$ناڕەزایەتیی ژینا لە ئێران$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#19-09-2022#
$بەرایی$
بەسەرهاتی دڵتەزێنی ژینا کچە کوردێکی #سەقز#ی کە ماوەیێکی کەم دوای گیرانی بەهۆی یاسا و ڕێساکانی حیجابی ئیسلامی، لە تاران گیانی لەدەست دا، خەمێکی هاوبەشی نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە سەرتاسەری ئێران درووستکرد. هەرزوو، ئەم بابەتە بۆ پرسێکی سیاسی گەورە گۆڕدرا و ڕەهەندێکی نەتەوەیی - کوردی وەرگرت، هەروەها بووە بابەتێکی گەرمی ڕکابەریی نێوخۆیی نێوان ڕیفۆرمخواز و موحافزەکارەکان و بگرە نێوخۆیی موحافزەکارەکانی ئێرانیش. ئەمە بێجگە لەوەی کە وەک پرسێکی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان و پرسی ژنان، ڕەهەندێکی سەرتاسەری و نێودەوڵەتیشی پەیداکرد.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم ڕووداوە چ واتایێکی هەیە و دەتوانیت بە چ ڕەنگێک کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی ئێران دابنێت؟
$ڕووداوەکانی دوای ژینا$
لە ئێران، بەپێی پاشکۆیەکی ماددەی 638ی یاسای سزای ئیسلامی ئەوەی بەدحیجابی بکات، لەوانەیە لە 10 ڕۆژ تا 2 مانگ زیندانی بکرێت یان بڕە پارەیەکی پێ ببژێردرێت. هەڵبەت ژینا تەنانەت چانسی ئەوەشی نەبوو کە بەپێی ئەو یاسایەش کە لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە مشتومڕی زۆری لەسەرە، گیانی بەخت نەکا و بەماوەیەک زیندانی یان بە پێبژاردنێک ڕزگاری بێت.
جوانەمەرگبوونی ژینا ناڕەزاییەکی سەرتاسەری نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێران درووستکرد کە نموونەی کەمی لە مێژووی نزیکی کۆماری ئیسلامیدا هەیە. لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوودا ڕەفتارەکانی پۆلیس سەبارەت بە پرسی حیجاب لە ئێران تووندتر بووە، بۆیە ئەو ڕووداوە بابەتێکی نامۆ نییە بۆ زۆرێک لە ئێرانییەکان و لەوانەیە هەر ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی سەرتاسەری بوونی کاردانەوەکانی دژی ڕووداوەکەش بووبێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ناڕەزایی پێشاندانی بەشێکی بەرچاوە لە ئەستێرە و کەسانی ناوداری بوارە جیاوازەکان لە ئێران لە تۆپی پێ-وە بگرە هەتا سینەما، فاکتەرێکی دیکەی کاریگەر بوو لەوەی کە ئەم بابەتە بەخێراییەکی زۆرەوە جەماوەری بێتەوە.
دیارە مانگرتن و ناڕەزایی خەڵک بەشێوەیەکی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆکبوونی حیزبە سیاسییەکان و چالاکڤانانی مەدەنی فاکتەرێکی دیکەی کاریگەر بوو.
بێجگە لەوە، مەرگی ژینا وەک پرسێک لە ململانێی نێوخۆیی نێوان ڕیفۆرمیست - موحافزەکاری میانەڕەو لەگەڵ موحافزەکارانی ئێرانیشدا ڕەنگی دایەوە. هەر لە محەمەدی خاتەمییەوە کە دوای ڕاگرتنی ئەو جۆرە ڕەفتارانەی کردووە هەتا محەمەد جەوادی زەریف کە گوتوویەتی، من شەرمەزارم. گەلێ کەس هاتنە دەنگ و سەرۆککۆماری ئێران و بەشێک لە بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتەش ناچاربوون قسەی لەسەر بکەن و بڕیارە پەڕڵەمانیش لێی بکۆڵێتەوە. هەر لەو بابەتەدا هەندێک لە ئاژانسەکانی هەواڵیش باسی لەسەر کارلادانی بەرپرسی پۆلیسی ئاساییشی ئەخلاقیی تارانیان کردووە.
$ڕووداوەکە چ واتایەکی هەیە؟$
بەر لە هەموو شتێک، دەکرێ زۆر بە ئاسانی پێشبینی ئەوە بکرێت کە حکومەت چاوەڕوانیی کاردانەوەیەکی ئاوەها فراوانی نەدەکرد. بۆیە سەرەتا باس لەوە کرا کە پۆلیس لە ژینای نەداوە، بەڵام دواتر باس لە پێویستیی ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە کرا!
ڕووداوەکە، کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسیی خستووەتە تەنگەتاوییەکی گەورەوە کە خۆی بەهۆی گرانیی و خراپی گوزەرانی خەڵکەوە دۆخی باش نییە. بەڵام زیاتر لە کابینەی حکومەت، ئەمە دەشێ شکستی پڕۆژەی ئیسلامیکردنی زۆرەملێی کۆمەڵگەش بێت کە ساڵانێکە کاری لەسەر دەکرێت.
جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەو دیمەنانەی کە هەندێک خەڵک لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی مافی پۆشینی ئیسلامی بە دەستبهێنن لەگەڵ ئەو دیمەنانەی کە پۆلیسێک لە تاران دەیەوێ بە زۆر خەڵک ناچار بکات تاوەکوو جلوبەرگی ئیسلامی لەبەر بکات.
پڕۆژەی حیزبی ئیسلامی، حکومەتی ئیسلامی، کۆمەڵگەی ئیسلامی و جیهانی ئیسلامی کە لە ڕێگەی سەپاندن لە ناوخۆ و ناردن بۆ دەرەوە کاری لەسەر کراوە، دوای زیاتر لە 40 ساڵ ھێشتا نەیتوانیوە ئەو کۆمەڵگە ئایدیا لە ئیسلامییە درووستبکات کە ئەندازیارەکانی پلانیان بۆ دانابوو، بگرە ئەنجامێکی زۆر پێچەوانەیشی لێکەوتووەتەوە کە نموونەکانی ڕۆژانە لە پێشچاوان.
ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی زیندووهێشتنەوەی پرسی حیجاب و گوشاری پۆلیس بۆ ئەوە بێت کە حکومەت لە دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیدا، بەردەوام هێزی خۆی پێشانبدات تاوەکوو ڕێگە لە تەشەنەکردنی ناڕەزایی بگرێت. بەڵام ئەمەش دەتوانێت ئەنجامێکی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە چونکە چەندێک حکومەت ڕاهاتووە بەوەی کە خۆپێشاندانی خەڵک دابمرکێنێتەوە، خەڵکیش ئەوەندە ڕاهاتوون کە بەردەوام و دووبارە خۆپێشاندان بکەنەوە. لە ساڵی 2009وە تا ئێستا بەشێوەیەکی بەردەوام خەڵک لە شوێن و کاتی جیاوازدا بە پاساوی جۆراوجۆرەوە ناڕەزایی پێشاندەدەن؛ وەک ناڕەزاییەکانی بەنزین، ئاو، گرانی و ئێستاش ناڕەزایی ژینا.
ئەم بابەتە بۆ کوردیش بایەخێکی زۆری هەبوو. لەلایەک سەرنجی ڕاکێشایەوە سەر پرسی کورد لە ئێران و بە گشتی هاوخەمییەکی لەگەڵ کورد درووستکرد. بە جۆرێک کە تەنانەت بەشێک لە ئەستێرە ناودارەکانی ئێران لە کاردانەوەکانی خۆیاندا وشە و زاراوەی کوردییان بەکارهێنا. هەروەها وەک تاقیکردنەوەیەکیش وابوو بۆ ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جۆرێک یەکانگیریی نێوخۆیشی سەبارەت بە پرسی کورد درووستکرد. ئەمە لە بابەتی زارا محەمەدی و هەندێک زیندانی دیکەی کوردیشدا کە لە سێدارەدران هەبوو، بەڵام لەم ئاستەدا نەبوو. ئەمە بێجگە لەوەی کە جارێکی دیکە، پرسی ماف و ئازادییەکانی ژنانی لە کۆمەڵگەی ئێرانیشدا خستەوە ڕۆژەڤ.
$کۆتایی$
ڕووداوەکانی دوای مەرگی ژینا دەریانخست کە تەنیا یەکدەستکردنی دەسەڵات لەلایەن موحافزەکارەکانەوە بە تایبەت لە پاش دوایین هەڵبژاردنی پەڕڵەمان، بەس نەبوو بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی پێ کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی فراوانی ئاستی ناڕەزاییەکان، چاوەڕێ دەکرێت کە حکومەت بەشێوەیەکی ڕانەگەیێندراو هەندێک لە گوشارەکانی سەبارەت بە پرسی حیجاب لەسەر خەڵک کەمبکاتەوە. هەر لە ئێستاوە دامەزراوەی تایبەت بە ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونکەر ڕایگەیاندووە کە ئەوان چەندینجار داوایانکردووە کە دژی بەریەککەوتنی پۆلیس و کەسانی بەدحیجابن و باشتروایە ئەو بابەتانە بەبێ گرژیی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێن.
ناڕەزاییەکەی ژینا جارێکی دیکە ئاستی ناڕەزایی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران پێشاندایەوە و ئەو وەرچەرخانە بێدەنگەی دەرخست کە ڕۆژبەڕۆژ لەسەر یەکتر کەڵەکە بووە. [1]