بە وتەی بەڕێوەبەرانی بەنداوەکانی #دەربەندیخان# و #دووکان# ئەمساڵ 2023 دۆخی گلدراوەی ئاو لە بەنداوەکانیان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا لە دۆخێکی باشتردایە، بە جۆرێک لە بەنداوی دەربەندیخان %63 بەنداوەکە ئاوی تێدایە لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو لە %42 ئاوی تێدابووە، هاوکات لە بەنداوی دووکانیش 43 سانتیمەر زیاتر ئاو لە ساڵی ڕابردوو گلدراوەتەوە.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند: لە ئێستادا ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە بریتییە لە %63ی کۆی گشتی توانای بەنداوەکە و تەنیا حەوت مەتر ماوە بۆ سەر ڕێژبوونی بەنداوەکە لە کاتێکدا لە ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا تەنیا لە %42 ئاو گلدرابوویەوە، لە سەرچاوەکانی ئاوی ئێرانەوە ئێستاش بڕێک ئاو دێتە بەنداوی دەربەندیخان، بەڵام بەهۆی کۆتایی هاتنی وەرزی دابارین پێناچێت ئەو بڕە ئاوە بەردەوامی هەبێت بۆ بەردانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەرنامە و پلانی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق، هەرکات داوای بڕێکی زیاتر ئاومان لێبکرێت ئێمە سەیری توانای خۆمان دەکەین. بە گوێرەی ئەو پلانەی دای دەڕێژین ئاو بەردەدەینەوە. لە ڕووی کاری کشتوکاڵییەوە ئەمساڵ 2023 لە ساڵی ڕابردوو باشتر دەبێت.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان ڕایگەیاند: لە ئێستادا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا 43 سانتیمەر ئاوی زیاتر لە بەنداوی دوکان گلدراوەتەوە، هەروەها ئاستی ئاوی بەنداوەکە تاڕادەیەک جێگیرە نە کەم دەکات نە زیاد دەکات بەگشتی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دۆخی ئاو لە بەنداوی دووکان باشترە. [1]