ناونیشانی بابەت: قوماری دۆڕاوی شەڕی پارتیی - تورکیا دژ بە پەکەکە
ئامادەکردن: #ئاراس مەسیفی#
هەواڵی برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی پارتیی لە 3ی نۆڤەمبەردا دوای لێدوانەکەی سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان مەسعود بارزانی، کە بەڕوونی باسی لە بەرپاکردنی شەڕ لە دژی هێزەکانی پارتیی کرێکارانی کوردستان کردبو ئەگەر هاتو پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم پاشەکشە نەکات، تڕۆپکی توندیی ململانێکانی ئەو دو هێزەیە لەدوای زیاتر لە دو دەیە لەدوای وەستانی شەڕ لەنێوان ئەو دو هێزەدا.
بیانوی مەسعود بارزانی گوایە پەکەکە ڕێگری لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەم ناوچانە دەکات، لە ڕوی واقیعییەوە بیانویەکی یەکجار بێهێزە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم تا ئێستا لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانی دەرەوەی دەستی پەکەکەش شکستی هێناوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بوونی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری نێوان ئێراق و تورکیاش شتێکی تازە و نوێ نییە، تا ئێستا ببێتە کێشە بۆ پارتی. بگرە بە پێچەوانەوەشەوە هێزەکانی پەکەکە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دوایییەی تورکیا لە زۆربەی ناوچە ئاوەدانەکان بۆ ناوچە شاخاوییەکان پاشەکەشیان کردووە و سەرقاڵی خۆپاراستن و بەرگریکردنن.
بازدانی مەسعود بارزانی بەسەر دەستەڵاتی هەرسێ سەرۆکایەتیی پارلەمان و حکومەت و هەرێم، وەک ڕۆژنامەنووس ڕێبین فەتاح ئاماژەی بۆ کردووە، نەک تەنیا سووکایەتیکردنێکی ترە بە دەستەڵاتە یاسایییەکانی هەرێم، بەڵکوو پاساوە یاسایییەکەش زۆر بێنرخ و بێمانا دەکات، چونکە مەسعود بارزانی جگە لە سەرۆکایەتیی پارتی هیچ سیفەتێکی تری یاسایی لەناو دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا نەماوە. لەبەرئەوەش ئەم شەڕە، گەر ڕێگەی لێنەگیرێت، نە شەڕی هەرێمی کوردستانی ئێراقە، نە شەڕی کوردی باشوورە لە دژی پەکەکە، بەڵکوو تەنیا بەشدارپیێکردنی پارتییە لە شەڕی داسەپێنراوی دەوڵەتی تورکیا لە دژی هەموو دەنگێک و هێزێک کە دەیەوێت لەدەرەوەی هەژمونی تورکیا نوێنەرایەتی پرسی کورد بکات. پارتی لە ئێستادا جگە لەوەی بەتەنیا شەڕی پەکەکەی پێناکرێت، نە لە هاوکێشەی سیاسی و جەماوەری ئێراق، نە لە ناو هەرێمی کوردستانیش حەسوودی بە پێگەکەی نابردرێت. ڕۆڵی پارتی لە هاوکێشە ناوخۆیییەکان و ئێراق و ناوچەکە ڕۆژبەڕۆژ ڕو لە لاوازییە. هێزێکی تەواو پەناگیرکراو و لە قاڵبدراوە و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت، کۆتایی بەو پەناگییریە بێنێت.
دەستبردنی پارتی بۆ کارتی شەڕی ڕاستەوخۆ لە دژی پەکەکە بۆ ئەم مەبەستە، کارێکی هەتا بڵێی مەترسیدارە، بەڵام پێدەچێت کۆتا کارتی پارتی بێت بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخی خراپی پارتی کە لە ئەنجامی داخستنی پارلەمانی کوردستان لە 2015 و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە 2017 تێیکەوتووە. لە دوای داخستنی پارلەمانی کوردستان پارتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیانێکی گەورەی بە خۆی و دەستەڵاتی هەرێم گەیاند و لەبەرچاوی هەموو جیهان خۆی وەکوو هێزێکی ناشەرعی داسەپێنراو وێنەکرد. لە جیاتی بەخۆداچونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، پارتی دەستی بۆ کارتی ڕیفراندۆم برد، بۆ ئەوەی لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرعیەتی نوێنەرایتی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان بەدەست بێنێتەوە، بەڵام ئەم کارتەش پێش ڕاکێشانی سوتێندرا و بە زیانێکی یەکجار گەورە بۆ پارتی و دەسەڵاتی هەرێم کۆتایهات و بووە هۆی بەهێزبوونی نەیارەکانی پارتی لەسەر ئاستی ئێراق و ناوخۆی هەرێم. لە ئێستادا پارتی هێزێکی پەراوێز خراوە، ئەجینداکەی نە لەگەڵ سیاسەتی هاوپەیمانان و ئەمریکا، نەلەگەڵ ئەجیندای ئێران لە ئێراق و ناوچەکە یەک دەگرێتەوە و پێدەچێت جگە لە تورکیا هىچ لایەنێکی تری بەدەست نەمابێت، کە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت، بەڵام پشتگیری تورکیاش بۆ پارتی بێ بەرانبەر و بەخۆرایی نییە، بەڵکوو نرخەکەی پەلکێشکردنی یەکجارەکی پارتییە بۆ ناو بازنەی هێزەکانی سەر بە ئەجیندای تورکیا لە ناوچەکەدا. ئەمەش بێگومان قومارێکی ترسناکە و لەوانەیە زنجیرەی زیانەکانی سیاسەتە هەڵەکانی پارتی، لە داخستنی پەڕڵەمانەوە تا ڕیفراندۆم تەواو بکات و بە پەراوێزخستنی یەکجارەکی پارتی لە پڕۆسەی سیاسی هەرێم و ئێراق کۆتایی بێت.
پارتی لەم شەڕەی بۆ تورکیا تەنیا شتێک کە پێشکەشی تورکیای بکات، زیان گەیاندنە بە ناو و ناوبانگی پرسی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردیی، ناوچەکە و جیهان، کە ئەوەش مەبەستی سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە، گەرنا پارتی لە هەموو لایەک باشتر دەزانن، کە لەم شەڕەیان لە دژی پەکەکە، وەکوو شەڕەکانی تر، سەرکەوتو نابەن و لە کۆتاییدا شکست دەهێنن، چونکە جاڕدانی شەڕ لەگەڵ پەکەکە، واتە شەڕکردنە لەگەڵ شاخەکانی کوردستان، کە قوڵایی ڕەگەکانیان تا ئامەد و ئورفا و عەفرین درێژ دەبێتەوە. سادەییە پێمان وابێت، کە پەکەکە تەنیا چەند هەزار شەڕکەرێکن بە سەر لوتکەی شاخەکانەوە و هیچیان نییە تا لەدەستی بدەن و دەتوانن زۆر بە ئاسانی بار و بارگەیان لە شاخێکەوە بۆ شاخێکی تر بگوازنەوە و گۆڕەپانەکە بۆ پارتی و تورکیا چۆڵ بکەن. ئەوەی پەکەکە بناسێت، دەزانێت کە جگە لەوەی تەنیا یەک بست خاکیش بێ شەڕ بۆ هىچ لایەک جێناهێلێن، بەڵکوو لە کاتی شەڕدا هەموو کارتەکانی تریش دەخەنە گەڕ. پەکەکە جگە لەوەی خاوەنی پەیوەندی فراوانی ناوخۆیی و ناوچەییە، نوێنەرایەتی زۆرێنەی کوردانی باکوور و ڕۆژاواش دەکات و هاوسۆزی و پشتیووانیەکی زۆریش لە ناو کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش و دیاسپۆڕادا هەیە. پەکەکە لە ئێستادا لە باشووری کوردستان لە ڕوی سەربازیەوە هیچی نییە، تا لە دەستی بدات، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بار و بارگەی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، بەڵام پارتی سەرەرای پاراستی شارەکان، دەبێت لەمەودوا شاخەکانیش بپارێزێت، کە ئەمە کارێکە کە تەنیا ڕژێمی سەددامیش بەو هەموو توانا سەربازیەیی هەیبو نەیتوانی بیکات و لە دور مەودا ئەستەمە. بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا لەوانەیە پەکەکە هەموو هەوڵێک بدات شەڕەکە بگوازێتەوە ناو شارەکانی هەرێمی ژێر دەسەڵاتی پارتی و پشێوی لەناو شارەکان درووست بکات و بەمەش تورکیا ناچاری تێوەگلانی بۆ ناو قوڵایی خاکی هەرێم بکات. ڕاکێشانی دەستی بێگانەش بۆ قوڵایی هەرێم کوردستان، نەک تەنیا لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان سیفەتی یاسایی و دەستووریەکەی لە ئێراق بە شێوەیەی فعەلی لەدەست بدات، بەڵکوو ئەگەری ئاژاوە و لێکترازانی سەربازی ناوخۆییش بە هێزتر دەکات، بە تایبەتىش کە لەلایەک بار و گوزەرانی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕو لە خراپ بوونە، لەلایەکی تریش پارتی لەگەڵ زۆربەی هێزەکانی هەرێم لە کێشەدایە. گەر ئێراق و هاوپەیمانان توانیان لە دۆخێکی وادا ڕێگە لە هاتنە ناوەوەی تورکیا بگرن، ئەوە واتا مانەوەی پارتی بە تەنیا لە شەڕەکە، کە دەبێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ پەکەکە و هێزەکانی تری نەیاری پارتی لە هەرێم و ئێراق و بە کۆتایی یەکجارەکی دەسەڵاتی پارتی بەسەر بەشێکی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. ئەگەر حکومەتی ئێراقیش نەیتوانی ڕێگە لە هاتنی تورکیا بگرێت، لەوانەیە پارتی بتوانێت لە کۆتاییدا بە پشتگری تورکیا دەسەڵاتی سەربازی بەسەر ناوچەکانی خۆی قایم بکاتەوە و پاشەکشە بە هێزەکانی پەکەکە بکات بۆ قوڵایی شاخەکان، بەڵام لە ڕوی سیاسی و یاسایی و دەستووری دەبێتە هێزێکی سەر بە دەوڵەتانی دراوسێ و دەرچو لە یاسا نیشتمانییەکان و بە تەواوی دەکەوێتە باوەشی تورکیا و حاڵی لە حاڵی هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی سووریایی سەر بە تورکیا باشتر نابێت. لە باشترین حاڵەتدا مەسعود بارزانی دەبێتە سەرپەرشتیاری بەشێکی ناوچەکانی باکووری ئێراق سەر بە تورکیا، کە تاکە ئەرکی دابینکردنی وزە و پارە و سەربازە بۆ پاوانخوازیەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا. بەمەش چارەنووسی پارتی دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی بێرەحمانەی ئەردۆغان. بۆیە لە بڕی دەستبەردن بۆ ئەم قومارە ترسناکە، باشترە پارتی بە سیاسەتە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە، بچێتە ژێر باری زیانەکانی داخستنی پارلەمان و ڕیفراندۆم و واقیعی تازەی هاوکێشەی هێزی ناوخۆیی هەرێم و ئێراق قبووڵ بکات و سیاسەتی خۆی لەگەڵ ستراتیژی بەهێزکردنەوەی دەوڵەتی ئێراق بگونجێنێت، لە جیاتی قومارکردن بە داهاتوی خۆی و هەرێمی کوردستان. وەکوو فاکتەرێکی هێز لە بوونی پەکەکە لە شاخەکانی هەرێمی کوردستان بروانێت، نەک بەفیرۆدانی هێز و وزە و پارە بۆ وەدەرنانیان، چونکە ئەوە لەدەرەوەی توانای پارتییە. [1]