#هەدەپە# تیرۆرکردنی حسێن تورەلی هاووڵاتی باکووری کوردستان شاری #دهۆک# ئیدانە کرد و وتی، ڕووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان.
لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی حسێن تورەلی هاووڵاتییەکی شاری باتمانی باکووری کوردستان لە شاری دهۆک بڵاوکردەوە.
هەدەپە دەڵێت: دوێنێ شەو، لە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان کارسازێک بە ناوی حسێن تورەلی تیرۆرکرا. حسێن تورەلی هاووڵاتی تورکیا بوو و بەهۆی فشارەکانی سەر کورد بە ناچاری کۆچی کردووەتە هەرێمی کوردستان. ئەو هێزانەی تورئەلیان تیرۆر کرد بیانی نەبوون. ئەو هێزانە پێشتر بە هەمان شێوە، ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی ناگیهان ئاکارسەل، یاسین بوڵوت، محەمەد زەکی چەلەبی و زۆر سیاسەتمەداری دیکەیان شەهید کرد. باش دەزانین کە ئەو هێزانەی ئەم تیرۆرە دەکەن، بە هەمان شێوە هێرش دەکەنە سەر کەمپی مەخمور کە دانیشتووانەکەی لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی سووتان و وێرانکردنی گوندەکانیان ناچار بوون کۆچ بکەن.
هەدەپەش ڕاشیگەیاند، ئەو هێزانەی ئەم کۆمەڵکوژیە دەکەن، بە شێوەیەکی ئاشکرا بە کورد دەڵێن، لەم جیهانە هیچ شوێنێک بۆ ئێوە ئارام نییە و لە هیچ شوێنێک ڕێگە نادەین ئێوە بژین. ڕووڕەشیەکی گەورەیە کە هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی کۆمەڵکوژیەکان!
هەدەپە لە کۆتاییدا کەشتنی ئەو هاووڵاتییەی باکووری کوردستان بەتوندی شەرمەزار کرد و وتی، باش دەزانین ئەو هێزانەی نەوەتەکانەوە تاوەکوو ئێستا 2023 کوشتن و کۆمەڵکوژی دژی کورد دەکەن، لە چی دۆخێکداین. چارەنووسی ئەو هێزانەی ئەمڕۆش هێرش دەکەنە سەر کورد، وەک هێزەکانی پێشوو دەبێت. پێشتریش سەرمان دانەنەواند و ئەمڕۆش داینانەوێنین. بانگەوازی لە گەلی کورد و هەموو هێزە شۆڕشگێرەکان و دیموکراتەکانی تورکیا دەکەین: لەبەرانبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێست پیشان بدەن. [1]