عەفرین و پەکەکە!
کاوە ئەمین
27-02-2018
لە ساڵی 1980 بەدواوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئاگاداریی تەواوی دەوڵەتی سووریا، لەناو کوردی ڕۆژاوای کوردستاندا کەوتە خۆڕێکخستن و خۆتەیارکردن بۆ شەڕی چەکداری لە باکووری کوردستان کە ساڵی 1984 دەستی پێ کرد و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ئەگەرچی پارتی و یەکێتیش ئەسپی خۆیان لە گۆڕەپانی ڕۆژاوادا تاو دا، بەڵام نەیانتوانی وەکوو پەکەکە جێی خۆیان بکەنەوە و ببنە هێزی یەکەم لەو پارچەیەدا، ئەوان لەژێر ناوی جیاجیا ڕێکخستنی سەربەخۆیان دامەزراند، ئەمە شتێکە خۆیان ڕۆژانە بانگەشەی بۆ دەکەن. دیارە کوردی ڕۆژاوا جگە لە چەند مافێکی فەرهەنگیی سنووردار، ئەویش تەنیا لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و یادەکاندا، هیچ کاتێک لەلایەن ڕژێمی سووریاوە ددانیان پێدا نەنراوە و تەنانەت مافی گۆرانیگوتن بە کوردییان پێ ڕەوا نەبینراوە.
پەکەکە توانی زیرەکانە ئەو کەرەستە خاوە بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆی و خستنەکاری بۆ خەباتی چەکداری لە باکووری کوردستان بەکاربهێنێت، تا ئێرە ئاساییە، چونکە کوردی ڕۆژاوا لە شۆڕشی ئەیلولیشدا هاوکاریی شۆڕشی باشووریان کردووە و شەهیدیان داوە و ماندوو بوون.
لە دوای ساڵی 2011، پەکەکە توانی کەڵک لە ڕووداوەکانی سووریا و ئەو تەوژمە ناڕەزایەتییە وەربگرێت کە وڵاتانی عەرەبی و پاشان سووریاشی گرتەوە و بەخێرایی باڵی بەسەر زۆربەی ناوچە کوردییەکاندا گرت. بەشێکیشی لە دوای شەڕی داعشەوە کە سووریای بەرەو هەڵوەشانەوە دەبرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا کۆنترۆڵ کرد. کاتێکیش ئەمریکا بۆ لێدانی داعش و ڕووسیا بۆ پشتیووانی لە ئەسەد و ڕژێمەکەی کەوتنە کێبڕکێ، پەیەدە کە پەروەردەی دەستی پەکەکەیە، توانی کەڵک لە ناکۆکیەکان وەربگرێت و سیاسەتێکی ئاقڵانەی گرتەبەر کە نەبوو بە بەشێک لە ڕژێم و نەبوو بە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریاش. دواتر کە گرژییەکان توندتر بوونەوە، ئەمریکا لەلایەک و سووریا لەلایەکی دیکە هاوکاریی پەیەدەیان کرد بە چەک و لۆجستیک، بەرگری لە کۆبانێ ناوبانگی ڕۆژاوای گەیاندە جیهان و بوو بە خاڵی وەستاندنی زەحفی داعش لە سووریا.
هەموو ئەم گۆڕانکاری و ڕووداوانە پەکەکەیان بەرەو حساب و لێکدانەوەی هەڵە برد، بەتایبەتی بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا کە ئیدی پەیەدە هیچ حسابێکی بۆ هیچ لایەنێک نەدەکرد، بەتایبەتی لایەنە کوردییەکانی تری ڕۆژاوا کە یان دەبوو گوێڕایەڵی ئەوان بن یان سنووربەدەریان دەکردن، هەروەها بۆ تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و سووریاش کە کورد بە میوانێکی ڕەزاگران دەزانێت لەو وڵاتەدا، پەیەدە نەدەبوو پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی نێوان تورکیا و سووریا نادیدە بگرێت سەرەڕای ئەوەی کە شیر و تیر لەیەکتر دەسوون.
تورکیا زیاتر لە سەد ساڵە سیاسەتی خۆی لەسەر توانەوەی کورد داڕشتووە و هەمیشە بە ئاشکرا گوتوویەتی و نەیشاردووەتەوە کە دژی کیانێکی کوردییە ئەگەر لەسەر مانگیش بێت، باشترین نموونە ئەوەیە کاتێک لە سوید ساڵی 1984 ڕەوزەیەک بۆ منداڵانی کورد کرایەوە، بەفەرمی ناڕەزایەتی دەربڕی. دەبوو پەکەکە حسابی ئەوەی بکردایە و پاش چل ساڵ خەباتی چەکداری بیزانیایە کە هەڵدانی ئەو هەموو ئاڵا و وێنەیەی ئۆجەلان لەسەر سنوورەکان، شتێک نییە تورکیا چاوی لێ بپۆشێ، لەوەگەڕێ کە تورکیا تەنانەت مافی ئەوەی نییە یەک سەربازی لەسەر خاکی باکووری کوردستانیش هەبێت نەک ڕۆژاوا، بەڵام لێرەدا باسی ڕیالیتەی سیاسی و هاوکێشەکانی ئەو دەڤەرە دەکەین.
بەرخۆدانی عەفرین دەبوو حسابی ئەوەی بۆ بکرایە کە چۆن دۆستەکانی کورد لە باشوور چاوی خۆیان نوقان، لە ڕۆژاواش وادەکەن، ئەوە لە کاتێکدا ئەمریکا بەفەرمی لە هەولێر گەورەترین نوێنەرایەتی سیاسی و سەربازی هەیە، بەڵام تای تەرازووی لەگەڵ ئێراق و تەنانەت ئێرانیش کە بە دوژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێت، لەگەڵ بەرژەوەندی کورد و ئەمریکا کوورتی هێنا و کەرکووک بەبەرچاویانەوە لەلایەن ئێران و ئێراقەوە داگیر کرا و نقەیان نەکرد. کەچی لایەنگرانی پەکەکە و شرۆڤەکارەکانیان وایان لێکدەدایەوە کە ئەوەی لە کۆبانێ کرا دووبارە دەکرێتەوە و مومکین نییە پاشەکشە بکرێ، ڕاستە بەرانبەر تورکیا بەرخۆدان کرا، بەڵام لاولاوە پەلکێشی چەتەکانی سووریا کرا بۆ نێو عەفرین، بۆیە دەڵێم چەتە چونکە تا ئێستا سوپای فەرمیی سووریا خۆی نەهاتووەتە ناو عەفرینەوە، کابرا مقاشی بەدەستەوە بێت بۆ پشکۆ بەدەست هەڵبگرێتەوە.
ئەگەر هەر لەسەرەتاوە چۆن پەیەدە - پەکەکە خۆی نەکردە بەشێک لە شەڕی سووریا و ئۆپۆزسیۆن، ڕێگای بدایە کوردی ئەو پارچەیە خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و هەموو شتێک نەکرایەتە قوربانی سیاسەتی پەکەکە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕەوشی ڕۆژاوا لە قۆناخێکی دیکەدا دەبوو. بێگومان ڕۆژاوا پێویستی بە پاراستن هەبوو، بەڵام دەتوانرا هەمان ئەو هێزەی هەیە بە ناوێکی دیکە و لەژێر ئاڵای کوردستاندا بووایە، ئەوکاتە نە ئەزموونی باشوور (شەڕی ناوخۆ) دووبارە دەبووەوە وەکوو پەکەکە و دارو دەستەکەی دەڵێن، نە پەناش دەبرا بۆ داگیرکەر جا لەمبەر سنوورەوە بێت یان لەوبەرەوە، چونکە داگیرکەرانی کوردستان کە دێتە سەر مافەکانی کورد، هەموویان یەک قەبیلە و قوماشن.
ئەوەی کە ئەمڕۆ لە عەفرین ڕوودەدات بەداخەوە شکستێکی دیکەیە و دەخرێتە سەر شارای شکستەکانی کورد، ئیدی هەندێک لەژێر بەتانییەوە چۆن شیعر و شانامەی بۆ دەڵێن، ئازادن.
سیاسەتی پەکەکە بەو شێوەیەی ئێستای شکستخواردووە، ئەنجامەکانیش دەبینین هەم لە ڕۆژاوا و هەم لە باکوور. ئاخر مەعقولە پەکەکە نەهێڵێت پێشمەرگە بچێتە هەندێک شوێنی شەنگال و قەندیل، بەڵام خەڵک بۆ پێشوازی چەتەکانی سووریا لە عەفرین و دەوروبەری بەبیانووی پاراستنی سنووری خۆیان بێنێتە سەر جادە؟ ئایا کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بەم جۆرە دادەمەزرێت؟ ئینجا خەونی ئەوەش ببینی کە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە!
دوای ئەم هەموو شکستە یەک لە دوای یەکە لە هەموو کوردستاندا، پێویستە پارتە سیاسییەکان بە خۆیاندا بچنەوە، بەتایبەتیش پەکەکە، ئیدی سیاسەتی یەک پارتی و یەک ئاڵا و یەک سەرۆک، هیچ مانایەکی نەماوە و مەگەر لە سێبەری چەکدا دەنا کەس بەو ئاوازە نەشازە هەڵناپەڕێت. دەبێت کورد بیر لە ستراتیژیەکی نوێ بکاتەوە، سەرەتا هەر پارچەیەک بۆخۆی سیاسەتێک دابڕێژێت کە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەو پارچەیە بپارێزێت، پاشان بیر لە چەترێک بکرێتەوە کە هەموو پارت و ڕێکخراوەکان لەخۆ بگرێت، جا بەناوی کۆنگرەوە بێت یان هەرشتێکی دیکە، ئەوسا هەم خۆمان حساب بۆخۆمان دەکەین و هەمیش دنیا حسابێکمان بۆ دەکات، ئەگەرنا هەر دەبێت تراژیدیای کەرکووک بە عەفرین و کۆبانێ بە هەڵەبجە لەبیرخۆمان بەرینەوە. [1]