبێت تاوەکووڕێکیان بخات. خۆپێشاندان لەسەر ئاو دەتوانێ یەکسەر بۆ داوایەکی سیاسی بگۆڕێت. ناڕەزایی لەسەر بەنزین و گرانیی دەتوانێت بۆ ناڕەزایی لە سیاسەتی تاران لە فەلەسیتن و لوبنانیش بگۆڕێت. سنووری نێوان هۆکارە سیاسی و ناسیاسییەکانی خۆپێشاندان کەمڕەنگ بووە. بۆیە ئەوەی خوزستان لەسەر ئاوە هەروەها لە ئاویش زیاترە. ئێران لەوانەیە بتوانێت سەرکوتی بکات وەک ئەوانیدیکە، بەڵام هیچ گەرەنتییەکی نییە کە لە شوێنێکی دیکەوە ناڕەزایی دەرنەکەوێت. چونکە بابەتەکان بۆ ناڕەزایی لە جاران زۆرترن. پێدەچێت تا ئێستا ئێران توانیبیتی لە بابەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم قۆناخەدا هەڵبکات، بەڵام بۆ دۆخی ناوخۆ کیشەی ئەو ناڕەزاییانەی هەیە. سەرئەنجام ئەزموونی 5 ساڵی ڕابردووی دەریدەخات کە، چەندەی حکومەت بە کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکان ڕاهاتبێت، بەو ئەندازەیەش، زاتی خەڵکی لە حکومەت شکاوە! [1]