ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی جوگرافیا لە سەپاندنی دەسەڵاتدا
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
جێگیرکردنی هێزی سەربازی لەنێو ئۆقیانووس و دەریاکاندا، بەڵگەی بوونی پێگە و سەپاندنی دەسەڵاتە لە جیهاندا، چ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری و گواستنەوەی وزە، بەتایبەتی لە تەنگە و گەرووی دەریا و ئوقیانووسەکاندا وەکوو گەرووی هورمز و تەنگەی مەلەکە، چ بۆ دەرهێنانی وزەی بندینی ئەو ڕوبەرە ئاویانەی بوونی وزەی تێدا سەلمێنراوە، چ بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە لە دەست چەتە (قراصنة) و ڕێگرەکان، کە بەردەوام لە کەمیندان بۆ ڕاگرتن و ڕوتانەوەی باری ئەو کەشتیانەی بۆ گواستنەوەی وزە و کاڵا لە ناو ئاودا لە هاتوچۆدان، جگە لەوەی هێزی سەربازی نێو ئاو، بۆ جێگیرکردنی بنکەی هەڵگری فڕۆکەی سەربازیە لە کاتی هاتنەپێشەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا، ئەمەش خۆی لەخۆیدا دەسەڵاتێکی ڕەهایە بەسەر ئەو ناوچە و ڕوبەرەی تیایدا دادەنرێ.
بوونی پێگەی هێزی دەریایی بەڵگەی بوونی دەسەڵاتە، لە ئێستادا چین بەهەموو توانایەکیەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە ئاستی هێزی دەریایی زیاتر لەنێو دەریادا بچەسپێنێ و باڵای بکێشێتە سەر تەواوی خوارووی دەریای چین، وە بۆ ئەوەی ڕوبەری وشکاییەکەی فراوانتر بکاتەوە و بۆ ئەوەی دورگەکانی نێو دەریا وەکوو جوگرافیای چین ئەژمار بکات، لە هەندێ شوێنی نزیک سنووری چین، هەوڵ دەدات بە پڕکردنەوەی دەریا بە لم دورگە درووست بکات تا بەپێی یاسای دەریایی نێودەوڵەتی سنوورە ئاویەکەی ئەو دورگانە ببنە ڕوبەری سەر بە جوگرافیای چین خۆی، بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بە گەڕان بەدوای وزەی ژێر دەریاکە. لە ئێستادا هێشتا ئەمریکا خاوەن دەسەڵاتی یەکەمی هێزی دەریاییە، وەلێ نیگەرانی گەشەکردنی هێزی دەریایی چینە لەو دەڤەرەدا.
تورکیا وەکوو دەوڵەتێکی داماڵڕاو لە مۆڕاڵ و هەست بە لێپرسینەوە، هەمیشە لە خۆئامادەکردنە بۆ داگیرکردن و پەلاماردان، دوای ئەوەی لە ساڵی 1923 دا و لە ڕێکەوتنی لۆزان شەڕی نێوان تورکیا و یۆنان کۆتایهات و سنوورێکی نوێ بۆ دەوڵەتی تورکیا دانرا، دورگەکانی ئەو دەڤەرە بوونە بەشێک لە یۆنان و قوبرس چووە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیاوە، پاش پەنجا و یەک ساڵ لە ساڵی 1974 دا، تورکیا سوپای خۆی پەلکێشی بەشی باکووری قوبڕس کرد، تا ئێستاش تەنیا لەلایەن ئەنقەڕەوە، وەکوو دەوڵەت دانی پێدانراوە.
داگیرکردنی باکووری قوبڕس، تەنیا هێرشی سەربازی و تەنیا داگیرکردن و چوونە نێو سنووری وڵاتێک نییە، لە ئێستادا چەند قوبڕسێک هەن، ڕۆژاوای کوردستان (باکووری سووریا) ، باشووری کوردستان و هەروەها سوپای تورکیا وا لە لیبیا بەناوی بەهاناچوونەوە سوپاکەی لەوێ شەڕ دەکات، جوڵە سەربازیەکانی تورکیا جوڵەی ئاشکران، بەبەرچاوی جاڕی نێونەتەوەیی و هەرچی ناوی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤی جیهانییە.ەیە، ئەنجام دەدرێ، بێ هیچ جۆرە شاردنەوە و شەرمێک، سەرانی حوکمڕانی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا جاڕی گەڕانەوەی موسڵ و کەرکووک دەدەن بۆ سەر جوگرافیای تورکیا، باس لە فراوانکردنی سنووری ئەو وڵاتە دەکرێ بۆ پێش ساڵی 1923، ئەوەی کرۆکی ئەو هەوڵدان و داگیرکردنەشە، جگە لە گەڕانەوەی ناوچەکانی سەردەمی عوسمانی، گەیشتنە بە سەرچاوەکانی وزە، چ لە دەریای سپی ناوەڕاست، چ لە کەرکووک و موسڵ.
تورکیا، بەپەلاماردانی وڵاتانی دەوروپشتی خۆی ناوەستێ، بەپێی لێدوانێک، گوایە [داوای لێکراوە، لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە، لە کەنارەکانی سۆماڵیا بەدوای چاڵە نەوت و گاز لەنێو ئۆقیانووسدا بگەڕێ]، لەهەر شوێنێکیش سوپای تورکیا پێگەی خۆی داچەقاند ئیتر هەڵکەندن و درچوونی ئاسان نییە، جگە لەوەی سوپای تورکیا ڕاهێنان بە سەربازی سۆماڵی دەکات وەکوو ئامادەکاریەک بۆ هەر دژایەتیکردنێکی ئیقلیمی بەرانبەر بە سۆماڵ، ئەم داواکردنەی سۆماڵیش بۆ تورکیا ئەرێنییە.و هەنگاوەکانی وەکوو چوونەپێشە بەرەو لیبیا.
ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستیش، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی لەدوای دڵنیابوون لە بوونی گازی سرووشتی تیایدا، ئەگەرچی ئەو دەڤەرە گۆڕەپانی کۆمەڵێ کێشە و پێکدادانە، لەوانە شەڕی سووریا کە سەرەتاکەی بەهۆی کێبڕکێی تێپەڕینی گازی سعودیە و ئێرانەوە بە نێو خاکی سووریادا دەستی پێ کرد، کێشەی قوبڕس، هەروەها نائارامی هەمیشەیی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، هەموو پێکەوە کاردانەوەیان لەسەر ناسەقامگیری و تێکدانی ئاساییشی ناوچەکە هەیە، گەمەی تورکیاش لەنێو ئەو هەموو پێکدادانەدا، گەمەیەکە بۆ قۆڕخکردنی وزە و تێکدانی ڕێکەوتنەکانی نێوان وڵاتانی کەنار دەریای سپی ناوەڕاست.
دۆزینەوەی گاز لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕواستدا، گۆڕانێکی ئەوەندە گەورە دەخوڵقێنێ، کە دووبارە کارتەکانی هاوپەیمانێتی و دژایەتی تێکەڵ دەکاتەوە، هەنگاوەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە بڕیارەکاندا تورکیا خراوەتە دەرەوەی کەوانەکەوە، دۆخێک دێنێتە کایەوە، کە ئیسرائیل، یۆنان و قوبڕس بتوانن پێکەوە گرێبەستی بەرهەمهێنانی پیشەسازی وزە مۆر بکەن و لە جیاتی هاوردەکردنی وزە، ببنە سەرچاوەی هەناردەی وزە بەرەو دەرەوە، جیا لەوەی یۆنان خاوەن گازێکی زۆری حەشاردراوی ژێر ئاوە، کە دەستکاری کردنی هێشتا دواخراوە.
لە کۆتایی ساڵی 2019 دا، لیبیا و تورکیا گرێبەستێکی سەربەخۆیان مۆرکرد، کە مەودا ئاویەکەی نێوان خۆیان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە پێ دەکەن و لەسەر دابەشکردنی ئەو مەودا ئاویەش کە کەنارەکانی دەریاچەی ئیجە دەگرێتەوە، بەرنامەی تایبەتیان داڕشتووە، بێگومان تورکیا هەمیشە ڕۆڵی تێکدان و گێرەشێوێنی و دوبەرەکی دەبینێ، یەکێک لە ڕۆڵە تێکدەرەکانی بۆ ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ لیبیا، تێکدانی پڕۆژەی ( لولەی گازی دەریای ناوەڕاست) ە، کە تورکیا تیایدا بەشدار نییە.
پڕۆژەی (لولەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست) ئەو پڕۆژەیەیە کە وڵاتانی ئیسرائیل، یۆنان و قوبڕس بۆ گوازتنەوەی گاز لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا، لەسەری ڕێکەوتوون، ئەم لولەی گازە لە بندینی ئاوەوە ڕادەکێشرێت و بڕیارە 2025 پڕۆژەکە تەواو بکرێ، لێرەدا تورکیا خرایە دەرەوەی بازنەکە، بەڵام گەمەکەی وەکوو فاکتەرێکی تێکدەر هەر بەردەوامە.
ڕێژەی بەکاربردن و پێداویستی گاز لە تورکیادا لە ماوەی ئەم دەساڵەی دواییدا، بەڕێژەی 50٪ زۆرتر بووە لەچاو پێشتر، ساڵی 2017 نزیکەی 51، 7 ملیار مەتر سێجا گازی کڕیوە، زۆرترین ڕێژەی لە ڕووسیا و ئازربایجان و ئێرانەوە هاوردە کردووە، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو تێچووە لەلایەکەوە، لەلایەکیترەوە بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی خۆی لەنێو دەریادا و ڕکابەریکردنی ئەو پرۆژانەی تورکیای تێدا نییە.لە دەریای ناوەڕاستدا، لە نۆڤەمبەری ساڵی 2019 دا تورکیا و لیبیا گرێبەستێکیان لەسەر سنووری مەودای ئاوی دەریای ناوەڕاستدا مۆر کرد، ئەو سنوورە دیاریکراوە ئەو سنوورە دەگرێتەوە، کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مەوداکانی ئاو، سەر بە سنووری شەرعی یۆنانن، بێگومان تورکیا وەکوو دەسکەلایەکی ڕووسیا دژایەتی ئەو پرۆژانە دەکات، لەلایەکەوە لەبەر کەمکردنەوەی ڕەواجی خۆیەتی لەو دەڤەرە، لەلایەکیترەوە ئەو پرۆژانە دەبنە ڕکابەری گازی ڕووسیا.
ڕۆڵی کورد لەو جوگرافیایەدا؟
جوگرافیای باشووری کوردستان، جوگرافیایەکی سەختە، ناکۆکیشی لەگەڵ باکوور و ڕۆژاوا ئەگەر تا ئێستا لە زەرەری خۆی و قازانجی تورکیا بووبێ، لە ئێستا بەدواوە، زەرەری خۆی و وڵاتانی ڕۆژاوایە. دەمێکە نازی جیۆستراتیژی تورکیا، بارە بەسەر وڵاتانی ڕۆژاواوە، هەوڵدانی یەکخستنی یەکێتی و پارتی لە نەدەوەکاندا بە ناوەندگیری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، یا هەوڵدانی ئێستای بۆ یەکخستن و ڕێکەوتنی باشوور و ئەنەکەسە، مەودای دوورتری لێکدانەوەی هەیە، لەچاو ئەو کوورت بینییە. ئێستای ئێمە، سنووری دەریا ستراتیژە، دەسەڵاتە، هەیمەنەیە، واڵاکردنەوەی ڕێگایە بۆ کوژانەوەی ڕکابەر، کە لە ئێستادا ڕووسیایە، بۆ پەیوەندی بازرگانی و گوازتنەوەی وزە. وەلێ بەرانبەرگرتنی ڕووسیا لەلایەن ڕۆژاواوە، بە بوونی یەدەگێکی وەکوو تورکیا ئاسان نییە، بەتایبەتی بەبوونی ئەو تایبەتمەندییەی تورکیا هەیەتی چ لە پێکهێنانی گرووپی تیڕۆرستی جۆراوجۆردا، چ لە ئەمبەر و ئەوبەرکردنێکی بێ مۆڕاڵی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و لەو پەت پەتێنەی ئەمڕۆ دەیکات.
کورد ئەمڕۆ لەسەر نەخشەی پلانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فاکتە، وەلێ لە باشووردا کورد لەسەر نەخشەی حوکمڕانیدا، حوکمڕانییە.ی دیکتاتۆر و دۆڕاوە، لەسەر نەخشەی ئابووریدا نەزانە، لە قۆرخکردنی سامانی مرۆییدا تاوانبارە، لە پەیرەوکردنی ڕێوشوێنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانکردنەوەدا تا ئەو پەڕی چەق بەستووە، لە سیاسەتی دەرەوەدا لاواز و کەم ئەزموونە، هۆکاری هەموویشی نەبوونی سەرکردەیەکە، بە کۆی هەموو ئەو سیفەتانەی، ئەمڕۆی کورد دەیخوازێ.
بەرنامەی هاوبەش بۆ گەیشتنە سەر کەناری دەریا سەنگی مەحەکە، دەرچوون لەو جوگرافیا سەختە بێ دەروازەی دەریایە، پسولەیەکی ڕەهایە بەرەو واڵاکردنی دەسەڵات و سەلماندنی پێگە، لە هەمووی گرنگتر داڕمانی بەشێک لە هەیکەلی ستراتیژیەتی تورکیا و بوونە ئەڵتەرناتیڤیەتی، ئەگەر پرسی کورد وەکوو پرس، نەک وەکوو پەرستنی کورسی مامەڵە بکرێ. [1]