$پرسی چەک و (درۆن) دارکردنی پێشمەرگە$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#22-12-2021#
$بەرایی$
شەڕی دژی #داعش# و هێرشی جاربەجاری میلیشیاکان، پرسی درۆندارکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕۆژەڤدا دەهێڵێتەوە کە هێشتا بەهۆی بێ متمانەیی سیاسی و بیرۆکراسییەکی تاقەتپڕووکێنی سەربازییەوە، یەکلانەکراوەتەوە. هەرچەند فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی #وەزارەتی پێشمەرگە# بەو دوواییانە گوتبووی، لەمەودوا فڕۆکەی چاودێری بە هاوبەشی (ئەفسەری سوپا و ئەفسەری پێشمەرگە) بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوچانە بەکاردێت کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بەڵام تا ئێستا ئێراق ڕازی نەبووە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان درۆندار بکرێن.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە تەنانەت بەشێک لە هێزەکانی #حەشدی شەعبی# درۆندارن و بەپێی هەندێک سەرچاوە وەزارەتی بەرگریی ئێراق بەنیازی کڕینی درۆنی زیاترە.
نەک تەنیا کڕینی چەکی نوێ و پێشکەوتوو، بەڵکوو ئێراقیش هاوشێوەی بەشێک لە وڵاتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چووەتە خەیاڵی گەشە پێدانی توانای بەرهەمهێنانی چەکی نوێوە و، بۆ ئەوەش، (دەستەی گەشەپیدانی پیشەسازی سەربازی) زیندوو کردووەتەوە کە بەپێی یاسا، پێویستە نوێنەرێکی وەزارەتی پێشمەرگەشی تێدابێت. هەڵبەت بەپێی سەرچاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستا هیچ نوێنەرێکی ئەوان لەو دامەزراوە گرنگ و ستراتیژییەدا جێی نەکراوەتەوە کە ڕاستەوخۆ گرێدراوی سەرۆکوەزیرانە.
$پرسی چەک و درۆندارکردنی پێشمەرگە$
بیرۆکراسییەکی زۆر و مەرامی سیاسی، دوو هۆکاری گرنگن بۆ ڕێگرتن لە گەیشتنی چەکی نوێ بە پێشمەرگە. ئەمریکا ڕازیبووە درۆن بداتە پێشمەرگە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە هێشتا ئێراق بەوە قایل نییە. لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئێراق، هەرجۆرە مامەڵە یان بەخشینێکی چەک بە هێزەکانی پێشمەرگە، پێویستیی بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیرانی ئێراقە وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراق. ئەم جۆرە داواکارییانەش دەبێ سەرەتا وەزارەتی بەرگریی ئێراق، دواتریش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دوای ئەوەش سەرۆکوەزیرانی ئێراق پەسەندی بکات. ڕاستییەکەی سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئێراق، زیاتر لەوانی پێش خۆی مەیلی هاوکاریکردنی و بەشداریپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی هەبووە. ئەمە شتیکی باشە، بەڵام دەستگیرۆیی سەرۆکوەزیرانی ئێراق سەبارەت بە چەکی پێشمەرگە هێشتا بابەتێکی گرنگە، کە پێویستە بە سیاسەت و بە یاسا چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە. وەزارەتی پیشمەرگە تەنانەت بەوەش ڕازیبووە کە ئەو درۆنانەی دەدرێنە پێشمەرگە، درۆنی شەڕکەر نەبن و تەنیا ئەوانەبن کە بۆ مەرامی چاودێری بەکاربێن. بەڵام هێشتا بەغدا بەوەش ڕازی نەبووە.
بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە پرسی چەک، دامەزراندنەوەی دەستەی پیشەسازیی جەنگییە کە دوای شەڕی 2003، بە بڕیارێکی پۆل برێمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکا هەڵوەشێندرابووەوە. ساڵی 2019 پەڕڵەمانی ئێراق یاسای دامەزراندنی دەستەی پیشەسازیی جەنگی دەرکرد کە بەگوێرەی ئەوە، پێویستە نوێنەریکی پێشمەرگەشی تێدابێت. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە یەکەم ڕەشنووسی یاساکە باسی ئەندامبوونی نوێنەرانی یەکەو دامەزراوە سەربازییەکانی بەبێ پێشمەرگە کردبوو، بەڵام لە یاسا پەسندکراوەکەدا پێشمەرگەشی بۆ زیادکراوە، هەرچەند تا ئێستا جێبەجێنەکراوە.
محەمەد ساحب دەڕاجی، پەڕڵەمانتاری پێشووی فەتح کە ئێستا سەرۆکایەتی دەستەکە دەکات، گوتوویەتی ئەوان هەنگاوی گرنگ دەنێن بۆ بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆ، تاوەکووکەمتر پشت بە وڵاتان ببەستن. وادیارە ئێراق دەیەوێ هاوسەنگییەک لەنێوان چەکی ڕووسی و ئەمریکی- ناتۆدا ڕابگرێت و بۆ بەرهەمهێنانی چەک لە ناوخۆش، چاوی لە ڕێککەوتن لەگەڵ پۆڵۆنیا، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەیە.
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بەغدا بە نیازە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار لە تورکیا بکڕێت و لیوا یەحیا ڕەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانیش باسی لە کڕینی ڕادار و چەکی فەرەنسی کردووە. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ناڕوونییەکی یاسایی هەیە سەبارەت بە چۆنییەتی پشکدارکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەو چەکانەی کە ئێراق دەیانکڕێت.
کێبرکێی چەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
خەریکە وردەوردە پێکهاتنێکی سارد باڵ بەسەر پەیوەندی لایەنە ڕکابەرەکانی ئەم ناوچەیەدا دەکێشێت، ئەمەش لەگەڵ چڕبوونەوەی خواست و تەقەلای دەوڵەتان بۆ کڕین و درووستکردنی چەکی نوێ هاوتەریبە و بە ئەگەری زۆریش، دواجار ناوچەکە بەرەو هاوسەنگییەکی نوێی هێزداری دەبات. ئێستا هەر لە ئاشتی نێوخۆیی کەنداوەوە بگرە تاوەکوودانووستاندنی تاران و ڕیاز، لانی کەم 8 دانووستاندنی دوولایەنە و چەندلایەنە لەنێوان هێزە ڕکابەر و نەیارەکانی ناوچەکە لە ئارادایە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، لە سووربوونی تورکیاوە بۆ کڕینی ئیس400ی ڕووسی، تاوەکووخواستی ئیمارات بۆ کڕینی ئێف-35 و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و خواستی ڕیاز بۆ کڕینی چەکی پێشکەوتووی بەرگری، زۆر تەقەلا هەن کە بازاڕی چەکیان لە ناوچەکە گەرم کردووە.
لەم ڕۆژانەدا کە درۆنی وێڵ و گەمەی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر تێکەڵاوی یەکتر بوونە، ڕووسیا زیاتر ئامادەیی لە ناوچەکە هەیە و چین بە تەمای پەلکێشانە، ئەمریکاش لەنێوان خواستی مان و نەماندا دێت و دەڕوات، ئەکتەرەکانی ئەم ناوچەیە گۆڕین و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوپەیمانی و ڕکابەرییەکان، لەگەڵ دەستخستنی چەکی نوێ، وەک ڕێگەچارەی درووستکردنی هاوسەنگیی هێزداری سەیر دەکەن. لە دۆخیکی وەهادا، لانی کەم تاوەکووئەو ساتانەی کە هاوسەنگییەکی سەقامگیری هێزداری درووستدەبێت، ئەگەری بەکارهێنانی گرووپە پرۆکسییەکان کراوەیە. ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک ئێراق و هەرێمی کوردستان کە سەرەڕێی هێز و جەمسەرە جیاوازەکانن، لەوانەیە واتای بەردەوامی ناسەقامگیری بدات. ئالێرەوەیە کە دابینکردنی چەکی نوێ، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەستن بە چاودێری و بەرگری ئاسمانی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی تیرۆر و گرووپە چەکدارییە جۆراوجۆرەکان بایەخێکی زۆریان هەیە.
$کۆتایی$
پرسی دابینکردنی چەک بۆ پێشمەرگە تا ئێستا پرسێکی سیاسییە. ئەگەرنا بەپێی بەندی دووی ماددەی دووەمی یاسای دەستەی پیشەسازیی جەنگی، پێویستە کەرەستە و چەک بۆ هەموو هێزەکان بە پێشمەرگەشەوە دابینبکرێت، بەڵام بێ متمانەیی لایەنەکان بووەتە هۆکارێک بۆ ڕێگرتن لە دابینکردنی پێداویستی و کەرەستە جەنگییەکان بۆ ئەم هێزانە کە ڕۆڵێکی کارایان لە شەڕی دژی تیرۆردا هەیە و کاریگەریی بەرچاویان لە دابینکردنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان و ئێراق و ناوچەکەش هەیە.
لەم ڕۆژانەی دوای هەڵبژاردندا کە جموجۆل و دانووستاندنی لایەنەکان سەبارەت بە درووستکردنی هاوپەیمانی و فراکسیۆنی گەورە و دواتریش حکومەت چڕبووەتەوە، گرنگە پرسی دۆزینەوەی دەرچەیەکی یاسایی- سیاسی بۆ پشکدارکردنی پێشمەرگە لەو چەکانەی کە وەزارەتی بەرگریی ئێراق دەیانکڕێت، لەگەڵ بەشداریی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی پیشەسازیی جەنگیی ئێراق دا، لەبەرنامەی کاری حیزبەکاندا بێت. [1]