ناونیشانی بابەت: ڕەخنەی ڕاستەقینە
ئامادەکردن: #حەمە سەعید حەسەن#
لە عەوام وایە دوو جۆر ڕەخنە هەیە، بنیاتنەر و ڕووخێنەر، ڕاستییەکەی ئەم تێزە لە سەردەمی بەعسدا برەوی پەیدا کرد، هەر ڕەخنەیەکیان پەسەند نەکردبا، دەیانوت ڕووخێنەرە، ڕەخنەیەکیش ستایشی کردبان، دەیانوت بنیاتنەرە. ڕەخنە کە بە مانای هەڵسەنگاندن دێت، دۆخێکی پۆزەتیڤە، ڕەخنەیەکی باشی لە ڕۆمانەکەی گرتووە، بەو مانایە دێت، هەڵسەنگاندنێکی جوانی بۆ کردووە. ڕەخنەی ئەدەبی بایەخدانە بە بەرهەمی ئەدەبی و ناساندنی بەرهەمە ئەدەبییەکەیە، دوور و نزیک، کەم و زۆر قسە لەسەر نووسەری کارە ئەدەبییەکە ناکات، ئاخر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەقە ئەدەبییەکەدا، دەزووی کۆلارەی دەقەکە لە دەستی ئەدیبەکە بەر دەبێت. ڕەخنەگر کە بەرهەمێکی ئەدەبی بەسەر دەکاتەوە، بەوە بایەخی پێ دەدات و ڕێزی لێ دەگرێت، ئەوە بەهەند وەرنەگرتنە، ئەگەر ڕەخنە ئاوڕ لە بەرهەمێک نەداتەوە.
گۆران سەباح لە پەڕتووکی: (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین) دا، بە شێوازێکی نوێ خوێندنەوە بۆ ڕۆمان دەکات، شێوازێک نە خوێنەری کورد پێی ڕاهاتووە، نە نووسەری کورد پێی ئاشنایە، شێوازێک کە پڕ بە مانای وشەکە، ڕچەشکاندنە. شێوازێک لەگەڵ پاشخانی فیکریی ئەوانەدا ناگونجێت کە هیچ پردێک نایانبەستێتەوە بە بزاڤی ڕۆشنبیریی دنیاوە. لایەنێکی گەشی هەوڵی ئەوەیە، وەک هەر نووسەرێک کە هەست بە بەرپرسیاری بکات، ڕووی دەمی لە خوێنەری هۆشیارە، ئەوەی بەلاوە گرنگ نییە، نووسەران بە گەرمی پێشوازی لە ئیشەکانی دەکەن، یان نا. گۆران سەباح دەرکی بەوە کردووە، بزاڤی ئەدەبیمان لە بازنەیەکدا گیری خواردووە و خەریکی پاتەکردنەوەی خۆیەتی، بۆیە بۆ ئەوە دەنووسێت گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوەماندا بکات.
گۆران سەباح لەو بوارەدا کاری تێدا دەکات، خوێندوویەتی، خوێندنی باڵا، بەڵام لە خوێندن گرنگتر ئەوەیە، ئەوەندە پەرۆشی ئەو بوارەیە کە تێیدا چالاکە، هەر دەڵێیت شەیدای بووە، هەر ئەم هۆکارەیشە وای کردووە، بە جێپەنجەیدا ئیشەکانی دەناسرێنەوە. داهێنان ئەوەیە بەرهەمت لە هی ئەوانی دیکە جیاواز بێت، ئەو جیاوازییە کاتێک پەیدا دەبێت، وا بپەیڤیت پێش تۆ کەس وا قسەی نەکردبێت. بە پەڕتووکی (چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین) ەوە، ئەو تایبەتمەندییەی گۆران سەباح بە ئاسانی هەستی پێ دەکرێت.
گۆران سەباح وەک شارەزایەکی بواری ڕێبازە ڕەخنەیییەکان، لەبەر تیشکی گەلێک لەو ڕێبازانەدا، لێکدانەوەی بۆ چەند ڕۆمانێک کردووە، لەوانە: ئەلفیای ڕەزا عەلیپوور، کچانی دووکەڵ و ئاگری ئاڤە هوما، میرنامەی جان دۆست، داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی و ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرمی ئارام محەمەد. جێی سەرنجە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ (مرۆڤی هەرزان) یش کردووە کە خۆی نووسیویەتی. گۆران سەباح لەبارەی (داگیرکردنی تاریکی) ی بەختیار عەلییەوە دەنووسێت: بەم کەموکووڕییانەی ئێستایەوە، هیچ وەشانخانەیەکی پرۆفیشناڵی بیانی چاپی ناکات. توێژەرەوە نیشانەی پێکاوە کە بەو نووسەرەی گوتووە: درێژدادڕی هونەر نییە، کوورتبڕی هەوە، ئاخر درێژداڕی خەوشی گەورەی بەختیار عەلییە.
گۆران سەباح هەر قسەی لەسەر پلۆت و دایەلۆگ و چیرۆکخوان نەکردووە، تەنانەت ڕێنووس و ڕێزمان و خاڵبەندییشی فەرامۆش نەکردووە و کە بە پشتبەستن بە قوتابخانە ڕەخنەییەکانی وەک بوونیادگەری، دەروونشیکاری، فێمینیزم و مارکسیزم، ڕۆمانەکانی هەڵسەنگاندووە، پرسگەلی نوێی ورووژاندووە و قسەی تایبەت بە خۆی کردووە. گۆران سەباح بە نووسەرێکی هەقبێژ دەزانم، نووسەرێک بوێرانە سەنگەری لە سەقەتنووسان گرتووە و سەرقاڵی ئەوەیە، جێ بە ڕەخنەی مارانە لێژ بکات و بناغەیەکی پتەو بۆ ڕەخنەی ڕاستەقینە دابنێت. [1]